ناونیشان: کتێبی باش و کتێبی خراپ
ناوی نووسەر: #شەماڵ محەمەد محەمەد ئەمین#
لە گەرمەی کارکردن بوم لەسەر پەرتوکە نوێیەکەم، پەیامێکم بۆ هات لە تەلەفۆنەکەم، سەرنجم دا کارزانە، پرسیارێکی ورد و گرنگی وروژاندبو : بەڕای خۆت، تازە کتێبێکی باش دەتوانێ ژیانت بگۆڕێ ؟
تازە ؟ دیارە کە لەدوای تەمەنی 40 ساڵی گۆڕانکاری کارێکی ئاسان نییە، بەتایبەت گۆڕانکارییە هزرییەکان.
دۆش داماوم نازانم چ وەڵامێکی بۆ بنوسم ! ئێستا زیاتر لە مانگێک تێپەڕیوە بەسەر ئەم پرسیارە، هەرچەندە کاتی پرسیارکردنەکە وەڵامێکی سادەم دایەوە بەڵام خۆشم چاک دەمزانی وەڵامم نەداوەتەوە، بەهەرحاڵ دیارە خەیاڵی ئەوەم هەبوە کە لە کاتێکی گونجاودا وەڵامێکی تێروتەسەلی بۆ بنوسم.
$کتێبێکی باش؟ جا باشی یا خراپیی کتێب کێ بڕیاری لەسەر دەدات؟$
دیندار هەموو کتێبە ئاینییەکان بە باش دەزانێت، بێدینیش هەمویان بە خراپ...
هەژارێکی داماو کە گەورەترین خەمی پەیداکردنی پاروە نانێکە تا ئێوارە تۆ بڵێی کتێب لای ئەو چ باشییەکی هەبێت؟
$ئایا هەموکتێبێک باشە؟$
کارزان گیان، من ئەو کتێبانەی ئێستا دەیانخوێنمەوە ڕۆژگارێک بە نەفرەتم دەکردن و هەرگیز ئامادەنەبوم تەنها خولەکێکیش بە خوێندنەوەیان بەفیڕۆبدەم، لە کاتێکدا هەندێک لەو کتێبانەی ئەوسا کاتم تیایاندا خەرجکرد یا بڕیار بو بیانخوێنمەوە ئێستا ئامادەنیم خولەکێکیشیان بۆ تەرخان بکەم، من هەر خۆمم نەگۆڕاوم بەڵام دیارە هۆکار زۆرن بۆ گۆڕانکاری لە شێوازی بیرکردنەوە و تێڕوانین لە دەوروبەر.
دەبێ بڵێم هەندێک کتێب هەن بۆ هەندێک کەس باشن، هەندێک کتێب هەن بۆ هیچکەس باش نین، هەندێکیش هەن بۆ هەندێک کات باشن، هەڵبژاردنی کتێب کارێکی ئاسان نییە، چونکە من زۆر کتێبم خوێندۆتەوە بەرهەمەکەی تەنها ماندوبون و کات بەفیڕۆچون بوە.
$ئایا کتێب ژیانم دەگۆڕێ؟$
دەبێ دان بەوە دابنێین کە هەندێک کتێب هەن خەڵک دەگۆڕن، هەندێکیش هەن کاریگەر نین، هەندێ خەڵکیش هەن هیچ کتێبێک نایانگۆڕێت.
کتێب چەند کارت تێدەکات بەندە بە ژێرخانی مەعریفی و کەلتوری کۆمەڵگە و جۆری کتێب و تەمەنی خوێنەر و شێوازی بیرکردنەوەی.
برای ئازیز، ئەگەر هەر ئەو کتێبانە بخوێنیتەوە کە هاوبیرانی خۆت نوسیویانە، ئەوا مژدەیەکت پێبدەم، هیچ گۆڕانکارییەک لە ژیان و خەرمانی مەعریفیت ڕونادات، خوێندنەوەی ئەم جۆرەی کتێب وەک گوتنی لای لایەیە بۆت و یارمەتیت دەدات زوتر بخەویت، هاوبیرانت لە نوسەران دەستی میهرەبانی بە پشتتدا دێنن و هیوای خەوێکی ئارام و ئاسودەت بۆ دەخوازن، دەرچون لەم دۆخە و هۆشیاربونەوە لەم خەوە پێویستیی بە هاوار و قیژەی ئەو کتێبانە هەیە کە دژی بۆچونەکانی خۆتن، ئەو کتێبانەی کە دەتگۆڕن، ئەوانەی کە موچڕک بە لەشتدا دێنن و لەگەڵت دەکەونە جەنگ، جەنگێکی سەخت لە ناخت بەرپادەکەن بە گومانبردن و شەڕکردن لەگەڵ هەمو ئەو شتانەی کە تا ئێستا لەلات بێ خەوش و موقەددەس بون، بە گشتی ئەو کتێبانە دەتگۆڕن کە هزر دەوروژێنن، واتە کار لەسەر بەشی لۆجیکی مێشکت دەکەن، وەک فەلسەفە و ڕەخنە و زانست.. هتد.
لە بەرامبەریشدا ئەوانەی گۆڕانکاری ناکەن یا کاریگەرییان کەمە بە گشتی ئەو بابەتانەن کە پەیوەستن بە سۆز، وەک بەرهەمە ئەدەبییەکان چونکە ئەدەب لە سۆزەوە سەرچاوە دەگرێ نەک لۆجیک، بنەمای سەرەکیی بەرهەمی ئەدەبیش خەیاڵە و مادەکەشی زمانە، بۆیە بلیمەتی لە شیعر یا ڕۆمان هیچ زانستێکی تێدا نییە بەڵکو هەڵچونێک یا لافاوێکی وشەیە لە کات و شوێنی گونجاودا هەڵدەقوڵێت لەژێر کاریگەریی سۆزەکان.[1]