فلتەر و دەستسڕ
#ژیڤان بەکر#
دەنگی کردنەوەی کڵۆمی دەرگەی زیندان بەرز دەبێتەوە. دوو سمێڵبابڕی هەیتە دێنە ژوورەوە. کاتێ ئەو دوو هەیتەیە دەهاتن، یەکسەر چاودێری ژوورەکە هەڵدەستایە سەر پێ و بە خەندە پێشوازیی لێ دەکردن. هەردەم ئەو دیمەنە پاتە دەبووەوە. پۆلیسێکیان، کە پیاوێکی بەژنبڵندی ڕەشتاڵەی چاوزەقە، ناوی بژارە، بە (بژار بیژی) ناسراوە، جێگری نەقیبیشە. (بژار بیژی)، چاودێری هۆڵی ئێمە (هۆڵی ژمارە یازدە)ی فێر کردووە، کاتێ شتێ بۆ زیندانییەکان لە دوکانی شەکەراتی زیندان دەکڕێ، دەبێ (500) دیناری برێمەر، یانیش زێتر لە نرخی خۆی، لەبۆ ماندووبوونی ئەو دابنێن. گوتبووی ئەوەیان پێ بڵێ، دەنا، ژەهرەماریان لەبۆ دەکڕم! سەری بردە بن گوێی چاودێر، ئەویش گوتی نا، کەسمان بەم ناوە لەم هۆڵەدا لەگەڵ نییە! سەیرێکی ئێمەی کرد، بێگومان نابێ هیچ کەسێکمان چاومان هەڵنەبڕین، دەنا بەسەرماندا دەگوڕێنێ: ها؟ تەمەشا چ دەکەی؟ هێندێ جار بیانوویشمان پێ دەگرێ؛ خۆ ئەگەر دڵی توند ببێت، یەک دووانێکمان هەر دەداتە بەر شەق. ئاماژە بۆ بەرانبەری دەکات، (کارزان)ی داماوی لەسەر یەک سەیرکردن، (کارزان بەرانبەرمان دانیشتووە و گردێک ئالیکی لە بەردەم خۆی هەڵداوەتەوە و کرماندووە. لە زینداندا بە گوڵەبەڕۆژە دەڵێن ئالیک!) بەر شەقدا و سێ شەو خستییە زیندانی تاکەکەسی. ڕووی وەرچەرخاند و زڕەزڕی کەلەپچە و دارعەساکەی، تەزوو بە گیاندا دەهێنێت. بیست خولەک پێش ئەوەی بێی، لێرە بوون. قوڕبەسەر، ئێستە دێنەوە شوێنت! (حەسەنەکۆر) وام پێ دەڵێت، ئەویان لەگەڵ (کارزان) و چوار کەسی تر، لەسەر جڕتێک گرتوون؛ دیارە جڕتێکیان لە گەندەخۆری پارتێک کێشاوە. لە فڕۆکەخانە ئیش دەکەم، فەرمانبەری بۆنە و پێشوازیم. ئێسکوپڕووسکی چەند شەهێدێکیان هێناوەتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی. بە دەیان بەرپرسی گەندەڵ و هەلپەرست لەوێ ئامادەن. هێندێکیان فرمێسکی تیمساحییان دەڕژێنن. وەک بڵێی زۆر سوێیان بۆ ئێسکوپڕوسکی ئەو ژمارە کوردەی ڕێژیمی بەعس ئەنفالی کردوون، بووبێتەوە. لە ناکاو مێروولەمێچکەیەکی هاوکارم هاواری کرد: ئۆهۆی مێروولەینە، دارودەستەی یەئجووج و مەئجووج بە ڕێوەن، نەک پانتان بکەنەوە، بگەڕێنەوە سەر کورسی و مێزەکانتان! هەرچەندە ئاپۆرای خەڵک ڕێڕۆیەکەیان بە پاڵەپەستۆ تەسک کردووەتەوە، بەڵام پاسەوانەکانی هەر پاڵ بە جەماوەرەکەوە دەنێن. پێنج شەش دایکە شەهید بە هۆی تەمەنهەڵکشان و بێهێزییانەوە دەکەونە ژێر دەستوپێی خەڵک. پێم سەیرە، سەیری ڕیزبوونی پاسەوانەکان دەکەم، کتومت وەک ئێمەی مێروولە ڕیز دەبن، کەچی شێوەیشیان لە هیچ بوونەوەرێکی سەر زەوین ناچێ و دەعبای عەنتیکەن!
