بە بۆنەی هەشتەمین ساڵیادی هێرشی دڕندەی داعشی تاریک پەرست بۆ سەر #شەنگال# و کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان، دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکەدا هاتووە ’’رۆژێکی ڕەش، تاریک و خەمناک. 03-08-2014 ئەو ڕۆژەیە کە جارێکی دی فەرمانی پاکتاوکردنی خەڵکی ئێزدی درا. فەرمانەکە بە کردەوەش جێبەجێ کرا’’. بەڵام گەریلاکانی هەپەگە و شەرڤانانی یەپەگە بۆ ڕێگریکردنی ئەو کۆمەڵکوژیە خۆی گەیاندە شەنگال و بە قارەمانێتی و فیداکارییەکی مەزنیان نواند و بەپەلە فریای دۆخەکە کەوتن و پێشیان بە بەردەوامیی هێرشەکە گرت.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکە:
$هەشتەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژیی شەنگال$
رۆژێکی ڕەش، تاریک و خەمناک. ڕۆژی 3ی ئاب ئەو ڕۆژەیە کە جارێکی دی فەرمانی پاکتاوکردنی خەڵکی ئێزدی درا. فەرمانەکە بە کردەوەش جێبەجێ کرا. شۆڤێنیزمی عەرەبی و توندڕەوی ئیسلامی لە تێڕوانینێکی دژە کورد و کوردستانییەوە گەیشتنە یەکتر و لەژێر بەرگی داعشەوە و لە دەرگای شەنگالەوە هێرشیان کردە سەر کوردستان.
شەنگال دوای خەڵکی ئێزدی بە پیلانێک کرایە ئامانجی هێرشی داعش. دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، تورکیا و ئێران، تەنانەت دەسەلاتدارانی بەغداد و ڕژێمی سوریاش، بەو هێرشەی داعش ڕازی بوون. لە ڕاستیدا داعش نوێنەرایەتی بیرو هەستی دژە کوردستانیی هەموو ئەو ناوەندە داگیرکارانە ئەکات. بێگومان ئامانجی داعش و هێزە داگیرکارە هاوکارەکانی لەم هێرشەدا لەناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی کوردستانیان بوو لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان. بەو مەبەستەی جارێکی تر دەسەڵاتی هەمەلایەنەی خۆیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا بسەپێنن. هەمانکات بیروباوەڕی ئێزدێتی بنەبڕ بکەن. هەر لەبەر ئەوەش فەرمانی کوشتوبڕی ئێزدیەکانیان دا.
لەم پەلامارەدا داعش شەنگالی داگیرکرد و شارۆچکە و گوندەکانی گەمارۆدا، دەستی بە کوشتاری ئێزدیەکان کرد. پیاوەکانی هەموو کوشتن و ژنەکانیشی بەدیل بردنە دنیا تاریکەکەی خۆیانەوە. بە هەزاران ژنی ئێزدییان بردە بازاڕەکانی کڕین و فرۆشتن و بێسنوور دەستدرێژیان کردە سەریان. ئەوانەی دەرفەتیشیان هەبوو بە هەر سەختییەک بێت خۆیان گەیاندە ناوچەکانی تری کوردستان. چیای شەنگال وەک هەمیشە بڵندیی خۆی نواند بوو بە پەناگەی خەڵکی ئێزدی. ئەم پەلامار و کۆمەڵکوژییە بۆ سەر ئێزدییەکان، کوردستان و هەموو دنیای هەژاند. خەڵکی کوردستان لە هەموو لایەکەوە بەپیر ئێزدیەکانە چوون. بە تایبەتیش گەریلاکانی هەپەگە، هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە قارەمانێتی و فیداکارییەکی مەزنیان نواند و بە پەلە فریای دۆخەکە کەوتن و پێشیان بە بەردەوامیی هێرشەکە گرت. خەڵکی کوردستان لە بواری مەدەنی و سەربازییەوە کەوتنە خۆیان. لە لایەکەوە دژی داعش شەڕیان ئەکرد و لە لایەکی دیشەوە هاوکاری و پێویستییان بۆ ئاوارەو لێقەوماوان دابین ئەکرد. جیهانی مرۆڤدۆستیش لەو بارەیەوە چالاک بوو. لە ڕووی سەربازی و هاوکاریی مرۆییەوە پشتگیریی کوردانیان کرد. هێزە نەتەوەییە کوردستانیەکانیان بۆ پاراستنی ئێزدیەکان بەرخۆدانێکی مەزنیان بەڕێوەبرد. لە ئەنجامدا بە هاوکاریی هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان داعش تێکشکا، شەنگال و زۆر دەڤەری تر ڕزگار کران.
