ناونیشان: هونەری پرسیارکردن
ناوی نووسەر: #شەماڵ محەمەد محەمەدئەمین#
پرسیارکردن کرۆکی تێگەیشتن و گەیشتنە بە ڕاستیی هەر بابەتێک، دیارە پرسیارکردن شێوازی زۆرە وەک، پرسیارکردنی ڕاستەوخۆ، گومانبردن، خوێندن، لێکۆڵینەوە، خوێندنەوە، گەشتکردن... هتد.
پرسیارکردن هونەرە ئەگەر فێری نەبین هەرگیز وەڵامی دروستمان دەست ناکەوێ، خۆت بێنەبەرچاو لە خزمەتی داناترین مامۆستا دانیشتوی، ئەگەر خۆت نەزانی پرسیاربکەی مامۆستا چیت فێربکات ؟ ئەگەر خۆت نەزانی چیت دەوێت بەرامبەرەکەت چیت پێ ببەخشێ؟
$گومان$
گومانبردن یەکێکە لە گرنگترین شێوازەکانی پرسیارکردن وگەڕان بەدوای ڕاستییەکان، ئەگەر سەرنجی فەیلەسوف و داناکان بدەین دەبینین زۆرترین گومانیان هەبوە، بگرە گومانیان لە هەموشت هەبوە، هەر لەڕێی گومانیش گەیشتون بە ڕاستییەکان.
سەرنجی پەیامبەرانی خودا بدە، ئەوان لەڕێی گومانەوە گەیشتن بە ڕاستی، ئەوەی وای لێکردن ببن بە هەڵگری پیرۆزترین پەیام گومانەکانیان بو ئەگینا ئەوانیش وەک میللەتانی خۆیان خەریکی بتپەرستی و خۆشییە کاتییەکانی دونیا دەبون.
$پرسیاری گرنگ$
خاڵێکی زۆر گرنگ هەیە لە پرسیارکردن، مرۆڤە داناکان پرسیاری گرنگ دەکەن، ئەو پرسیارە دەکەن کە کرۆکی مەسەلەکەیە نەوەک بابەتی لاوەکی و بێ ئەرزش.
بێگومان پرسیارکردن پەیوەستە بە شێوازی بیرکردنەوە، ئەگەر تاک بیرکردنەوەی فراوان و قوڵ نەبێ ناتوانێ پرسیارە گرنگەکان بکات، بە شێوەیەکی گشتی تاک لە کۆمەڵگەی ناهۆشیار پرسیارەکانی لاواز و بێ بەهان بۆیە وەڵامەکانیش بەگوێرەی پرسیارەکان دەبن.
جارێکیان لە دانیشتنێک گوتم ؛ من توانیم 32 کاتژمێر بخەوم، کۆمەڵێک پرسیارم ئاڕاستەکرا.
نەوسنێک: 32 کاتژمێر خەوتی؟! ئەی نانخواردن؟! چۆن نەمردی لەبرسا؟!
دیندارێک: ئەی نوێژەکانت؟! چۆن ئەم هەمو نوێژەت لەدەستدا؟!
جگەرەکێشێک: 32 کاتژمێر بەبێ جگەرە؟! بەخوا من بم دەمرم.
دوکاندارێک: 32 کاتژمێر؟! من لە ژیانم لە 10 کاتژمێر زیاتر دوکانەکەم دانەخستوە!
پیاوێکی ژیر : من گومانم هەیە، کەس ناتوانێ 32 کاتژمێر بخەوێ.
لەڕاستیدا من هەرگیز 32 کاتژمێر نەخەوتوم، بەڵام لە وەڵامەکانی سەرەوە زۆر شتی گرنگمان دەست دەکەوێ کە هەوڵ دەدەم ڕونیان بکەمەوە.
پرسیارەکان چیمان پێ دەڵێن؟
1- پرسیاری هەریەکێکمان بەندە بە شێوازی بیرکردنەوە و ڕیزبەندیی شتە گرنگەکان لە ژیان، ئەوەی ناتوانێ بەبێ ئاین بژی دیارە کە لای ئەو ئاین پێشینەیە، ئەوەی ناتوانێ بەبێ جگەرە بژی دیارە جگەرە گرنگترین پێداویستیی ژیانیەتی..... هتد.
