یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2022، واتا یاسای چەک لە هەرێمی کوردستان، 28ی نیسانی ئەمساڵ لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاو کراوەتەوە و ئێستا کەوتووەتە واری جێبەجێکردن. لە یاساکەدا مەرج و ڕێکاری نوێ بۆ هەڵگرتنی چەک داندراون و پێدانی مۆڵەتیش گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.
لەم نووسینەدا ئەوەی دەربارەی ڕێکارە نوێکان و مۆڵەتەکان لەم یاسایەدا پێویست بێت، ڕوونی دەکەینەوە.
- هاوردەکردنی چەکی جەنگی
بەپێی پێناسەکانی یاساکە، لە خاڵی شەشەمی ماددەی یەکەم، چەکی جەنگی بریتییە لە چەکی جەنگیی بەکارهێنراو لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و چەکی ئاگرین ناگرێتەوە کە پێک دێت لە تفەنگ و دەمانچە و ئالی ڕێژنەکار کە قەبارەی فیشەکی لە (7.62 39) ملم زیاتر نەبێت.
بۆیە بەپێی ماددەی 2، خاڵی یەکەمی ئەم یاسایە، هاوردەکردن، یان هەناردەکردن، دەستداری و ژێردەستبوون، هەڵگرتن، دروستکردن، چاککردنەوە، گواستنەوە، ڕادەستکردن، وەرگرتن، یان بازرگانی پێوەکردنی چەکی جەنگی، تفاق و پارچەکانی، تەنها بە ڕێگەپێدانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە بۆ پێداویستیی دەزگاکانیان دەبێت.
- جۆرەکانی مۆڵەتی چەک و ڕەسمی مۆڵەتدان
بەپێی ئەم یاسایە، دەستداری و هەڵگرتن و کڕین و فرۆشتن و چاککردنەوە و کردنەوەی شوێنی کڕین و فرۆشتن، پێویستییان بە مۆڵەت هەیە. بۆیە لەم یاسایەدا چەند جۆرێک مۆڵەت هاتوون، وەک لە ماددەی 4دا مۆڵەتەکانی ژماردووە:
1- مۆڵەتی دەستداریی چەکی ئاگرین و تفاقی، (140 هەزار دینار بۆ پێدان)، (120 هەزار دینار بۆ نوێکردنەوە).
2- مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکی ئاگرین و تفاقی، (140 هەزار دینار بۆ پێدان)، (120 هەزار دینار بۆ نوێکردنەوە).
3- مۆڵەتی چاککردنەوەی چەکی ئاگرین، (پێدان و نوێکردنەوە دوو ملیۆن دینار).
4- مۆڵەتی کردنەوەی شوێنی کڕین و فرۆشتنی چەکی ئاگرین و تفاقی، (شەش ملیۆن دینار بۆ پێدان و نوێکردنەوەی مۆڵەت).
5- ڕێپێدانی چەکی هێمایی، ئەو چەکەی بەبێ تفاق، بۆ جوانی و یادگاری، یان وەک سیمبول هەڵدەگیرێت لە نێوانیاندا چەکی وەقفکراو، یان ئەوانەی لە شوێنە پیرۆزەکان و مۆزەخانە گشتییەکان، یان تایبەتەکان هەڵدەگیرێن. (50 هەزار دینار).
بۆ هەر داواکارییەکیش وەک ڕەسمی کارگێڕی 25 هەزار دینار وەردەگیرێت.
لە یاساکەدا دەق کراوە لەسەر ئەوەی ئەو مۆڵەتانەی سەرەوە تەنیا ئەو کەسە دەتوانێت بەکاریان بهێنێت کە بە ناوییەوە دەرچوونە و سەرجەم مۆڵەتەکانیش ساڵانە نوێ دەکرێنەوە جگە لە مۆڵەتی دەستداریی چەکی ئاگرین و تفاقی نەبێت کە دوو ساڵە.
- مەرجەکانی وەرگرتنی مۆڵەت
ماددەی پێنجی یاسای چەک، حەوت مەرجی سەرەکیی دەقنووس کردوون کە دەبێت لە کەسی داواکاری مۆڵەتدا هەبن:
1- عێراقی بێت و دانیشتووی هەرێمی کوردستان بێت.
2- تەمەنی لە 21 ساڵ کەمتر نەبێت.
3- ڕەوشتی چاک و ناوبانگ و ڕەفتاری باش بێت.
4- بە جینایەتێکی نا سیاسی، یان کەتنێکی ئابڕووبەر حوکم نەدرابێت.
5- لەڕووی جەستەیی و عەقڵی و دەروونییەوە شیاوی دەستداری و هەڵگرتنی چەک بێت، ئەمەش بە ڕاپۆرتێک لەلایەن لیژنەیەکی پزیشکیی فەرمییەوە پشت ڕاست دەکرێتەوە.
6- تاقیکردنەوەیەک کە دەسەڵاتی مۆڵەتدان دیاری دەکات.
