ناونیشان: سۆز یا لۆجیک؟
ئامادەکار: #شەماڵ محەمەد محەمەد ئەمین#
بۆچی هێلکەوڕونی دایەگیان لە کەباب و قۆزی و سەروپێ خۆشترە؟
ئایا سۆز بڕیاردەدا یا لۆجیک؟
هەمومان دەزانین شەو زو خەوتن و بەیانی زو هەستان باشە، دەزانین کە دانیشتن بەرامبەر تەلەفزیۆن و سۆشیال میدیا بۆ ماوەیەکی درێژ کات بە فیڕۆدانە و باش نییە، بەڵام هەر دەیکەین، ئایا مانای ئەوەیە کە ئێمە لاوازین، یا دۆڕاوین؟
نەخێر، دەبێ ئەوە بزانین کە لە شەڕی لۆجیک و سۆز هەمیشە سۆز براوەیە.
هەرگیز لە نزیک پەنجەرەی باڵەخانەیەکی بەرزەوە سەرنجی خوارەوەت داوە؟
سەرنجت داوە کاتێک لە جێگایەکی زۆر بەرزی و تەماشای خوارەوە دەکەی بەبێ ویستی خۆت لە پەنجەرەکە یا لێواری باڵەخانەکە دوردەکەویتەوە؟ لۆجیک پێمان دەڵێ کە ناکەویتە خوارەوە، ئەوەتا پەنجەرە هەیە و شوشەکەشی زۆر بەهێزە، بەڵام هەر ترست هەیە لە کەوتن، سۆز لێرەشدا بەسەر لۆجیکدا زاڵ بو.
هەمان هەست تاقی بکەوە لە نهۆمی یەکەمی باڵەخانەکە، ترست نییە و لە پەنجەرەکە نزیک دەبیتەوە تەنانەت ئەگەر کراوەش بێ یا شوشەشی پێوەنەبێ.
بەبیرم دێ بە منداڵی زۆر جار لەسەر لێواری شۆستە دەڕۆیشتم کە پانییەکەی تەنها 15 سانتیمەترە، هەرگیز نەدەکەوتم، بەڵام بێنە بەرچاوت لە بەرزیی 20 مەتر بەسەر دیوارێکدا بڕۆی، تەنانەت ئەگەر پانیی دیوارەکە یەک مەتریش بێ ناتوانی بە بێ ترس بەسەریدا بڕۆی، هەرچەندە لۆجیک پێت دەڵێ ناکەوی، بەڵام سۆز هەمیشە زاڵە.
سەرچاوە:پەرتووکی #خەونی پێشکەوتن و شەڕی چەمکەکان# [1]