هەرکاتێک کێشە کەوتبێتە نێوان حکوومەتی تورکیا و عێراق، میساقی میللی لە میدیاکانی تورکیا هاتووەتە بەرباس، بەتایبەت لە میدیاکانی نزیک لە پارتی داد و گەشەپێدان (#ئاکەپە#). ڕەجەب تەییب #ئەردۆغان#، سەرکۆماری تورکیا، زۆر جار لە میدیاکانەوە نایشارێتەوە کە تورکیا مەبەستیەتی سنوورەکانی بگەڕێتەوە بۆ میساقی میللی، بەڵام چۆن دەتوانێت بیخاتە واری پڕاکتیکەوە، ئەمەیان زەحمەتییەکی گەورەیە. ئەردۆغان هەمیشە دەڵێت: ''سنووری دەوڵەتی عوسمانی دوو ملیۆن کیلۆمەتر بووە، ئێستا بووەتە 700 هەزار کیلۆمەتر، ئەمە چۆن قبووڵ کراوە“.
دوای هاتنی گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆ مووسڵ و چەند ناوچەیەکی تری عێراق، وشەی (میساقی میللی) لەلایەن ڕەجەب تەییب ئەردۆغانەوە هاتەوە بەرباس. ئەگەرچی (میساقی میللی) 100 ساڵی بەسەردا تێ پەڕیوە، بەڵام تورکیا تاوەکوو ئێستاش خەون بەوەوە دەبینێت کە لە چوارچێوەی (میساقی میللی)دا سنوورەکانی فراوانتر بکاتەوە.
ڕەنگە زۆرێک لە خوێنەران زانیارییان لەسەر (میساقی میللی) نەبێت، یاخود نەزانن مەبەستی ئەردۆغان چییە کە لە ماوەی مانگێکدا دوو جار باس لە (میساقی میللی) بکات و هەڕەشەی جێبەجێکردنی بکات؟ ئایا ئه و (میساقی میللی)یە چ زیان، یان سوودێکی بۆ کورد هەیە؟
یەکێک له و بڕیارانەی سەردەمی عوسمانییەکان شانازیی پێوە دەکەن و وەکوو دەستکەوتێکی گرنگ باسی دەکەن (میساقی میللی)یە. له و چوارچێوەیەدا سنووری تورکیا دیاری کراوە کە تورکیای ئێستا تێ دەپەڕێنێت بۆ ناو سووریا و عێراق و شارەکانی حەڵەب و مووسڵ و کەرکووک و هەولێر و سلێمانییش دەگرێتەوە. واتا تورکیا ئه و مافەی هەیە نەیەڵێت ئه و شارانە لەلایەن هیچ لایەنێکەوە داگیر بکرێت و سەربازی بۆ بجولێنێت، هەربۆیە کاتێک ئۆپەراسیۆنی مووسڵ دەستی پێ کرد، تورکیا داکۆکی دەکرد لەوەی ئەویش بەشداریی تێدا بکات و ڕۆڵی هەبێت. پەلاماردانی عەفرین و چەند ناوچەیەکی تری سووریا، هەر پەیوەندیی بەو خەونەوە هەیە، کە تورکیا هەیەتی بۆ ئایندە و فراوانکردنی سنوورەکانی، بەڵام دەستی نەگەیشتە حەڵەب.
دوای شەڕی ڕزگاریی تورکیا، (میساقی میللی) وەکوو مانفێستێکی سیاسیی تورکیا تەماشا دەکرێت. لە 28/1/1920یش بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی عوسمانییەکان قبووڵ کراوە و سنوورەکانی تورکیای تێدا دیاری کراوە.
مستەفا کەمال ئەتاتورکیش یەکێک بووە له و سەرۆکانەی دەستێکی باڵای هەبووە له و بڕیارەدا و شانازیشی پێوە کردووە و لە تورکیشدا بە مانای (سوێندی نەتەوەیی) له و بڕیارەیان ڕوانیوە.