7- چەکەکەی بە شێوەیەکی ڕەوا دەست خستبێت و پاساوێکی ڕەوای بۆ دەستداری و هەڵگرتنی چەک هەبێت.
- وەرگرتنی دوو مۆڵەت:
بەپێی ماددەی پێنج، بڕگەی سێ، دەسەڵاتی مۆڵەتدان دەتوانێت هەردوو مۆڵەتی دەستداری و هەڵگرتنی دەمانچە و تفەنگ بداتە یەک کەس.
- هەڵوەشانەوەی مۆڵەتی چەکی ئاگرین
بەپێی ماددەی شەش، مۆڵەتی چەکی ئاگرین لەم بارانەدا بە هەڵوەشاوە دادەندرێت:
1- مردنی خاوەن مۆڵەت.
2- لەدەستدانی یەکێک لە مەرجەکانی سەرەوە.
3- دەرچوونی بڕیارێک لە دادگای تایبەتمەند بە دەستبەسەرداگرتنی چەکە ئاگرینەکە.
4- دەرچوونی چەکە ئاگرینەکە و تفاقەکەی لە دەستداریی کەسی مۆڵەتدراو بۆ کەسێکی دیکەی مۆڵەتدراو.
- ئەو کەسانەی پێویستیان بە مۆڵەت نییە
ماددەی حەوت، لەم یاسایە کۆمەڵێک کەسی بەدەر کردووە لە وەرگرتنی مۆڵەت و دوای خانەنشینکردنیشیان مافی دەستداریی چەکیان دەمێنێت. لەوانە:
1- سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگرەکانی.
2- سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی و سکرتێر و ئەندامانی پەرلەمان.
3- سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەکەی و وەزیرەکان و ئەوانەی لە پلەی وەزیردان.
4- سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی و لێکۆڵەرە دادوەرییەکان.
5- ئەندامانی هەردوو نێردەی دیپلۆماسی و کونسوڵگەری، ئەوانەی کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بەپێی یاسای مامەڵەی هاوشێوە.
6- فەرمانبەری پلە تایبەت و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان.
7- ئەفسەر و کارمەندی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ئەفسەر و پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگە، لە کاتی ئەرک و فەرماندا دەتوانن چەکی ئاگرین و تفاق دەستدار بکەن، یان هەڵبگرن، دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکانیان دەبێت چەکەکانیان ڕادەستی شوێنی هەڵگرتنیان بکەن.
سزاکان:
- سزای قاچاخیکردن بە چەک
بەپێی ماددەی 13، خاڵی یەکەم: هەر کەسێک قاچاخچیەتی بە چەکی ئاگرین، تفاق، یان پارچەکانی بکات، دروستی بکات، یان بەبێ مۆڵەت بازرگانیی پێوە بکات، ئەوا بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک، کە لە 10 ساڵ زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.
- توندکردنی سزای قاچاخچی
بەڵام سزاکەی توندتر دەبێت ئەگەر هەر کەسێک قاچاخچیەتی بە چەکی جەنگی، تفاق، یان پارچەکانی بکات، یان دروستی بکات و بازرگانیی پێوە بکات، ئەوا بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک لە 10 ساڵ کەمتر نەبێت، سزا دەدرێت.
ئەگەر مەبەست لە قاچاخچیەتیکردن لەو دوو حاڵەتانەی سەرەوە بۆ کارێکی تیرۆریستی بوو، سزاکەی دەبێتە زیندانیکردنی تاهەتایی، یان لەسێدارەدان.
- تاوانکردن و مامەڵەکردن بە چەکی بێدەنگ
چەکی بێدەنگ بە هەموو شێوەیەک لە کوردستان قەدەغە و ڕێگەپێنەدراوە، ماددەی دووەم، خاڵی دووەم و ماددەی 13، خاڵی چوارەم دەقیان کردووە لەسەر ئەو قەدەغەبوونەی چەکی بێدەنگ.
وەک خاڵی چوارەمی ماددەی 13 ئاماژەی بۆ کردووە، ئەگەر کەسێک تاوانی کوشتن بە چەکی بێدەنگ ئەنجام بدات، بە لەسێدارەدان سزا دەدرێت.
هەروەها هەر کەسێک هاوردەکردن، دەستداری، ژێردەستەبوون، هەڵگرتن، دروستکردن، چاککردنەوە، فرۆشتن، گواستنەوە، ڕادەستکردن، وەرگرتن، یان بازرگانی پێوەکردنی چەکی بێدەنگ، تفاق یان پارچەکانی بکات، بە زیندانیکردنی تاهەتایی سزا دەدرێت.