2- پرسیارەکانمان پەیوەستن بەشێوازی بیرکردنەوەمان، واتە پرسیار ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوەی مرۆڤەکانە، مرۆڤ بە پرسیارەکانی دەناسرێتەوە، وەڵامەکانی سەرەوە هەمویان هەڵەن تەنها وەڵامی کۆتایی ڕاستە، کەس ناتوانێ 32 کاتژمێر بخەوێ، مەگەر نەخۆش یا بێ هۆش بێت.
3- ئەگەر نەزانین پرسیارە گرنگەکە بکەین ناگەین بە ڕاستیی مەسەلەکان، بەمەش ناتوانین وێنەیەکی دروست لە خەیاڵمان بکێشین، بۆیە هەر وێنەیەکی تر کە خەڵکی بۆمانی دەکێشن باوەڕێ پێدەکەین و بۆچون و باوەڕەکانی خۆمانی لەسەر بنیات دەنێین.
4- بیرکردنەوەی مرۆڤ لەژێر هەژمونی کۆمەڵێک کۆت و بەندە، لەوانەش کۆت و بەندی دەرونی، کۆمەڵگە، کەلتوری و ئاینی.
$کۆت و بەندەکانی بیرکردنەوەی چین؟$
1- دەرونی: تێگەیشتن و بۆچونەکانی مرۆڤ بەندن بە باوەڕەکانی، دەرونی مرۆڤ کۆمەڵێک بیروباوەڕی بۆ دروست دەبێت لە ئەنجامی ژیان لەنێو خێزان و کۆمەڵگە و پەروەردە و خوێندن و سیستەمی سیاسی و باری ئابوری و زۆر هۆکاری تر، واتە بۆچونەکانی مرۆڤ ڕەنگدانەوەی هەمو ئەو وێنە و باوەڕانەن کە بە درێژایی تەمەن دروست بون لەژێر کاریگەریی کۆمەڵێک هۆکاری وەک پەروەردەی خێزان و کۆمەڵگە و پەروەردە و خوێندن و سیستەمی سیاسی و باری ئابوری.... هتد
2- کۆمەڵگە: تاک ئازادە لە دەربڕینی بۆچونەکان و شێوازی ژیانی خۆی بەڵام لەبەرئەوەی مرۆڤ بونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و ناتوانێ بەتەنها بژی بۆیە نابێت و ناتوانێت لە قاڵب و چوارچێوەکانی کۆمەڵگە دەرچێت، واتە ئەگەر کۆمەڵگە شتێکی قەدەغەکرد یا بە ناشرینی دانا، تاک دەبێ گوێڕایەڵ بێ ئەگینا بە لادەر یا نامۆ ئەژمار دەکرێت، تاک کاتێک تەواو ئازادە ئەگەر بە تەنها لە چۆڵەوانی یا لە دارستانێکا بژی، ئەوکات ئازادە و دەتوانێ هەرچیی بیەوێت بیکات، بەڵام تا لە سنوری کۆمەڵگە بژی پێویستە پابەند بێ بە بنەماکانی کۆمەڵگەکەی خۆی. واتە دەتوانی لە دارستان بە ئارەزوی خۆت جل بپۆشێ یا هەر نەیپۆشی بەڵام تا لەنێو خەڵک بیت دەبێ وەک ئەوان جل بپۆشی، جلی نامۆ بە کۆمەڵگە لادانە لە بەهاکان.
3- کەلتوری : کەلتور گرنگییەکی زۆری هەیە لە داڕشتن و ئاڕاستەکردنی بۆچونەکانی تاک، یاساکانی کەلتور زۆر گرنگن و شکاندنیان نەنگی و شورەییە، چونکە کەلتور بە درێژایی سەدان ساڵ دروست دەبێت و ڕەزامەندیی کەسایەتییە ژیر و داناکانی کۆمەڵگەی لەسەرە، تەنانەت خودای گەورەش داوای لە میللەتان نەکردوە کەلتور بگۆڕن، وەک دەفەرموێ :
- خُذِ الْعَفْۆ ۆأْمُرْ بِالْعُرْفِ ۆأَعْرِضْ عَنِ الْجَاهِلِينَ ﴿199﴾ الاعراف
واتە : کارئاسانی بکە و کار بە کەلتور بکە و وازیش لە نەزانەکان بهێنە.
سەرنج بدە خودا فەرمان دەکات بە کارکردن بە کەلتور، لە کۆتاییش دەفەرموێ واز لە نەزانەکان بهێنە، چونکە خودا زۆر چاک دەزانێ خەڵکێک هەن ناتوانن ئەم ڕاستییە قبوڵ بکەن.