کڵاو سۆری سەردەستەیان بە دەستی کوتمەی سڵاو و دەموچاوێکی گرژەوە بە نێو خەڵکدا تێ دەپەڕێت. بە هۆی پاڵەپەستۆی جەماوەرەوە، کەوتە نێو قەرەباڵغی، وایان دەبرد و واوەیان دەهێنا. دەستسڕەکەی لە دەستی کەوتە خوارەوە. هەرچی خۆی پچڕییەوە، نەیانتوانی بۆی هەڵبگرنەوە. لە پڕتاو، لە دواوە پاڵێکیان پێوە نام. سەراوسەر کەوتمە بن قاچوقولی خەڵک. دنیا لەو نزمایییە چەند سەیر و تەنگە! پێی ئەم خەڵکە بۆچی وا سەمەرەیە؟ یەکێ گۆشتن، یەکێ ڕەقەڵە، یەکێ باریک و یەکێ خڕکەڵە. ئەفەندییەک پێڵاوی باتە و پیرەمێردێ کڵاشی لە پێیە. گەنجێ کالە، ئەوی دیکە نەعلی پلکە بەسێیە. پێی کچێکی جوان لە نێو هەموو پێیەکاندا دیارە، باریک و ناسک، سپی و تەنک، هەمان ئەو پابووجی کەسک، کە ئەوێ ڕۆژێ مایکی لە دەست گرتبوو، لە بەرنامەکەیدا دەیگوت: من سیلۆنا سێوسنیم، لە شاشە جوانەکەی... لە پێی بوو. چۆنیەتیی دابەشبوونی کورتی و درێژیی پەنجەکانی قاچی (کچە جوانەکەی، شاشە جوانەکەی ئێن-ئاڕ-سی)م ئەزبەر کردووە. چاکی دەناسم و دەناسمەوە. ئەو نزمایییە و قەرەپەستانێیە، هەناسەی مێروولەیش تەنگ دەکا. خۆ بەوە نییە بچووکین، بەڵام ئێمەیش وەک هەڵۆ ئارەزووی چیای بەرز دەکەین، بۆیە تا پێمان بکرێ دەرکی شارەکانمان ڕووەو ئاسمانی شین، بە گەردەخۆڵ هەڵدەچنین. لەگەڵ شەقی ئەم و ئەو، هەر وا گژەی گەرمی بای یەکی ئاب دەستسڕەکە بەرەو ڕووم دێت. هەلە و هەڵدەگرمەوە. هەستامەوە سەر پێ. دەستسڕی کڵاوسۆرە و شانازییە من دەموچاوی تۆزاویمی پێ بسڕمەوە. گۆناکانمم پێ سڕی و وردە وردە لە قەرەباڵغی دوور کەوتمەوە. دەستسڕەکەم خستە نێو گیرفانم، نەبادا پاسەوانەکانی بیبینن، لێمی بستێنن. بە دەست خۆم نەبوو، بەبێ ئەوەی لە ناخەوە هیچ هەستێکم هەبێت، یان بە هۆی تابووتی ئەنفالکراوەکانەوە غەمین ببم، فرمێسک لە چاوانمدا ڕیزی دەبەستێت! گۆناکانم دەبرژانەوە. گەرما هێندەی دی تینی بۆم هێنا. تەوێڵم و ژێرباڵم ئارەقەیان دەکرد. تک تک ئارەقە لە ناوچەوانمەوە بۆ بن پێلووی چاوەکانم دەهاتنە خوارێ. دەستسڕی کڵاو سۆرم دەرهێنا و ژێر پێلووی خوارەوەی چاوەکانمم پێ سڕین. خێرا خستمەوە نێو بەڕکم. ئاگریان تێ بەر بوو. لە دڵی خۆمدا دەمگوت هیچ نییە. کەشوهەوا زۆر گەرمە و ئارەقەیشم سوێرە، بۆیە دەبرژێنەوە. چەند چرکەیەکی نەبرد، فرمێسکی دوو دیدەم، دەتگوت کانیاوی تەقیون!
