ناونیشان: چاویلکەکەت بگۆڕە
نووسەر: #شەماڵ محەمەد محەمەد ئەمین#
هەمو بەیانییەک بە نیگەرانی و پەشۆکاوی دەمبینی، زۆر بێزار و ڕەشبین دیار بوو، نازانم لەچی بەڵام لە زۆ شت ڕەشبین و بەدگومان بو. ساڵانێکە بەیەکەوە کاردەکەین، کوڕێکی زۆر باشە، بەڵام نازانم بۆچی وا ڕەشبینە، هەوڵم دا یارمەتیی بدەم و خۆشم لەم مەراقە ڕزگاربکەم بۆیە ڕۆژێکیان ئازایەتیم نواند و لێم پرسی.
حەزناکەم نیگەران بیت بەڵام پرسیارێکم هەیە، توخوا لەدڵت گران نەبێ تەنها لە سۆنگەی خۆشەویستی و خەمخۆرییەوە ئەم پرسیارە دەکەم.
بێلان : فەرمو پرسیارەکەت بکە، نیگەران مەبە دڵم فراوانە.
نازانم هەست دەکەم هەمیشە نیگەرانیت، خەمناک دیاریت، وایە یا من هەڵەم؟
بێلان : نازانم چۆن دایبڕێژم، ڕەنگە لێم تێنەگەی بەڵام هەوڵدەدەم بە سادەترین شێوە بۆتی ڕون بکەمەوە.
هەرکاتێک لە ماڵ دێمەدەر شتەکان ناشرین و لەکەدار دێنەبەرچاوم، وێنەی مرۆڤەکان تەڵخن لەبەرچاوم، شەقامەکان پیسن، تەنانەت کاتێک تەماشای ئاسمانیش دەکەم لێڵ و ناشرین دێتە بەرچاوم، کاتێک ئەم هەمو تەڵخی و ناڕونی و ناشرینییە دەبینم ئیتر بەدەست خۆم نییە نیگەران دەبم، ئێوارانیش ژانەسەرێکی توند دەمگرێت و ناچارم حەبی ئازارشکێن بەکاربێنم، ژیانی من بۆتە سوڕانەوە لەناو بازنەیەکی داخراو، کارکردن، ژانەسەر، حەب خواردن پاشانیش خەوتن بەڵام چ خەوتنێک ! لەیادم نییە شەوێک سێ کاتژمێری تەواو خەوتبم.
من کەسێکی ڕاستگۆم لەگەڵ ناخی خۆم، ناتوانم لە ناخەوە نیگەران بم و ڕوخسارێکی دڵشادی درۆیین پیشان بدەم، شەوانە بە ئومێدی بەیانییەکی ڕون سەردەخەمە سەرسەرین، جاری وا هەیە خەونی خۆش دەبینم، هەر هیچ نەبێت بەشێکی خەونەکانم ڕونن، تەڵخ و لەکەدار نین، بەڵام کە ڕۆژ دەبێتەوە هەمان چیرۆک دوبارە دەبێتەوە، بۆیە دەتوانم بڵێم تەنها لە خەودا ئارامم.
دوای بیرکردنەوەیەکی قوڵ سەرنجی شتێکی زۆر سەیرم دا، چاوێلکەکەی بێلان کۆنە، ماوەیەکی زۆریشە هەمان چاوێلکەی هەیە و نەیگۆڕیوە، جامەکانی چاوێلکەکەی ڕوشاویی زۆریان پێوەیە، زۆر جاریش لەکەدار دەبێت بەڵام ئەو هێند بێتاقەتە و هێندەش خەریکی خوێندنەوە و نوسینە بۆیە زۆر جار توانای خاوێنکردنەوەی چاوێلکەکەی خۆیشی نییە.
ڕاشکاوانە پێم گووت:
بێلان گیان چاوێلکەکەت خاوێن بکەوە ڕەنگە جیهان جوانتر ببینی.
بێلان : زو زو پاکی دەکەمەوە، سودی نییە، دەتوانم بڵێم هەرچەند جاری پاکی دەکەمەوە جیهان ناشرینتر دەبێ لەبەرچاوم.
باشە چاوێلکەکەت بگۆڕە.
بێلان: چاوێلکەکەم بگۆڕم؟ لەو باوەڕەدایت چاوێلکەیەکی تر دنیای من بگۆڕێت؟
بەڵێ، ڕەنگە ئەوکات شتەکان جوانتر ببینیت، دورنییە ژانەسەرەکەشت باش بێت. زۆرجار ڕەنگە شتەکان جوان بن بەڵام ئێمە نەتوانین جوانییەکان ببینین، ڕەنگە زۆر جار گۆشەنیگامان هەڵە بێت، لەوانەیە زۆر جاریش چاوەکانمان یا چاویلکەکانمان هەڵمان بخەڵەتێنن.
مێشکی مرۆڤ بە شێوەیەکی سەرەکی پشت دەبەستێت بە چاوەکان بۆ وەرگرتنی زانیاریی پێویست لە دەوروبەر، ئەگەر وێنەی جوان و ڕون بە مێشک نەگات بێگومان بڕیاری دروست و ڕون لە مێشک دەرناچێت، بەمەش بیرکردنەوەمان کێشەی تێدەکەوێت.
زۆرجار چاوێلکە دەکرێتە چاومان بەبێ ئەوەی خۆمان پیی بزانین، چاوێلکەی کەلتوور، چاوێلکەی ئاین، چاوێلکەی حەزە پەنگخواردوەکانی ناخمان.... هتد، زۆرێکمان بەهۆی چاوێلکەکانی چاومان هەرگیز شتەکان بەڕونی نابینین.
بێلان ماوەیەک داما، کات درەنگی کرد و ماڵئاوایی کرد و ڕۆیشت.
ڕەنگە زۆرجار هەڵەکە لەخۆمان بێت، لە چاومان یا لە چاوێلکەکان، چاوێلکەکان ڕەنگە چاوێلکەی ئاسایی بن، یا چوارچێوەی هزری بن بۆ بینین و بیرکردنەوەکانمان، ئەگەر چاوێلکەکانمان دروست و خاوین بن بێگومان دەوروبەر جوانتر دەبینین.[1]