کەلتورەکان و جیاوازییان بەڵگەیە لەسەر گەورەیی خودا، واتە خودا خۆی جیاوازییەکان دروست دەکات و جیاوازیشی قبوڵە بە مەرجێک کەلتورەکان دژ بە یاساکانی خودا نەبن، ئەگەر سەرنجی کەلتورەکانی جیهانیش بدەین تێبینی دەکەین کە بە دەگمەن کەلتوریان تێدایە دژی یاساکانی خودا بن.
4- ئاینی : ئاین بەهێزترین قەڵایە لەناخی مرۆڤی باوەڕدار، هەمو بۆچون و ڕەفتار و کردارەکانی مرۆڤی باوەڕدار بە ئاین سنوردار دەکرێن، ئاین پەیوەندییەکی پیرۆزە لە نێوان تاک و خودا، کەس ناتوانێ مرۆڤ لە ئاین داببڕێ، بەڵام زۆرجار هەڵە تێگەیشتن لە ئاین هەندێ باوەڕی نادروست و تەنانەت مەترسیداریش بەرهەم دێنێ، بۆ نمونە گروپە توندڕەوەکان بەرهەمی هەڵە تێگەیشتنن لە ئاین. بۆیە زۆر گرنگە تاک هەوڵ بدا بە وردی لە ئاین تێبگا، چونکە ئەگەر لێی تێنەگا بۆچون و بڕیار و پرسیار و گومانەکانی دروست نابن.
مرۆڤ کاتێک دەتوانێ دروست بیر بکاتەوە و پرسیارە گرنگەکە بکات کە توانای تێگەیشتنی هەمو کۆت و بەندەکانی بیرکردنەوە ی هەبێت، واتە بیرکردنەوەی دروست مانای ئەوە نییە ئێمە کاریگەریی دەرون و کۆمەڵگە و کەلتور و ئاین پشت گوێ بخەین، بەڵکو دەبێ کۆت و بەندەکان وەک بازگە بێنینەبەرچاو بۆ گلدانەوەی خاڵە نەرێنییەکان و هێنانە پێشەوەی خاڵە ئەرێنییەکان و ئاراستەکردنی بۆچونەکانمان بەشێوەیەکی دروست چونکە ئاشکرایە کە ئەوبۆچون و باوەڕانەی لە دەرون و کۆمەڵگە و کەلتور و باوەڕماندا هەن مەرج نییە هەمویان دروست بن.
ئایا ئێمە دەزانین پرسیارە گرنگەکان بکەین ؟
ئەگەر سەرنجی گفتوگۆی خەڵک بدەین لە کۆڕ و کۆبونەوە جۆراوجۆرەکان یا لە میدیا و سۆشیال میدیاکان بەداخەوە دەبینین بە دەگمەن پرسیاری گرنگ دەوروژێنرێ، زۆرێک لە میدیاکان بە هەمو جۆرەکانیانەوە چ بە مەبەست بێ یا بە نەزانی کاردەکەن لەسەر بەلاڕێدابردنی خەڵک و شاردنەوەی ڕاستییەکان و خۆدزینەوە لە پرسیارە گرنگەکان، بۆ نمونە کۆمەڵگە گیرۆدەی چەندین گرفت و کێشەیە و خەڵک خۆپیشاندان دەکات کەچی ئەوان باسی سودەکانی فستق دەکەن، یا لافاو لایەکی شارەکەی بردوە کەچی ئەوان باسی بێچوە مراوییەک دەکەن لە ئەمریکا کە یەک قاچی هەیە!!
تا فێرنەبین پرسیارە گرنگەکان بکەین ئەستەمە بتوانین لەم گێژاوە درچین کە تێی کەوتوین، دەبێ ئەوەش بزانین کە هەر هەوڵێک بۆ گۆڕانکاری لە شێوازی بیرکردنەوە بریتیە لە شۆرشێکی هزری بەڵام ئەگەر پێش ئەم شۆڕشە هزریە شۆرشێک بەرپانەکەین بۆ گۆرینی تێگەیشتنمان لە دەرون و کۆمەڵگە و کەلتور و ئاینمان، ئەوا شۆڕشی هزری هیچ سودێکی نابێت چونکە وەک ئاماژەمان پێدا بڕیار و بۆچونەکانمان پابەندن بە بەها دەرونی و کۆمەڵایەتی و کەلتوری و ئاینییەکانمان.[1]