ناونیشان: بۆشایی نێوان ژیان و مەرگ
نووسەر: شەماڵ #محەمەد محەمەدئەمین#
ئێوارەیەکی بەهار بو، بەلای گۆڕستاندا تێپەڕیم، بیری ئازیزە کۆچکردوەکانم کرد، لەپڕ خۆم لەسەر شەقامەکەی ناو گۆڕستان بینیەوە.گۆرستانیکی چۆڵ و ئارام، سەوزایی گژوگیا و دار و دەوەن و کزەبای فێنکی بەهاری و خۆرەتاوی لاوازی دەمەوخۆرئاوا دیمەنێکی زۆر جوانیان بە گۆڕستانەکە بەخشیبو، لای من گۆڕستان زیاتر ژیانی تێدابو لە شەقامی جەنجاڵی پڕ لە ژاوەژاو ی ئۆتۆمبێل و ماتۆرسکیل و پیادەی سەرقاڵ و توڕە.
گۆڕستان هەمیشە لای من جێگەی ژیان و ئاسودەیی بوە، نازانم ئەم هەستەم لە کوێ بۆ پەیدابوە بەڵام گۆڕستان ئارامم دەکاتەوە، ڕەنگە هی ئەوە بێ کە نزیکەی 20 ساڵ دراوسێی گۆڕستان بوم.
ئۆتۆمبێلەکەم ڕاگرت و بەپیاسە بەرەو گۆڕی ئازیزانم هەنگاوم نا، سەرنجی کێلی قەبرەکانم دا، هەر کە بەرواری لەدایکبون و مردنەکەم بەرچاو دەکەوت مێشکم هەر زو تەمەنی حیساب دەکرد و پێی دەگوتم هێندەساڵ ژیاوە، تەمەنی یەک هەفتە تا 100 ساڵم بەدیکرد، هەر بەدەم ڕێوە بیرم لە تەمەنی خۆم دەکردەوە، ئاخۆ دەبێ چەندی لێ مابێ؟ بە هەموو پێوانەکان نیوە زیاتری تێپەڕیوە.
لەم خەیاڵانەدابوم شتێکی سەیرم بە مێشکداهات، ئەرێ خۆ ئێمە هەمومان دو بەروارمان هەیە، بەرواری لەدایکبون و بەرواری مردن، ژیانیش ئەوەیە کە لەنێوان ئەم دو بەروارەدا دەگوزەرێ. ئەوەی لەسەر کێلی گۆڕەکان بەدیم کرد خەتێکی ئاسۆیی کورتی بچوک بو کە دو بەروارەکەی لەیەک جیا دەکردەوە. بەڵام خۆ ئەم بۆشاییە بچوکەی تەمەن لەسەر کێلی هەمو گۆڕەکان هەمان درێژیی هەبو، واتە ئەوەی یەک هەفتە ژیاوە و ئەوەی سەد ساڵ ژیاوە وەک یەک بون !
کەوتمە بیرکردنەوەیەکی قوڵ، تۆ بڵێی درێژیی و کورتیی ژیان بە چی پێوانە بکرێ؟ ئەگەر بە ژمارەی ساڵەکانی تەمەنە ئەوا ڕاست نییە چونکە هەرچەند بژین کاتێک مردین لەناکاو ون دەبین و دەسڕێینەوە.
بەسەرهاتی ئەو لادێیەم هاتەوەیاد کە لەسەر کێلی گۆڕی مردوەکانیان تەمەنێکی زۆر کورتیان دەنوسی، بونمونە ڕۆژێک، هەفتەیەک یا ساڵێک لە کاتێکدا خەڵکی لادێکە وەک خەڵکی تر تەمەنێکی باشیان بەرێدەکرد بەرلەوەی بمرن، دیارە لای ئەوان تەنها ئەو ساتانەیان ئەژمارکردوە کە تاکەکان لەخۆشیدا ژیاون.
من وای دەبینم تەنها ئەو ساتانە زیندوین کە لەپێناوی خەڵک دەژین نەک خۆمان، چونکە هەرچیی بۆ خۆمانی بکەین بەجێی دێلێن و دوای مردنمان کۆتایی دێت، بەڵام ئەوەی بۆ خەڵکی دەیکەین دەمێنێ چونکە هەمو ئەوانەی چاکەیان لەگەل دەکەین بەر لە ئێمە نامرن.
بۆشاییەکەی نێوان دو بەروارەکەی تەنها خەتێکی بچوکە بەڵام هەمو نهێنیی ژیانمان لەو هێڵە بچوکەدایە کە هیچکات بیرمان لێی نەکردۆتەوە. ڕەنگە کورتیی و بچوکیی ئەم بۆشاییە پەیامێکی بەهێزبێت بۆ مرۆڤەکان و پێمان بڵێت (ئاگاداربە بۆشاییەکەی ژیانت بە جوانی پڕبکەوە چونکە ماوەیەکی زۆرت لەبەردەست نییە).[1]