بێ لام و جیم، دەرگەیان کردەوە. (حەسەنەکۆر) بە چپە گوتی ئەو ملەستوور و ملهوڕە (بژار بیژی)یە. مرۆڤ هەر بە ورگیدا دەزانێ بەرتیلخۆر و شەقاوەیە. جەنابی بیژی ڕووەو (زامدار قەردار)ی چاودێر، (دوای ئەوەی ژنەکەی لەسەر ناپاکی، درۆ، ناوبانگێکی دەبەنگانە و خەڵەتاندنی کچی خەڵک سکاڵای لەسەر تۆمار کردووە، تەڵاقیشی داوە. بۆیە ژنەکەی خۆیی کوشتووە.) قیژاندی، کوا (هاوکار شەمسەدین)، (کە بە هاوەی مام شەمس) ناسراوە؟ (قەردار) بەترسەوە گوتی:
- بە قەبری شێخی گەیلانی، تازە هێنایان.
- ئەدی لۆ گۆتت لێرە نییە؟
- بە تەزبیحی عاریفان، تازە هێنایان. دیارە لای ئەفسەری کۆڵینەوە تۆزێکی پێ چووە!
- کوا هاوەی مام شەمسە؟
- ئەوەتە گەورەم.
قۆڵم ڕادەکێشێ و بۆ لای (بژار بیژی) پەلکێشم دەکات. دوو سێ خولەکێک پێش ئەوەی بێنە ژوورەوە، (حەسەنەکۆر) دەیگوت بۆیە پێی دەڵێن (بژار بیژی)، چونکی خوێڕییەکی ناسراوی گەڕەکێکی هەولێرە، پارتێک هێناویەتی، کردوویەتی بە جێگری نەقیب. ئەو پۆلیسەی لەگەڵی هاتووە، کەلەپچەکە لە جەنابی بیژی وەردەگرێ. بەتوندی مەچەکم دەگوشێ، لە دڵی خۆمدا هەزار جنێوی ڕەش و بۆر بە خۆی و منداڵی نێو بێشکەیان دەدەم. لە گۆڕەپانی زیندانین و تڕومبێلێکی تۆیۆتا-هایس ڕاوەستاوە. تەنێ سێ شووشەی شوفێر و سەرنشینی تەنیشتی و بەر دەمیان ڕەش نییە، پەنجەرەکانی بە ئاسن ڕووپۆش نەکراون، دەنا ئەوەی دیکەیان جێبەجێ کردوون. دەمخەنە دواوەی پاسەکە و یەکڕاست بۆ لای دادگەی سلێمانیم دەبەن. لە گۆڕەپانەکەیدا، بەپاڵدان فڕێم دەدەنە خوارەوە. هاوار دەکەن دابەزە، بەراز! بۆچی ئەو شیشانەت گرتوون و بەریان نادەییت؟
- قوربان، چاوم نابینێ. هێواش! نێو سەیارەکە زۆر تاریکە، هێواش!
- ئەی چاوت دەستسڕی سەرۆکی چۆن بینی؟ چۆنت دزی؟
- بە قوڕعانی قەدیم، لەژێر قاچوقولی خەڵکیم دۆزییەوە.
- ئێستە ئەوە بە دادوەر بڵێ، با بزانین چیت بەسەر دێنێ!
هێندێ پۆلیس زۆر چرووکن. کوڵی دنیا لە بەندکراوی دەستبەستراوەوە دەردێنن. دیسان لە بەر خۆمەوە گوتم ئاخ ئەگەر دەستم نەدەبەسترا و لەسەر شەقامێ وات پێم دەگوت، بە غیرەتم دەمخستیە نێو ئەو گیرفانە بچووکەی کاوبۆم. لێم دەپرسێ ها؟ چیت گوت؟ وەکوو سەگێ پێم بحەپێ، وەڵامی نادەمەوە. (حەسەنەکۆر) گوتی هاوە گیان، کە لە نێو تڕومبێل دابەزییت و کەلەپچەیان لە دەستت کردنەوە، دوو خولەک پێش ئەوەی بتبەنە پێش دادوەر، بڵێ جگەرەیەک دەکێشم. پاکەتە ئیسی (Esse)یەکەت لە گیرفانت دەربهێنە. بەر لەوەی جگەرەکەت دابگیرسێنیت، بە نینۆک فلتەرەکەی بدڕێنە. ئەو بەشەی نەعناعی تێدایە، دەڵێن قورگ و سییەکانی مرۆڤ فێنک دەکاتەوە. توزێکی لە ژێر پێلووەکانت بدە! کاتێ دەگەیتە بەر دەم دادوەر (بەڵکە سکی پێت دەسووتێ و ئازادت دەکات، بۆی بگریت!)، بێ ئەوەی گریانت بێ، چاوەکانت دەزوورێنەوە، وەک باوککوژاروان و غەمگینانی ئەنفالکراوان، بەکوڵ دەگرییت![1]
#01-08-2022#