''داواکارین ڕۆژی #ئەنفال#کردنی هەشت هەزار #بارزانی# ببێتە هەوێنی یەکدەنگی و یەکهەڵوێستیی لایەنە سیاسییەکان''
ڕژێمی بەعسی ڕووخاو، هەشت هەزار ڕۆڵەی بارزانی، لە ڕۆژی 31ی 7ی 1983، ئەنفال کرد، لەو ژمارەیەدا تا ئێستا 696 ڕوفاتی ئەنفالکراوان گەڕێنراونەتەوە، کە ساڵی 2005 ڕوفاتی 503 ئەنفالکراو، ساڵی 2014 ڕوفاتی 93 ئەنفالکراو، ئەمساڵیش ڕوفاتی 100 ئەنفالکراو گەڕێندرانەوە زێدی بارزان.
لەم ڕۆژ و یادە خەمناکەدا، لەسەر گۆڕستانی تایبەت بە ئەنفالکراوان لە بارزان، (باسنیوز) ئەم دیدارەی لەگەڵ واجیدا عەلی عارف، هاوژینی ئەنفالکراوێکی بارزانی ساز دا و بەم شێوەیە کارەساتی ئەنفالکراوانی بارزانی بۆ گێڕاینەوە.
(باسنیوز): چەند کەس لە خزم و کەسوکارت ئەنفال کراون؟
واجیدا عەلی عارف: ڕۆژی 31ی تەمووزی ساڵی 1983، کاتێ ڕژێمی بەعس هەڵیکوتایە سەر ماڵەکەمان لە دەشتی #هەولێر#، ئێمە خەریکی کار و کەسابەتی خۆمان بووین، برا و هاوسەر و کەسوکارەکانمان کاریان دەکرد و بژێویان بۆ ماڵ و منداڵەکانیان دابین دەکرد، بەڵام ئەوانیان لەناو ماڵەکانمان و لەبەرچاوی ئێمە برد، ئەوانیان بە جلوبەرگی کارەوە ڕاپێچ کرد و سواری زیلی سەربازییان کردن، تەنانەت نەیانهێشت تا بەردەرگەی حەوشەشیان لەگەڵ بڕۆین و نەیانهێشت بۆشیان بگریێین و نازانین بۆ کوێیان بردن.
لەناو خێزان و کەسوکارەکەمدا 7 کەس ئەنفال کران، کە جگە لە هاوژینەکەم، 14 کەس لە خزم و کەسوکاری هاوژینەکەشم ئەنفال کران، بەگشتی لەناو کەسوکاری من و هاوژینەکەم نزیکەی 30 کەس ئەنفال کران.
(باسنیوز): ئێوە وەک کەسوکاری ئەنفالکراوان چ داوا و داخوازییەکتان هەیە؟
واجیدا عەلی عارف: داواکرایی ئێمە ئەوەیە ڕۆژی ئەنفالکردنی هەشت هەزار بارزانی ببێتە هەوێنی یەکدەنگی و یەکهەڵوێستیی لایەنە سیاسییەکان، بۆ ئەوەی کوردستان لەم قۆناغەدا سەربکەوێ و جارێکی دیکە پرۆسەی ئەنفال لەسەر کورد دووبارە نەکرێتەوە، ئێمە جارێک مردین، نامانەوێ جارێکی دیکە بمرین، هەموو ڕۆژێک بۆ من یادی ئەو ئەنفالکراوانەیە، پێویستە ئەم ڕۆژە بۆ هەموو لایەک گرنگ بێ و هەموو کەس و لایەن و حکوومەت ئەم ڕۆژە بە ڕۆژێکی خەمناک و کارەساتبار بزانن و ڕێگا نەدەن جارێکی دیکە دایکان جەرگیان بسووتێ و منداڵەکان چاوەڕوانی گەڕانەوەی باوکانیان بن و بووک چاوەڕوان و تەماداری زاوا بن. ئەمڕۆی ئازادی کە بە خوێن و فرمێسکی شەهیدان و کەسوکاریان هاتووەتە دی، دەخوازێ ئێمە باشتر تەماشای ئەو کارەساتانە بکەین کە بەسەر گەلەکەماندا هاتووە، پێویستە هەموومان پێکەوە و یەکدەست بین بۆ سەرخستنی ئەم قۆناغە و پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بین، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ڕووبەڕووی ئەنفال نەبینەوە.