ئەگەرچی ئێستا شەنگال لە داعش پاک کراوەتەوە و ژمارەیەکی زۆر ئێزدی گەڕانەوە سەر خاکی باب و باپیارانیان، بەڵام هێشتا برینەکانی تاوانی 03-08-2014 ساڕێژ نەبوون. و لە ڕۆحی ئەواندا بەردەوامن. ژمارەیەکی زۆر ژنی ئێزدی کە بە دیل گیرابوون، تا ئێستاش بێ سەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە. لەبەر ئەو کارەساتە خەمناکەش، ژنی ئێزدی بوون بە سیمبوڵی خەبات و تێکۆشان دژی ئەقڵیەتی دواکەوتوو و توندڕەوی ئیسلامی. هەر بۆیە پێویستە پرسی ژنی ئێزدی بەردەوام بە هەموو گرانایی خۆیەوە لە ڕۆژەڤدا بێت. هەروەها ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکی ئێزیدی ژیانێکی سەخت لە ئاوەرەییدا بەسەرئەبەن. پێویستە بۆ چاککردنی بارودۆخی ئەوان خەباتێکی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی فراوان بەردەوام بێت. هەتا ئێستاش ژمارەیەکی زۆر شەنگالی هەر لە کامپدان و نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. پێویستە دەرفەت و ڕێگا بۆ خەڵکی ئاوارەی شەنگال دابین بکرێت تا بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
بەداخەوە ئەو هێزانەی کە ئەو کاتە لە شەنگال بەرپرسیار بوون و پێویست بوو ئێزدیەکانیان بپارێزن، شەنگال و ناوچەکەیان نەپارست و بەجێیانهێشت. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئەو کارەساتە مەزنە بەسەر گەلی ئێمەدا بێت. ئەو هێزانەی شەنگال و گەلی شەنگالیان ڕادەستی داعش کرد، بێ ئەوەی لێپرسینەوەی ئەو کارەیان لێبکرێت و حسابی ئەو کارە بدەن، ئێستا پیلان لەسەر شەنگال بەڕێوەدەبەن. ئەو هێزانە یەکێکیان سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بوون لە بەڕیوەبەریی باشووری کوردستان. ئەوی دیکەشیان هێزەکانی حکومەتی بەغدا بوو لە 09.10.2020 هەمان ئەو هێزانە بەبێ پرس و ڕای شەنگالییەکان، پەیمانێکیان لە نێوان خۆیاندا ئیمزاکرد. بەم کارەش ویستیان جارێکی دی شەنگال و شەنگالییەکان بێ پاراستن و بێ ئیرادە بکەن. سەرنجراکێشە دەوڵەتی تورکیا لەهەموو لایەنێک زیاتر بەو ڕێککەوتنە دڵخۆش بوو، چونکە خۆشی دەستی لەو پەیمانەدا هەبوو، هەروەک چۆن دەستی لە هاوکاریکردنی داعش و داگیرکردنی شەنگالدا هەبوو. گلی شەنگال و هێزی پاراستنی شەنگال ئەو پەیمان قبوڵ ناکەن و لە دژی ڕائەوەستن. پێویستە ویست و ئیرادەی گەلی شەنگال بە بنەما بگیرێت. هیچ پیلان و پەیمانێک لەسەر ئەوان فەرز نەکرێت. سەدان ساڵە گەلی شەنگال لەسەر ناسنامەی ئێزدییەتی خۆیان ڕووبەڕووی هێرش و کۆمەڵکوژیی ئەبنەوە.
لە لایەکی ترەوە دەوڵەتی تورکیا لە هەر فرسەتێکدا هێرش دەکاتە سەر شەنگال. بەڕێوبەری و پارێزەرانەی شەنگال دەکاتە ئامانج. ئەمە لە کاتێکدا کە هەڕەشەی هێزە سەلەفییە توندڕەوەکان کۆتایی نەهاتووە.
ئەمەش ئەو ڕاستییە ئەسەلمێنی کە پێویستە ئێزدی و شەنگالیەکان خۆیان بپارێزن و خۆیان بەڕێوە ببەن. بۆ ئەم مەبەستەش ئەبێ شەنگال لە ناو کوردستاندا قەوارەیەکی تایبەت و بەڕێوەبەرێتییەکی خۆجێی هەبێت.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە هەشتەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژیی شەنگالدا جارێکی دی مرۆڤکوژان و هێرشکاران ڕیسواو شەرمەزار دەکات. بە هەموو شێوازێک لەگەڵ باوەڕدارانی ئێزیدی و گەلی شەنگال جێ دەگرێ.
[1]