ناونیشان: بنەماکانی پێشکەوتن
ناوی نووسەر: #شەماڵ محەمەد محەمەد ئەمین#
لە ئێستادا 2022 (195) وڵات هەن لە جیهان، تەنها 25 لەوان دەوڵەمەندن، 20 وڵاتیش لەوپەڕی هەژاریدان، ڕەنگە بڵێی دەوڵەمەندی و پێشکەوتن دو شتی لێک جیان، بەڵام ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین دەوڵەمەندی و پێشکەوتن دو ڕوی یەک دراون، ئەگەر دەوڵەمەند بین پێش دەکەوین، یا ئەگەر پێش بکەوین دەوڵەمەند دەبین، هەردوکیان ڕاستن بەڵام بە بوونی کۆمەڵێک هۆکار لەوانەش:
1- دەزگا و دامەزراوەکان
بەشێوەیەکی گشتی وڵاتە دەوڵەمەندەکان دەزگا و دامەزراوەی زۆر باشیان هەیە، بەڵام وڵاتە هەژارەکان دەزگا و دامەزراوەی زۆر خراپیان هەیە، گەندەڵیش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دامەزراوەکان، ئەگەر سەرنجی وڵاتە دەوڵەمەندەکانیش بدەین دەبینین کەمترین ڕێژەی گەندەڵی لە دامەزراوەکانیاندا بە دی دەکرێ، وڵاتە هەژارەکانیش گەندەڵترین وڵاتەکانن، کاتێک گەندەڵێ هەبو، وڵات ناتوانێ بە شێوەیەکی ڕێکوپێک داهات و باج کۆبکاتەوە و دامەزراوەی باش دابمەزرێنێ تا لە هەژاری ڕزگاری ببێ.
نیوەی داهاتی وڵاتە هەژارەکان دەچێتە ژمارەی بانکیی وڵاتانی تر، پارەی بەهەدەردراوی ئەم وڵاتانە ساڵانە دەیان ملیار دۆلارە، لە کاتێکدا بە ڕێژەیەکی کەم لەم سامانە دەتوانرێ دامودەزگای باش دابمەزرێنرێ لە بوارەکانی ئاسایش و تەندروستی و خوێندن و.... هتد.
هۆکاری گەندەڵیش بیرکردنەوەی خێڵەکیانەیە، واتە لە جیاتی دانانی کەسانی پسپۆر و خاوەن ئەزمون لەسەر بناغەی پسپۆڕی و ئەزمون، کەسانی دڵسۆز بۆ خێڵ یا پارتی دەسەڵاتدار لە پۆستە گرنگەکانی دەوڵەت دادەنرێن، لە کاتێکدا لە وڵاتە دەوڵەمەند و پێشکەوتوەکان وەرگرتنی پۆست پەیوەستە بە پسپۆڕی و ئەزمون و لێوەشاوەیی.
2- کەلتوور
کەلتور و بیرکردنەوە و باوەڕی خەڵکی ڕۆلی گەورەی هەیە لەسەر دەوڵەمەندی و خۆشگوزەرانی، ئەگەر سەرنج بدەین ئەو وڵاتانەی کە پێشکەوتو و دەوڵەمەندن ئەوانەن کە زۆر گرنگی بە ئاین نادەن، یاخود گرنگیی پێدەدەن بەڵام ئاین بە هەمو لایەنەکانی ژیان نابەستنەوە، لە بەرامبەردا هەژارترین و دواکەوتوترین وڵاتانی جیهان وڵاتە باوەڕدارەکانن (هەمو باوەڕداران نەک هەر مسوڵمان).
ئاین لە بنەڕەتدا مایەی خۆشحاڵی و پێشکەوتنە، بەڵام تێگەیشتنی هەڵەی ئاین وایکردوە زۆرێک لە بڕواداران گرنگی بە ژیانی دونیا نەدەن و هەر خەریکی کۆکردنەوەی پاداشت بن بۆ دوای مردن، کە ئەمەش هەڵەیە، هەم دونیا و هەم قیامەت گرنگن و پێویستییان بە ڕەنج و خۆماندوکردن هەیە.
وڵاتە پێشکەوتوەکان لەگەڵ ئەوەی باوەریان بە ڕۆژی دواییش هەیە، بەڵام دونیایان لەبیرنەکردوە، ئەوان پێش چونە بەهەشت هەوڵ دەدەن لە دونیاش خاوەنی کۆشک و تەلار و ژیانی خۆش بن، خوداش دەفەرموێ:
- ۆابْتَغِ فِيمَا آتَاکَ اللَّهُ الدَّارَ الْآخِرَةَ ۆلَا تَنسَ نَصِيبَکَ مِنَ الدُّنْيَا ۆأَحْسِن کَمَا أَحْسَنَ اللَّهُ إِلَيْکَ......... ﴿77﴾ القصص
هەوڵ بدە قیامەت بە دەست بێنی بە کاری چاک، بەڵام بەشی خۆشت لە دونیا لە بیرمەکە و خۆشی ببینە لە نیعمەتەکانی.......
3- جوگرافیا
وڵاتە هەژارەکان کەوتونەتە جوگرافیایەکی خراپ، ژیان لەم ناوچانە زۆر سەختە، کێشەکە لە کشتوکاڵەوە دەست پێ دەکات چونکە ڕوەکەکانی ناوچە گەرمەکان بە گشتی کەمتر کاربۆهایدراتیان تێدایە، جگەلەوەش خاکی ناوچە گەرمەکان باش نییە، هەروەها گەرمیی زۆریش بۆ کرداری ڕۆشنەپێکهاتن باش نییە.جگەلەوەش مێش و مێروی ترسناک لە ناوچەی گەرم و شیدار زۆرن کە دەبنە هۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشی لەنێو ئاژەڵان، لە ئەنجامدا ژمارەیەکی بەرچاو ئاژەل لەناو دەبەن و دەبنەهۆی تەمبەڵی و بێ هێزیی ئاژەڵە زیندوەکانیش.
ئاژەلان تەنها نین، مرۆڤیش لەم ناوچانە دوچاری هەمان ئاستەنگەکان دەبێتەوە.
پلەی گەرمیی لەبار بۆ ژیان 16 پلەی سەدییە، وە نزمبونەوەی پلەی گەرمیش بۆ 16 ی ژێر سفر یارمەتیدەرە، بەڵکو پێویستیشە هەرچەندە سەختە.
خالێکی تریش کە زۆر گرنگە بریتییە لە سەرچاوەکانی ئاو و ڕێگای ئاوی، زۆربەی وڵاتە هەژار و دواکەوتوەکان داخراون، واتە لەسەر وشکانین و چواردەوریان وشکانییە.
4- سامانە سروشتییەکان
سامانی سروشتی ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەبینێ لە دەوڵەمەندبون و پێشکەوتن، بەڵام بونی سامانی سروشتی پەیوەستە بە دامەزراوەی باش، ئەگەر دامەزراوەی باش هەبێ ئەوا وڵات پێش دەکەوێت و خەلکی خۆشحال دەبن، بەڵام ئەگەر دامەزراوەی باش نەبو، ئەوا دەوڵەمەندترین وڵات بە سامانی سروشتی دەبێتە هەژارترین و بەدبەخت ترین وڵات، وەک عێراق، وڵاتانی ئەفریقیا... هتد
سەرچاوە: پەرتووکی خەونی پێشکەوتن و شەڕی چەمکەکان[1]