(باسنیوز): 39 ساڵی ڕابردوو ئێوە چۆن ژیان و چۆنتان منداڵەکانی خۆتان پەروەردە کرد؟
واجیدا عەلی عارف: 39 ساڵ ئێمە بووین بە دایک و باوک بۆ منداڵەکانمان، توانیمان منداڵەکانمان پەروەردە بکەین و پێ بگەیەنین و نەهێڵین هیچ کەموکوڕییەکیان هەبێ، ئەوانەی دەیانخوێند ڕێگامان بۆ خۆشکردن کە بخوێنن، ئەوانەی کار و کەسابەتیان دەکرد، کارمان بۆ دۆزینەوە و ژیانی هاوسەریمان بۆ پێک هێنان، چەندین منداڵ دوای ئەنفالکردنی باوکیان لەدایک بوون، زۆربەی منداڵە بارزانییەکان باوکی خۆیان تەنیا لە وێنەدا نەبێ نەدیوە، هیچ سۆزی باوکایەتییان نەدیتوە، ئێمەی دایکان جێگای باوکەکانیسشمان بۆ گرتنەوە و نەمانهێشت منداڵەکانمان هەست بە نەبوونی بکەن، ئێمە لەپێناو منداڵەکانمان قوربانیمان بەخۆمان دا، چونکە ئەوکات منداڵەکانمان ساوا بوون، سوپاس بۆ خوا، کە ئەمڕۆ منداڵەکانمان بوونەتە پێشمەرگە و پارێزەر و بەرگریکاری کوردستان، ئێمە کە نیوەی کەسوکارمان لەپێناو کوردستان و ئازادی بوون بە قوربانی، ئامادەین نیوەکەی دیکەش بکەین بە قوربانیی ئەم ئازادییەی کوردستان، ئەرکی هەموومانە کە ڕۆڵەکانمان بە خۆشەویستیی کوردستان پەروەردە بکەین، چونکە ئەگەر مرۆڤ نیشتمانی نەبێت هیچ شتێکی نییە.
(باسنیوز): حکوومەتی عێراق تا ئێستا چی بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوانی بارزانی کردووە؟
واجیدا عەلی عارف: حکوومەتی عێراق هیچی بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان نەکردووە، چونکە کاتێک باسی قەرەبووکردن دێتە گۆڕی، قەرەبوو تەنیا پارە و مادە نییە، ڕژێمی بەعس هەوڵی ئەنفالکردنی خاک و زمان و کولتوور و داب و نەریتەکانی داین، پێویستە حکوومەتی عێراق قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوانی بارزانی و تەواوی ئەنفالکراوانی کوردستان بکاتەوە، ئەم کارە نامرۆڤایەتییەی بەرامبەر بە ئێمە و تەواوی خەڵکی کوردستان کرا، دوور بوو لە هەموو بەهایەک و لە هەموو مافێکی مرۆڤ.
(باسنیوز): ئەی هەرێمی کوردستان چی بۆ کەسوکاری ئەنفالکراون کردووە؟
واجیدا عەلی عارف: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە خزمەتی بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان کردووە، ئەوەی پێویست بێ بۆ کەسوکارەکانیان لە هەموو بوارەکاندا بۆی کردوون، بۆیە داواکارین هەموو لایەک پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بن، بۆ ئەوەی ئەو ئارامی و ئازادییەمان لێ تێک نەچێت، نزیکەی 30 ساڵە ئێمە لەژێر سێبەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئازادی و ئارامی دەژین.[1]