- سزای دەستداری و کڕین و فڕۆشتنی چەک بەبێ مۆڵەت
بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددەی 15، هەر کەسێک بەبێ مۆڵەتی دەسەڵاتی مۆڵەتدان، دەستداریی چەکێکی ئاگرین، یان تفاقی بکات، هەڵیبگرێت، بیفرۆشێت، چاکی بکاتەوە، یان دەستاودەستی پێوە بکات، ئەوا بە بەندکردن بۆ ماوەیەک لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت و بە پێبژاردنێک کە لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 5 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت سزا دەدرێت.
- بەکارهێنانی چەک لە کاتی خۆپێشانداندا
پێدانی مۆڵەتی چەک، مەبەست لێی بۆ ئەوە نییە کەسەکە تاوان بکات، بەڵکوو بۆ بەرگریکردنە لە خۆ، بۆیە بەپێی بڕگەی دووەمی ماددەی 15، هەرکەسێک مۆڵەتدراو بێت بە هەڵگرتنی چەکی ئاگرین و لە کاتی بەشداریکردنی لە خۆپێشاندان، یان گردبوونەوە هەڵی گرتبێت، بە بەندکردن سزا دەدرێت، کە لە سێ ساڵ کەمتر نەبێت و پێبژاردن کە لە 5 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 10 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت. سزاکە دەبێتە زیندانیکردن کە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت ئەگەر ئەو چەکەی لە کاتی خۆپێشانداندا هەڵگیراوە، بێ مۆڵەت بێت.
- سزاکانی پەیوەست بە نوێکردنەوەی مۆڵەت
مۆڵەت تاهەتایی نییە و دەبێت نوێ بکرێتەوە، بۆیە نوێنەکردنەوەی مۆڵەت سزای ماددی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هەروەک لە ماددەی 16 بڕگەی یەکەم دەقی کردووە:
1- ئەگەر مۆڵەتدراو داواکاریی نوێکردنەوەی مۆڵەتی دەستداری، یان هەڵگرتنی چەکەکەی لە ماوەی 30 ڕۆژ بەر لە ڕێکەوتی بەسەرچوونی بەبێ پاساوێکی ڕەوا پیشکەش بە دەسەڵاتی مۆڵەتدان نەکرد، بە پێبژاردنی 300 هەزار دینار سزا دەدرێت و سەرباری لێوەرگرتنەوەی مۆڵەتەکەی، جارێکی دیکە مۆڵەتی پێ نادرێتەوە.
2- ئەگەر مۆڵەتدراو بە چاککردنەوەی چەکی ئاگرین، لە ماوەی 30 ڕۆژ بەر لە تەواوبوونی مۆڵەتەکەی، داواکاریی نوێکردنەوەی پێشکەش نەکرد، بە پێبژاردنی 750 هەزار دینار سزا دەدرێت و تا بەسەرچوونی کاتی مۆڵەتەکە، شوێنەکەی دادەخرێت و تا سێ مانگ ڕێگەی پێ نادرێت کار بکات، ئەگەر لە سەرپێچییەکەی بەردەوام بوو و هەر داواکارییەکەی پێشکەش نەکرد، بە شێوەیەکی هەمیشەیی، شوێنی کارەکەی دادەخرێت و مۆڵەتەکەیشی بە هەڵوەشاوە دادەندرێت.
3- ئەگەر مۆڵەتدراو بە کردنەوەی شوێنی کڕین و فرۆشتنی چەک، 30 ڕۆژ بەر لە تەواوبوونی مۆڵەت، داواکاریی نوێکردنەوەی پێشکەش نەکرد، بە یەک ملیۆن دینار پێبژاردن سزا دەدرێت و تا ڕێکەوتنی بەسەرچوونی مۆڵەت بەردەوام بوو لە پێشکەشنەکردنی داواکاری، سێ مانگ شوێنەکەی دادەخرێت و لەو ماوەیەش سەرپێچییەکەی بەردەوام بوو، شوێنی کارەکەی بە هەمیشەیی دادەخرێت و مۆڵەتەکەشی بە هەڵوەشاوە دادەندرێت، ئەو چەکانەش کە لە شوێنەکەدان و موڵکی خاوەن مۆڵەتن، دەستیان بەسەردا دەگیرێت، ئەو چەکانەش کە موڵکی کەسانی دیکەن، ئەگەر مۆڵەتدراو بوون، ڕادەستی خاوەنەکانیان دەکرێنەوە، ئەگەر مۆڵەتیان نەبوو، بە زیادکردنی ئاشکرا لەلایەن دەسەڵاتی مۆڵەتدانەوە دەفرۆشرێن.
- سەرپێچیکردنی حوکمەکانی دیکە
ماددەی 17 دەقی کردووە لەسەر ئەوەی هەر کەسێک جگە لە حوکمەکانی ماددەکانی 13 و 15 و 16، سەرپێچیی حوکمەکانی دیکەی ئەم یاسایە بکات، بە بەندکردن و پێبژاردن کە لە 250 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە 500 هەزار دینار زیاتر نەبێت، یان بە یەکێک لەم دوو سزایە سزا دەدرێت. [1]
پارێزەر #بەشار عەزیز#
#29-07-2022#