دوو کتێب لەیەک بەرگدا و پڕاو پڕ لە زانیاری
مەریوان سەلاح حیلمی 21-7-2021
لەم ڕۆژانەدا کاک (محەمەد غەفور شەریف) کتێبی (هەڵەبجە یادەوەری و شارستانی)، بەدیاری بۆ ناردم، کە چاوێکم گێڕا بە لاپەڕەکانیداو لێی وردبوومەوە، زۆر دڵخۆش بووم کە مرۆڤێک هەیە بۆ یەکەمینجار یادەوەری بەشێوەیەکی زانستی بگێڕێتەوه و بنوسێتەوە و هاوکاتیش خەفەتم بەوە دەخوارد کە ئەم قەڵەمە ورد و بە بڕشتە بۆچی لەرابردوودا بێبەشی کردووین لەنوسینی جوان؟ لەهەر بەشێکی یادەوەرییەکانیدا ئەگەر پێویست بێت سەرچاوەی بەکارهێناوە، لەوەش گرنگتر بۆ هەر بەشێک لە نوسینەکەی، بەوێنەی مێژوویی دەوڵەمەندی کردووە، کە من سەرم سوڕما هەندێ له و وێنانەی چۆن دەستکەوتووە؟ کاتێک دەڵێین کاکە حەمە بەشێوەیەکی زانستی یادەوەری نوسیوەتەوە، مەبەستمان ئەوەیە کە نوسەر تەنها پشتی نەبەستووە بە یادگاری و بیرەوەرییەکانی خۆی، بەڵکو لەپاڵ ئەوەشدا زانیاری جۆراو جۆری کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەی ئه و یادەوەرییانە دەوڵەمەند بکات، ئەمەش نیشانەی دڵسۆزی و وەفاداری ئه و بەڕێزەیە بەرامبەر بە هەڵەبجە.
هەر لەبەشی یادەوەرییەکاندا گرنگی داوە به و شوێن و جێگایانەی کە شارستانێتی شارێک پێکدەهێنن وەک باخچەکانی هەڵەبجە، بەتایبەتی باخی میر، کە لە ئێستادا نەماوە بەڵام چۆتە ناو دەقی شاعیران و نوسەرانەوه، کاکە حەمەش زیندووی کردۆتەوە، وە هەروەها لایەنی جوگرافی هەڵەبجه و وەرزەکانی ساڵ له و شارەدا و پاشان دین و دینداری و ئینجا پیشه و کەسایەتییەکان و مەکینەی کارەبای هەڵەبجە کە عەلەتریکیان پێ وتووە، دواتر شەقام و کۆڵانەکانی شار، تا دەگاتە خانەی میوانداری کە بۆ میوانانی دەرەوە تەرخان کرابوو، ئینجا نەخۆشخانەی سەرەوه و یانەی فەرمانبەران، دواتر تەلاری سەرا، ئینجا خانووی فەرمانبەران و گۆڕەپانی سەرەکی شار.
خاڵێکی تری گرنگ لە یادەوەرییەکانی بریتییە لە خوێندن و قوتابخانە، کە بایەخێکی گەورەی پێداوه و لەبەر ئەوەی کە مێژووی خوێندن ئەوەندە دوور نییە و بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە لەکوردستان، کاکە حەمەی غەفور شەریف هەوڵێکی جوانی داوە کە نەوەی یەکەمی قوتابییەکانی بەوێنەوە باسکردووە، لەگەڵ مامۆستاکانیان، بەڕاستی ئەم ساغکردنەوەیە بەهەموو کەس ناکرێت، پاشان گرنگی داوە بە فەرمانگەی پوختەکردنی توتن لە هەڵەبجەو ئینجا فەرمانگەی بانق و فەرمانگەی پۆسته و گەیاندن و فەرمانگەی شارەوانی و مێژووی کتێبخانە لە هەڵەبجه و پاشان کورتەیەک لەمێژووی سینەما، پاشان بە بازاڕی هەڵەبجەی سەردەمی مناڵی و گەنجی خۆی ئاشنامان دەکات و نرخی هەندێ پێداویستی ئه و سەردەمە باس دەکات، ئینجا دێتە سەر باسی قەیسەری لە هەڵەبجە.
ئێمە بۆیە باسی ئه و شوێن و جێگایانەمان کرد، مەبەستمان ئەوە بوو کە بڵێین کاکە حەمەی غەفور شەریف تەمەنێکی لەسیاسیەت و پارتەکانی کوردستاندا بەسەربردووە، بەڵام ئه و لەبری گێڕانەوەی ماندووبوونی ڕۆژانی ڕابردووی، نەهاتووە باسی خۆی بکات (ئەگەر بیکات حەقی خۆیەتی، وە من بە باشی دەزانم یادەوەری خۆی هەر لەقوتابیانەوە تادەگاتە کۆمەڵه و یەکێتی یاداشت بکات) ئه و هاتووە بەشێوەیەکی بابەتی و زانستی ئه و لایەنانەی باسکردووە کە شارستانییەتی شارێک پێکدێنن، واتە مێژووی شارەکەی پێش مێژووی ژیانی خۆی و خانەوادەکەی خستووه.
بەشی دووەمی کتێبەکەی کاک محەمەد تایبەتە بە ئامارو داتا، کە سەیری ئەم بەشە لە کتێبەکە دەکەیت، ئەوەت بۆ ڕووندەبێتەوە کە نوسەر هەوڵێکی ئێجگار گرنگی داوە و ماندوو بووە تاوەکو ئامارو داتای شارستانێتی هەڵەبجە هەر لە کانی و کارێزەوە تادەگاتە جیۆپۆلەتیک و سنووری شارو دەوروبەری بە کلیۆمەتر و ناوی دێکانی دەروپشتی هەڵەبجە ئینجا ئاماری سەرژمێری، تادەگاتە ژمارەی قوتابخانەکان و دواتر زانکۆی هەڵەبجه و کەرتی گەشتیاری و هتد. ئەم بەشە بۆ هەردوو خوێنەری ئاسایی و خوێنەری ئەکادیمی گرنگە، چونکە خوێنەری ئاسایی ئاشنادەکات بەرابردوو لەگەڵ ئێستایەک، بەڵام بە ئامارو داتاوە (بەداخەوە کورد بەشێوەیەکی گشتی لەگرنگی ئامارو داتا تێنەگەیشتووە) هەروەها خوێنەری ئەکادیمی بەتایبەتی قوتابیانی بەشی کارگێڕی و ئابووری و ئامار، دەتوانن سوودی گەورەی لێوەربگرن، ئەگەر نەبێتە زیادەڕەوی و من بەوپەڕی قەناعەتەوە دەڵێم کە بەشی شارستانی و ئاماری ئەم کتێبە وەک بەشێک لە پێداویستییەکانی ماستەر و دکتۆرا تەماشا ئەکەم، چونکە نوسەر بەوردی زۆر شتی هەڵەبجەی بە ئامارو داتا ساغکردۆتەوە، کە لەتواناو تاقەتی یەک مرۆڤ بەدەرە.
لەکۆتاییدا هیوادارین کە نوسەر بەردەوام بێت، ئەگەر لەگەڵیشیدا کاری وەرگێڕانمان بۆ بکات، هەر زۆر سوپاسی دەکەین، هیوای تەمەن درێژی بۆ دەخوازین.[1]