کۆمیتەی دادپەروەری بۆ ئێزدییان ڕاپۆرتێکی باڵکێشی 280 لاپەڕەیی بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بە جینۆسایدی ئێزدییەکان لە ساڵی 2014.
کۆمیتەکە چەترێکە بۆ کۆمەڵێک دامەزراوەی نێودەوڵەتی کە کار لەسەر لێکۆڵینەوە و ڕاوێژدان بە حکومەتەکان دەکەن سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ. ئەو کۆمیتەیە دەیەوێ بەو ڕاپۆرتە ئامادەکاری بکات بۆئەوەی دۆسیەی جینۆسایدی ئێزدییان بچێتە دادگەی دادیی نێودەوڵەتی. بۆ ئەوەی تەنیا چەکدارانی #داعش# نا، بەڵکو ئەو دەوڵەتانەش کە لە ڕاپۆرتەکەدا ناویان هاتووە بسەلمێندرێت کە کەمتەرخەم بوون.
د. لەیلا فەرمان، ئەندامی کۆمیتەی دادپەروەری بۆ ئێزدییان بەشداریی لە بەرنامەی دیاسپۆرادا کرد و ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکی کۆمیتەکە هەر کەس و دەوڵەتێک بەشداریی یان کەمتەرخەمی کردبێت لە ڕێگریکردن لە جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی دادگەی بکرێت.
د. لەیلا فەرمان ڕوونیکردەوە، کۆمیتەکەیان پێکهاتووە لە 30 کەسی پسپۆڕ لە بواری یاسا و زۆربەیان لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کاردەکەن و سوورن لەسەر سزادانی هەموو ئەوانەی هۆکاربوون بۆ کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی.
د. لەیلا فەرمان گوتی، کۆمیتەکەیان لە ساڵی 2020ەوە لێکۆڵینەوەکانی دەستپێکردووە و بەڵگەی حاشا هەڵنەگریان لەبەردەستە کە هەریەکە لە تورکیا، سووریا و عێراق کەمتەرخەمیان کردووە و ڕێگرییان لە کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی نەکردووە، یاساکانی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژییان پێشێلکردووە و هۆکاربوون بۆ کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی، بۆیە داواکەمان بردووەتە دادگەی دادیی نێودەوڵەتی و داوای سزادانیان دەکەین.
د. لەیلا فەرمان ڕوونیکردەوە، ڕاپۆرتی کۆمیتەی دادپەروەری بۆ کوردانی ئێزدی لە 280 لاپەڕە پێکهاتووە و هەموو تاوانەکانی داعش و هەروەها کەمتەرخەمی وڵاتانی ناوبراوی لەخۆگرتووە و لەڕێگەی پارێزەرانی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە جیهان هەوڵی جیدی دەدەن بۆئەوەی بکەرانی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی بە سزای خۆیان بگەیێنن و حکومەتە کەمتەرخەمەکانیش سزابدەن.[1]