بەزەییم بە زەکەریادا دێتەوە
#کوردۆ شابان#
خوێندمەوە، نووسرابوو: بەهۆی کێشە دارایییەکانییەوە، تووشی لێپێچینەوەی یاسایی بووەتەوە و بۆی نییە وڵات بەجێ بهێڵێت. کزە لە جەرگمەوە هات بۆی. ڕاستترە بڵێم، بۆ خۆم. ئەو کابرایە کە ئێستا تۆمەتبارێکە لە دادگە، ئێمەی فێر کرد.
یەکەم جار کە ئازیزەکەمان بینی، گوتمان: چەندە جوانی، چەند هێمنی، شۆخ و قەشەنگ، چەند شەرمنی.، پاش هەیامێک کە بەردەوام دەماندیت، دەمانگوت: ئازیزم گوڵی ژاڵە، بەژنت دەڵێی شمشاڵە، منیش وێڵ و ئاوارەم، بێ تۆ ژیانم تاڵە. ڕەنگە ئێستە بەلامانەوە وشەی سادە بن، بەڵام لەو سەردەمەدا، ئێمەیان فێری هەنگاوەکانی بەرەو یار کرد. هەرگیز سادە نەبوون.
یار ڕۆیشت، ئەگەرچی بەڵێنی تاهەتاییمان دابوو. چۆن ئەم هەستەمان دەرببڕین؟ لەجێی ئێمە گوتی: نەمزانی ڕۆژێک دادێ گیانە، تۆ بەجێم دێڵی؛ ساردیی ئەم وڵاتە، لە ناخی دڵدا دەکێڵی! ناکرێ هەر ڕۆژێ دڵ بگۆڕی، چۆنت مەبەستە؛ بیرت چوو بێوەفایی لای ئێمە، گەلێک سەختە؟ دیار بوو سوودی نەبوو، ناچار بکڕوزێینەوە و بە هەموو توانامانەوە بە یار بڵێین: بگەڕێوە بۆ کوێ دەڕۆی، لەکوێ هەوارت هەڵدەدەی؟ لە ئامێزی من بترازێی لەهەر کوێ بی پەناهەندەی. بگەڕێوە، نەوەک ئیتر لە باخی دڵم هەڵوەرێی. بگەڕێوە ژیان لێرە، نەبادا مردن بێتە ڕێی.
ئەم دڵە کۆڵەوارەمان ڕێی مەیخانەی پێ بڕین، فریادڕەسەکەشمان خوێندی: ساقییە بادەم بۆ تێ کە، کە ڕۆحم غەرقی خەمێکە. کە دەمبینی داگیرساوم، دڵسووتاوی چاوجوانێکە. ئیمشەو سەبرم تەنیا پێکە، دونیا هەمووی شەڕابێکە. ساتێ نەکەی لەبیرم کەی، توخوا هەر مەی بێنە و تێکە.
دوای ئەو شەوە مەستییە، سبەینێکەی کە هۆشیار بووینەوە، بڕیارمان دا چیتر خەم بۆ یاری ڕۆیشتوو نەخۆین و ڕێی دیکەی ژیان بگرینە بەر. کەچی یار هاتەوە، لە کاتێکی ناکاتدا. ئاوێنەکەی ڕۆحمان گوتی: بۆچی هاتی، تۆ درەنگ هاتی، هەمووشتێک کۆتایی پێ هات، بۆچی بەجێت هێشتم بۆ، منت دا بەدەست هات و نەهات؟
هەر ئەو کە ئێستا تۆمەتبارە، پێشتر فێری خۆشەویستیی نیشتمانی کردین، پێی گوتین: ئەم خاکە جوانە، بۆ من ژیانە، ڕۆح و گیانم بە فیدای کوردستانە. هەر ئەو فێری کردین بە نیشتمان بڵێین: ژیانی تۆ، ئازادیی تۆ، یەکسانە بە مەرگی ئێمە. هەر ئەو فێری خۆشەویستیی دایکی کردین.
هیچ گومانێکی تێدا نییە، زەکەریا دیاردەیەکی بێوێنەی ناو هونەری کوردی بوو. ئەو هەر فێری خۆشەویستیی نیشتمان و خۆشەویستیی یاری نەکردین، فێری خۆشەویستیی زمانی شیرینی کوردیشی کردین. پێش زەکەریا، کێمان گوێمان لە گۆرانیی کرمانجی دەگرت؟ ئەو فێری کردین، لە #ئامەد#ەوە تا #هەولێر#، لە #مەهاباد#ەوە تا #قامیشلۆ#، گوێ لە ئاواز و گۆرانیی کوردی بگرین. فێری کردین گوێمان لە ژەنگی گۆرانیی بێگانە پاک بکەینەوە و بە وشەی کوردی پڕی بکەینەوە.
زەکەریا کە خۆی نەیزانی چۆن دەست بە خۆیەوە بگرێت وەک سەرمایەیەکی نیشتمانی و شوێن سەرمایە کەوت، بەزەیم پێیدا دێتەوە. چی بە چی گۆڕییەوە! کێ هەبوو وەک ئەو دڵی پەنجا ملیۆن کورد بۆ خۆی ڕازی بکات؟ هەمووشی بهێنێتە سەر ڕێی خۆشەویستیی وڵات؟ هیوادارم لەم دۆخەی تێی کەوتووە بە شێوەیەک ڕزگاری ببێت و خەبەری ببێتەوە. بیری بێتەوە، ئەو کێ بوو؟[1]