بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە #ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ#، لە ڕۆژانی ڕابردوودا چوار پێشمەرگەی حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی موحسین مەعرووفی خەڵکی #مەهاباد#، پژمان فاتیحی خەڵکی کامێران، هەژیر فەرامەرزی خەڵکی #دێولان# و وەفا ئازەربار خەڵکی #بۆکان# لە ناوچەی سۆمای برادۆستی ئورمیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە دیل گیراون.
حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران شەوی یەکشەممە 2ی گەلاوێژی 2722 (24ی جولای 2022) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە چەندین ئەندامی ئەو حیزبە لە ناوچەی سۆمای برادۆستی ئورمیە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
بەگوێرەی ئەو ڕاگەیەندراوە ''ئەم گرووپە پێشمەرگەیە لە ئەنجامی چالاکییەکی سیاسی و ڕێکخستنی لە ناوچەی سۆمای ئورمیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون''.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەیەک بە شوێن و هەروەها ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی کە دەستبەسەر کراون نەدراوە، بەڵام وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران چەند ڕۆژ پێش ڕایگەیاند کە گرووپێکی 10 کەسییان لەو ناوچەیە دەستبەسەر کردووە.
هەنگاو بۆ ئەو هەواڵە بەدواداچوونی کردووە و تەنیا دەستبەسەرکرانی 4 پێشمەرگە پشتڕاست دەکاتەوە و بانگەشەی دەستبەسەرکرانی 10 کەس لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بە درۆ دەخاتەوە و دوورە لە ڕاستی.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە سەرنجدان بە هەڵسوکەوتی ناوەندە ئەمنییەکان لەگەڵ بەندکراوانی سیاسی کورد بەتایبەت پێشمەرگەی حیزبە کوردستان نیگەرانی خۆی بە نیسبەت ئەگەری ئەشکەنجە و خستنە ژێر گوشاری دەروونی بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەو کەسانە دەردەبڕێت و داوا دەکات کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سەرنجی زیاتر بخەنە سەر ئەم دۆسیەیە. [1]