ئیدیۆم و تەکنیکی ئەدەبیی
#دیار لەتیف#
هەندێک فۆرمی ئیدیۆمیی هەن لەناو زمانی کوردی، کە کۆمەڵ واتای پێکهاتەییانی پێ بەخشیوە. زۆر بەکەمی ڕێکدەکەوێت نووسەران دەستەبژێران فۆڕمی واتایی ئیدیۆمی زمان دەستکاری بکەن، جگەلە گۆڕین، بەڵکو شێوەیەکی نوێی ئیدیۆمیی هاوێژتەی ناو زمان بکەن. ئەمەش دیسان کاریگەری و وەرگرتن و بەکارهێنان، ڕۆڵی لەو هاوکێشە زمانەوانییە کۆمەڵایەتییەدا هەیە. یەکێک لەو نموونە ئیدیۆمییەی کە دەخوازم بیهێنمەوە، بەمجۆرەیە(لە سەگ سواڵ دەکات)، واتایە بۆ هەژاری. تێگەشتنەکە ئەمەیە: چونکە سەگ ماڵییە. پرسیارەکەش وادێتەوە: ئەی پشیلەش ماڵییە و ماڵی دەکرێت و ماڵیکراوە. دەکرێت لە کلتووری کوردیدا چونکە سەگ و کەر بەردەوام لە خزمەتی مرۆڤدا بەکاربراون، پشیلە ئەو سیفەتەخزمەتییە مرۆڤییەی نەبووە، تەنانەت نیشییەتی. هەر بۆیە ئەو ناوهێنانە فەرهەنگییەی لە ئاوەزی جڤات و تاکدا جێنشین نەبووە. پایەی واتایی ناوەکان، بەپێی ئەرکیانە. وەک کە وترا سەگ، یانی ئەرکهەڵگرە و پشیلە تەوەزل. خوودی گۆڕینەکە بۆ وشەیەکی وەک ئەسپ گونجاوترە، هاوواتا ئەرکییەکەیان نزیکترە. زۆر گرنگتر لەو باسە، جەختێکی کورت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە جگە لە گۆڕانکارییە وشەییەکانی پێکهاتە ئیدیۆمییەکان، هەندێک ئیدیۆم هەن مانایەکی زۆر نێرسالارانە و فرە توندیان بەرامبەر بە ژن هەیە، ئەمەش ڕۆڵی کاریگەریی نەریتە بەسەر تاک وەک گشتەوە. نموونە ئیدیۆمی(دارێک لەسەر سەگ و دارێک لەسەر ژن). جۆرێکە لە چواندنی ژن بە ئاژەڵ، بە ئاژەڵ ڕوانین لە ژن و بە ئاژەڵکردنی ژنە و لێکردنەوەی نیشانە واتاییەکانی مرۆڤبوونە لە ژن! ئەم نیگانەریتییە بۆ ژن، تەنیا کوردیانە نییە، بەڵکو زۆرینەیەک لە کلتوورەکان هێرشی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆیان بۆ سەر ڕەگەزی مێینایەتی هەبووە. گرنگترین کارێک بکرێت، داماڵینی کۆمەڵە ئیدیۆمێکی کۆنە لە فەرهەنگی ئاوەزیی و فەرهەنگی زمان و هێنانە پێشەوەی بڕە ئیدیۆمی جێگرەوەی نوێیە بۆ ناو زمان و کلتوور. یەکێک لە پایەکانی تازەکردنەوەی زمان، هێنانە ناوەوەی ئیدیۆمی نوێیە. یەکێکیش لە کۆڵکەکانی نوێگەری بە زمانی وێژەیی، بەکارخستنی دەستەواژەی ئیدیۆمییە بۆ ناو دەق. دەقی ئێستای کوردی زۆر خۆی لە ئاماژە ئیدیۆمییەکان نادات و ئەمەش کەموکورتییە، چونکە ئیدیۆمیش بە کەرەستەیەکی هونەری هەژمار دەکرێت. پاژێکی تەکنیکیی زمانەوانیانەی دەقە و نائامادەییەکەی کێماسییە بۆ دەق و قەڵەمڕەوی دەق بەرتەسک دەکاتەوە. مانای چییە و هەتا کەی ئێمە وابڕوانین و تێبگەین دەقێکی شیعری هەر لە وێنەی هونەری و ئاواز و پەیام و بیرۆکە و بابەت و لێکچواندن و تەکنیک وەک(لادانی زمانی و پاروودی و پاتەکردەوەی وشە ڕستە و وشە هاوواتاییەکان و تاد..) دەق بەرهەم دێت، لەکاتێکدا زۆرترینجار ئیدیۆم وەک ڕەگەزێکی هونەریی دەق، پەراوێز و کەنارنشین دەکرێت![1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 406 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!