ناونیشان: سایکۆلۆجیەتی وتار و ئامۆژگاری
نووسەر: #شەماڵ محەمەد محەمەدئەمین#
ئەگەر سەرنجی مێژوی مرۆڤایەتی بدەین دەبینین هەمیشە ئەوانەی گۆڕانکاری و چاکسازییان کردوە لە کۆمەڵگەکان تاکە ناوازەکان بون، زانایان، فەیلەسوف و بیرمەندان، پەیامبەران، هەمویان تاک بون و کۆمەڵگەیان بەرەو ئاڕاستەی دروست بردوە.
ڕاستییەک هەیە دەبێ بیزانین ئەوەیش ئەوەیە بە شێوەیەکی گشتی کۆمەڵگە ناهۆشیارە و کەمینەیەک هۆشیارن، دیارە پەیدابونی ئاین و ناردنی پەیامە ئاسمانییەکانیش بە هەمان لۆجیک کاریان کردوە، پەیامبەر کە تاکێکی هۆشیارە هاتوە کۆمەڵگەیەکی ناهۆشیار بێداربکاتەوە.
چەکی دەستی پەیامبەران و فەیلەسوفان و زانایان دوو شت بوون، یەکەمیان زانست و دووەمیان پیرۆزییەکان. زانا و فەیلەسوفانی کۆن ڕێگەی جۆراوجۆریان گرتۆتەبەر بۆ گەیاندنی پەیامەکانیان وەک گفتوگۆ و کۆڕی زانستی و تاقیکردنەوەی مەیدانی و...هتد، بەڵام پەیامبەران پشتیان بە ئامۆژگاری و دەقە پیرۆزەکان بەستوە بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە.
کەسمان ناتوانین کاریگەریی وتار پشتگوێ بخەین، بەتایبەت ئەگەر وتاربێژەکە پەیامبەر بێت و دەقەکەش پیرۆز بێت، ڕونیشە کە زۆرێک لە پەیامبەران تەنها بە وتار و ئامۆژگاری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییان گۆڕیوە، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین ئەمڕۆ بارودۆخ زۆر گۆڕاوە، وتار و ئامۆژگاری زۆرن بەڵام کاەریگەریی ئەوتۆیان نییە.
تۆ بڵێی هەڵە لە پەیام بێ یا لە وتاربێژەکان؟
پەیام هەر پەیامی جارانە، هەرچەندە کێشەی تێکەوتوە لە ئەنجامی خوێندنەوەی جیاواز بۆ دەقە پیرۆزەکان، ئامۆژگاریکارانیش جێنشینی پەیامبەرانن و پشت ئەستورن بە دەقی پیرۆز بەڵام کاریگەریی ئەوتۆ بەدی ناکرێ لە کۆمەڵگە و تاکەکان، دیارە لە شوێنێک هەڵەیەک هەیە.
$بۆچی وتارەکانی ئەمڕۆ کاریگەر نین؟$
1- دابڕانی وتار لە واقیع: دیارە کە لە سەردەمانی زو پەیامی پەیامبەران هۆشیاری بوە و کاری لەسەر پەروەردەکردنی تاک کردوە، وەک دەشزانین زانستە گرنگەکانی وەک کۆمەڵناسی و دەرونناسی و پزیشکی و یاسا و کیمیا و فیزیا و زیندەزانی..... هتد زانستی نوێن و تەمەنیان لە 500 ساڵ زیاتر نییە، لە کاتێکدا نوێترین ئاین تەمەنی 1400 ساڵە.
جێی ئاماژەیە فەلسەفە و لۆجیک زۆر کۆنن، بەر لە هاتنی ئیسلام و تەنانەت مەسیحیەتیش هەبون، بەڵام بەداخەوە هەردو ئاین کاریان لەسەر نەکردون و گرنگییان پێنەداون، بەتایبەت ئیسلام کە بە داخەوە زۆر لە فەقیهەکان فەیلەسوفان و زانایانیان کافر کردوە و نەفرەتیان لێکردون، ئەمەش گورزێکی کوشندە بوە لە هۆشیاریی کۆمەلگەی ئەو سەردەمە.
سەردەمانی زو فەقیهەکان سەرچاوەی زانست و زانیاری بون چونکە زانستەکانی تر نەبون، واتە ئەوان تاکە سەرچاوەی زانست و هۆشیاری بون بۆیە خەڵکی هەموی گوێی لێدەگرتن و گوێڕایەڵیشیان دەبون. ئەگەرچی ئەمڕۆ زانستی زۆر هەن بەڵام وتاربێژان و ئامۆژیاران هەر لەسەر ڕێچکە کۆنەکە بەردەوامن و زانست ناخوێنن مەگەر بە دەگمەن نەبێ، ئەوەش وادەکات وتارەکانیان دوربن لە واقیع و خەڵکیش ئەمڕۆ تا ڕادەیەک هۆشیارە، کاتێک شتی ناواقیعی دەبینێ پێی سەرسام نابێ و لێی دوردەکەوێتەوە.
