#سلێمانی# وەکو تابلۆیە
محەمەد گۆران
زوو زوو خۆم دەکەم بەشاردا، سلێمانی شارێکی پڕ وزە و مرۆڤی جوانە، تابلۆیەکە چەندی وردتر لێی بڕوانی، مانای تازەتر و جوانتری لێ دەخوێنییەوە. شاری تازە وەک کچ و کوڕی گەنج وایە، تەژی لەخوێن و قەشەنگی و ئینەرجییە، شارە کۆن و خودان شارستانییەتەکان، لەگەڵ هەبوونی هەندێ خاڵی ئەرێنی، بەڵام مرۆڤەکانی ناوی هاڕدراون، کوشراون، تامی مرۆڤبوون کەمتر دەدەن، چونکە لەبڕست خراون، دەستەمۆ و بەکۆیلە کراون، جارێک نێر بەزەبروزەنگ مێینەی (مێ!) کردووە، جارێکی دیکە، سیستەم و دەسەڵات، بۆ مانەوە و قایمکردنی خۆی، نێرەکانی بە (مێ!) کردۆتەوە!.
ئەگەر سەیرێکی ئەو شار و وڵات و نەتەوانە بکەین کە خودان شارستانییەتن، باشتر لەتابلۆکە دەگەین، ئێران و فارس، ڕۆم و یۆنانی و ئیتالی، فیرعەونی و میسرییەکان، نەوەک زمانە ناسک و پڕ ئاوازەکەیان، تەنانەت (پیاوەکان!)یشیان، جۆرێک لەمێ بوونی تێدایە.!
بەڵام ئەو شارانەی تازەن، هێشتا سرکن، جەربەزەن، خەڵکەکەی دەستەمۆ نەبوون و دوورن لەڕادەست بوون، من لەو گۆشەنیگایەوە سلێمانی دەبینم، بۆیە دڵم پێی خۆشە و تێڕوانینی تایبەت و جێگیری خۆم بۆی هەیە و بەهیچ شتەک لەق نابێ!.
مانگی ڕابردوو هێشتا بەفر لەکوچە و کۆڵانەکانی مابوو، کاتێ سەردانی شارم کرد. پێشنیوەڕۆیەک، بەنیازی چوونە فەرمانگەیەک، دوو تاکسیم یەک لەدوای یەکتر ڕاگرت، یەکیان پێنج هەزار دیناری لێ وەرگرتم و ئەوەی دیکەش سێ هەزار، ئینجا نەشیانگەیاندمە فەرمانگەکە!. ناچار بەپاسەک هاتمەوە لای سەهۆلەکە و لەسەرما خۆم کوتایە قاوەخانەی (جەمال عیرفان)، کاتەک ئەو هەموو کچ و کوڕەم لەوێ بینی، گارسۆنەکان کە بەجلی ڕەش خزمەتی ئەو خەڵکەی ئەوێیان دەکرد، بیرم لەوە دەکردەوە: ئێمەش لە#هەولێر#، پێویستمان بەشوێنەکە بەناوی قاوەخانەی (عەبدولخالیق مەعرووف).
دوای عەسر بەجادەی مەولەوی بەرەو مزگەوتی گەورە سەرکەوتم، دەمێکبوو کوڕێکی #گەرمیان#ی، ناونیشانی کتێبخانەکی پێدابووم کە هەرکات هاتمە شار، هەردوو کتێبی (ڕەمزی نافبع) و (خانی لەپ زێڕین)ی بۆ لەوێ دانێم. ئەو ئەرکەشم بەجێ گەیاند و بەهەمان ڕێگا بەرەو باخی شار هاتمەوە.
دنیا تا دەهات تاریکتر و ساردتر دەبوو، بایەکی دەهات پێستی سوور دەکردەوە. لەشەقامەکە پەڕیمەوە، عەرەبانەیەکی پاقلەفرۆشی وەستابوو، چوومە لای و داوای جێ پاقلەیەکی سوورەوە کراوم کرد، دوای قسەکردن و وردبوونەوە لێی، ئینجا زانیم عەرەبانچییەکە ژنە!.
لەسەرما وەها خۆی پێچابوو، بەشێکی کەمی ڕووخساری دیاربوو، لەتەنیشت خۆیەوە تەنەکەیەکی پڕ لەخەڵووزی گەشاندبۆوە و زوو زوو، دەستە تەزیوەکانی گەرم دەکردەوە. قاپە پاقلەکەی بۆ ئامادەکردم و منیش بەدەم خواردنی پاقلە، کەوتمە پرسیارکردن لێی:
ژنە گوتی تەنها گورچیلەیەکم هەیە و دکتۆر پێی وتووم نابێ سەرمام بێ، بەڵام بەو حالەوەش دایک و خوشک و برایەکم بەخێوکردنیان کەوتۆتە ئەستۆی من و پێویستە کاربکەم، هیچ نەبێ لەو چەند ڕۆژە کرێی خانووەکەمان تەواو بکەم!.
لێمپرسی ئەوەندە پاقلەی ناو مەنجەڵەکە بایی چەندە؟ سەیرێکی کرد و گوتی پانزە هەزار. گوتم تەواو، من ئەو پارەیەت دەدەمێ و تۆ بڕۆرەوە ماڵ. پارەکەم دایێ و زەردەخەنە کەوتە سەر ڕوومەتە سڕبووەکانی!. کاتێ ئەوم بەدڵخۆشی بینی، هەستم بەخۆشییەکی سەیرکرد.
ئەوێم جێهێشت و لەڕێگای گەڕانەوە بۆ لای خانەخوێیەکەم، لەتەواوی ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژەدا، تەنها بیرم کەوتە سەر ئەوەی کە ژنەکە گوتی پاقلەکەی ناو مەنجەلەکە بایی پازدە هەزارە، بۆیە من دەبووا شازدە هەزار دنیاری بدەمێ، هەقی ئەو جێیەی پێشتر بۆی ئامادە کردبووم!.[1]