ڕۆجەر واتەرس، کە یەکێکە لەناودارترین هونەرمەندو موزیکژەنەکانی جیهان، گیتارەکەی خۆی بۆ کچە کوردێکی گۆرانیبێژ دەنێرێت کە حوکمی 19 ساڵ زیندانیی لەتورکیا بەسەردا سەپێنراوە.
#نۆدەم دۆراک، # کچە هونەرمەندێکی کوردەو تەمەنی 34 ساڵەو خەڵکی #ماردین#ە، کە گۆرانی بەهەردوو زمانی تورکی و زمانە ڕەسەنەکەی کوردی دەڵێت، ئەو حوکمی 19 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە بەتۆمەتی ئەوەی گۆرانی سیاسی وتوەو پەیوەندی بەپەکەکەوەیە.
هەرچەندە پارێزەرەکانی ڕایانگەیاندوە دەوڵەتی تورکیا هیچ بەڵگەیەکی لەبەردەستدا نییە تا ئەم تۆمەتە بسەلمێنێ.
کاتێک ساڵی 2015 حوکم دراوە، دۆراک ویستویەتی گیتارەکەی لەگەڵ خۆیدا ببات بۆ زیندان، بەڵام پاسەوانانی زیندانەکە ژێی گیتارەکەیان پچڕاندووەو شکاندویانە.
دۆراک پێش ئەوەی بخرێتە کونجی زیندانەوە، ئاماژەی بەوە کرد بو کە دەمێک بوە خەونی بەکڕینی گیتارێکەوە بینیوە، بەڵام پارەی تەواوی پێنەبووە، ئەو وتبوی دایکم ئەڵقەی بوکێنییەکەی دامێ و پێیوتم بڕۆ بیفرۆشەو بەپارەکەی گیتارێک بکڕە، کڕینی ئەم گیتارە بۆ من هەموو دنیای ئەهێنا.
شکاندنی گیتارەکەی دۆراک لەساڵی 2017ەوە دەنگدانەوەی لەنێو هەموو موزیکژەنە دیارەکانی دنیادا هەبوە و هاوخەمی خۆیان بۆ ناوبراو دەربڕیوە، لەنێویاندا ڕۆجەر واتەرس هونەرمەندی ناودار و ئاوازدانەرو چالاکوانی سیاسی و گۆرانیبێژ، کە بەبیستنی چیرۆکی چارەنوسی گیتارەکەی دۆراک و بەناهەق حوکمدانی بۆ ماوەی 19 ساڵ زیندانیکردن نیگەران و توڕە بوە.
رۆجەر واتەرس بەرۆژنامەی ڕۆلینگ ستۆن-ی ڕاگەیاندوە بییەنە پێش چاوی خۆتان کە گیتار چەند ئارامبەخشە تۆ گۆرانبێژو شیعری گۆرانی نوس بیت و لەزینداندا بیت.
راشیگەیاندوە دۆراک خوشکمانەو بەرپرسیارێتیی ئەوەمان لەسەرە پشتیوانی لێبکەین وەک هەزاران و سەدان کەسی دیکە کە لەسەرتاسەری جیهاندا لەکونجی زینداندان.
رۆجەر جەغت لەوە دەکات دۆراکی کچە هونەرمەندی کورد گۆرانی بۆ خێزان و گەلەکەی بەزمانی خۆی دەڵێت، جێی نیگەرانییە وڵاتێکی وەک تورکیا کە خاوەنی میراتێکی هونەریی مێژووییە بەمجۆرە مامەڵەی لەگەڵ بکات و بیخاتە زیندانەوە.
رۆجەر باس لەوە دەکات کە پاش بیرکردنەوەیەکی زۆر بۆ سەرنجڕاکێشانی ڕای گشتی دنیا دەربارەی زیندانیکردنی ئەم کچە هونەرمەندە کوردە، بڕیاری داوە گیتارە ڕەنگ ڕەشە تایبەتییەکەی بۆ دۆراک بنێرێ لەزیندان.
لەساڵی 2021ەوە کە ئەم گیتارە گەشتەکەی دەستپێکردوە لەماڵەکەی ڕۆجەرەوە لەلۆنغ ئایلاندی نیویۆرکەوە، چەند جارێک لەسەرتاسەری ئەوروپادا ڕاگیراوەو لەلایەن ژمارەیەک موزیکژەن و هونەرمەندی ناوداری ئەوروپاوە نەخش و واژۆی پشتیوانی خراوەتە سەر بەرلەوەی ئەمساڵ 2022 بگاتە زیندانەکەی دۆراک لەبایبۆردی تورکیا.
رۆجەر دەڵێت پارێزەرەکانی پێیاراگەیاندم کە دۆراک وتویەتی بەبینینی ئەم گیتارە بۆ یەکەمجار هەستم بەئازادی کردووە لەماوەی شەش ساڵی ڕابردودا.
دەشڵێت من لەهەشتاکانی سەدەی ڕابردوەوە هەستم بەنەهامەتی هونەرمەندانی کورد کردوە لەتورکیا و بەم دواییەش لەڕێگەی کچەکەمەوە هەستم بەنەهامەتی دۆراک کرد، بۆ سەرنجڕاکێشانی ڕای گشتی جیهانیش بڕیارم دا گیتارە تایبەتەکەمی بۆ بنێرم.
جۆرج ڕۆجەر واتەرس George Roger Waters هونەرمەندێکی بەڕەچەڵەک بەریتانییە و تەمەنی 79 ساڵە، ئاوازدانەرو گۆرانبێژو نوسەری شیعری گۆرانی و موزیکژەن و چالاکوانی سیاسی و یەکێکە لەدامەزرێنەرانی تیپی موزیکی پینک فلۆید،
تەمەنی 5 مانگ بووە کە باوکی لەساڵی 1944دا لەجەنگی دژ بەئیتالیادا کوژراوەو ئەمە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیانی هەبوە، لەساڵی 1965ەوە بەیەکێک لەداهێنەرە ناودارەکانی موزیکی ڕۆک ناودەبرێ و ئەلبومی دیوار یەکێکە لەئەلبومە بەناوبانگەکانی.[1]