2- سایکۆلۆجیەتی وتار و ئامۆژگاری : وتار و ئامۆژگاری مرۆڤ ناگۆڕن، ئامۆژیاران تەواو لەم ڕاستییە بێئاگان بەداخەوە، مرۆڤ بەهۆی ئەو پێشکەوتنە زۆرەی کە ڕویداوە ناتوانێ بە ئاسانی بکەوێتە ژێر کاریگەریی ئامۆژگاری و وتار چونکە بەشێکی زۆر لە خەڵکی زانا و شارەزان لانیکەم لە بوارێک لە بوارەکانی ژیان بۆیە بە ئاسانی هەست بە دوری و دابڕانی وتارەکان دەکەن لە واقیع، جگەلەوەی وتار و ئامۆژگاری لەڕوی سایکۆلۆجییەوە وەک سەرزەنشت لێیان دەڕوانرێ، وتار و ئامۆژگاری هەمیشە لە ئاستێکی بەرزەوە بۆ ئاستێکی نزم دەبن، ئەو مامۆستایەی لەسەر مینبەرە یا ئەو سیاسەتمەدارەی قسە بۆ خەڵک دەکات خۆی وا وێناکردوە کە خۆی سەنتەری زانستە و ئامادەبوان تەنها لەسەریانە گوێڕایەڵ بن، ئەو بێ گوناهە و ئامادەبوان هەموی گوناهبار، دەرونی مرۆڤیش وایە کە قبوڵی نییە شتی بەسەردا بسەپێنرێ بەتایبەت لەلایەن کەسێکەوە کە شارەزایی تەنها لە یەک بوار هەیە و لە هەمو بوارێک قسەدەکات.
مرۆڤ حەزی لێیە گوێی لێ بگیرێ نەک ئامۆژگاریی بکرێ، ئامۆژگاریی پەیامبەران تەواو جیاوازە، ئەوان پەیامی خودایان پێیە و فەرمایشتی خوداش ڕەت ناکرێتەوە چونکە کەس ناتوانێ لە خودا باشتر بیربکاتەوە، بەڵام مرۆڤەکان وانین، نە خۆیان پیرۆزن و نە تێگەیشتنیشیان لە دەقەکان پیرۆزن، نە هێندەش شارەزان هەمو وڵامەکانیان لەلابێت.
3- کەسایەتیی ئامۆژیاران : پەیامابەران نمونەی بەرزی ڕەوشت بون و پێشەوای خەڵک بون بە کردەوە نەک بە وتار و ئامۆژگاری، ئەوەی زۆرێک لە ئامۆژیاران و خەڵک لێی بێئاگان ئەوەیە کە گۆرانکاری بە لاساییکردنەوەی کرداری جوانی پێشەواکان دێتەکایەوە نەک بە قسە و دروشمەکانیان، چونکە زۆرینەی مرۆڤەکان لە قسەکانیان ناچن، مرۆڤەکان هەڵە دەکان، درۆدەکەن بەڵام کردەوەکان نە هەڵە دەکەن و نە درۆ. زۆریک لە ئامۆژیاران قسەکانیان زۆر جوانە بەڵام کردەوەکانیان واناڵێن ! هەمومان بە قسە و دروشمە بریقەدارەکانی خۆمان فریشتەین بەڵام لە ڕاستیدا شتێکی ترین، ئەوەش ئاساییە مرۆڤ هەر سروشتی وایە، ئەوە تەنها پەیامبەرانن کە دەتوانن قسە و کردەوەیان تەواو لێکچو بن.
4- دوریی ئامۆژیاران لە کۆمەڵگە : ئامۆژیاران زۆر دورن لە کۆمەڵگە و کێشەکانی، ئەوان خەریکی ڕازاندنەوەی وتارەکانیانن بە قسەی سەروادار و بەڵگەی بەهێز لە کاتێکدا ئەوان لە دۆڵێکن و کۆمەڵگەش لە دۆڵێکی تر !
ڕەنگە بڵێی وتاربێژان و ئامۆژیاران هەمیشە لەناو خەڵکن، ئەوەتا بە یەکەوە کۆدەبنەوە و کۆڕ دەبەستن و نوێژدەکەن، بەڵێ ڕاستە بەڵام ئامۆژیاران بە تایبەتی جێنشینانی پەیامبەران کاریان ئەوە نییە پێشنوێژی بکەن بۆ نوێژخوێنان و تەواو، لە ڕاستیدا نوێژکردن هەر ئەرک نییە بەڵکو فەرزە، ئەگەر مامۆستاش لەوێ نەبێ، ئەگەر مزگەوتیش نەبێ نوێژ هەر دەکرێ، مامۆستا و ئامۆژیاران دەبێ دەنگیان بگاتە ئەوانەی کە دورن، ئەوانەی لە بەندیخانەن، ئەوانەی لە نەخۆشخانەکانن، ئەوانەی لە ئاین تێنەگەیشتون، مامۆستایان دەبێ دەبێ ئەو چینانە بدوێنن کە لە کۆمەڵگە و پیرۆزییەکانی تۆراون، نەک ئەوانەی خۆیان ئاشتن لەگەڵ خودا و ڕۆژانە 5 جار لە مزگەوت نوێژدەکەن.
گرنگە بزانین کە مرۆڤ هەر مرۆڤەکەی جارانە، باشتریشە لە جاران لە زۆر لایەنەوە چونکە پێشکەوتن ئاسۆی بیرکردنەوەی فراوانکردوە و ئاسانتر لە شتەکان تێدەگات، ئەوەی بۆشایی دروستکردوە لە نێوان ئامۆژیاران و خەڵک دوریی ئامۆژیارانە لە خەڵک و واقیع و زانستە نوێێەکان نە خراپیی خەڵک.[1]