ناوەڕۆکی (میساقی) میللی لە حەوت ماددە پێک هاتووە کە بریتین لە:
1. لە کاتی ئیمزاکردنی ئاگربەستی (مۆندرۆس)، ئه و ناوچەیەی دەستی بەسەردا نەگیراوە، بەدڵنیاییەوە خاکی تورکیایە و پارچە ناکرێت.
2. ئەگەر پێویست بکات لە (کارس، ئەردەهان، باتوم) ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت.
3. عەرەبەکان خۆیان ئایندەی خۆیان دیاری دەکەن (ئه و شوێنەشی زۆرینە عەرەب بێت ڕیفراندۆمی تێدا ئەنجام دەدرێت).
4. تەنیا ڕیفراندۆم ئایندەی ڕۆژئاوای (تو ڕکیا) دیاری دەکات.
5. لە کاتی فەراهەمکردنی ئاسایشی ئیستا نبوڵ و مارمەرا لەلایەن خەلافەتەوە، ئیدی قوڕگی ئه و شوێنانە دەکرێتەوە.
6. کەمینەکان لە وڵاتانی تر، واتا ئه و شوێنانەی تورک کەمینەن دەبێت مافیان بدرێتێ و بەفەرمییش بکرێت.
7. پێشکەوتنەکانمان لەڕووی سیاسی و داراییەوە قەبووڵ ناکرێت سنووردار بکرێت و بەربەستی بۆ دروست بکرێت.
مستەفا کەمال ئەتاتورک، لە ساڵی 1920 کاتێک لەناو پەرلەمان وتارێکی پێشکەش کرد و لە 30-1-1923 بە هەمان شێوە لەناو پەرلەمان وتارێکی لەبارەی (میساقی میللی) پێشکەش کرد، بەئاشکرا کەرکووک و مووسڵ و هەولێر و سلێمانیی خستە ناو ئه و سنوورەی میساقەوە کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
ئەم سنوورە لە باکووری کەنداوی ئیسکەندەرۆنەوە بۆ ئەنتاکیا و حەڵەب دەچێت، تا دەگاتە جەرابلووس و باکووری ڕووباری فورات. لەوێشەوە بۆ دێرەزوور و پاشان مووسڵ و کەرکووک و سلێمانی و هەولێریش دەگرێتەوە.
چ سوودێکی بۆ کورد هەیە
میدیاکانی تورکیا تیشک دەخەنە سەر وتارەکەی ئەتاتورک لەوبارەیەوە بەوەی گوتویەتی، ئەم سنوورانە لەلایەن هێزی سەربازیی تورکیاوە بەرگری لێ دەکرێت، لە هەمان کاتدا نەتەوەی کورد و تورکی تێدا نیشتەجێیە و دەپارێزرێن و ئەوان پارچەیەکن له و خاکە.
بۆیە حکوومەتی تورکیا بە پشتبەستن به و وتارەی ئەتاتورک، پێیان وایە هەروەکوو چۆن کەرکووک بۆ تورکیا هەستیارە، بە هەمان شێوە بۆ کوردیش خاکێکی هەستیارە و ئەتاتورکیش پشتڕاستی کردووەتەوە کە کورد و تورک خاوەنی ئه و خاکەن.
بەڵام بەهۆی ئەوەی، نەژادپەرستەکانی تورکیا لەناو پەرلەمان بوونەتە هاوپەیمانی ئەردۆغان، بۆیە کاتێک دێنە سەر مافی کورد، چاویان دەگرن و گوێشیان کەڕ دەکەن، ئەوان دەڵێن کەرکووک تەواو شارێکی تورکمانییە و کورد هیچ مافێکی پێوە نییە.
بەگوێرەی ئەو شرۆڤانەی لە میدیاکانی تورکیادا ئەنجام دەدرێت، جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانی بەسەردا دێت و تورکیا ترسی هەیە سنوورەکەی بەرتەسک و بچووک بکرێتەوە، بۆیە هێزی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان و لیبیا و سوودان ناردووە، دەیەوێت بڵێت تورکیا خاوەن هێزە و بەئاسانی دەستبەرداری سنوورەکانی نابێت. هەمیشەش ئەوە بە بیر ڕۆژئاوا دەهێننەوە، کە میساقی میللی بۆ ئەوان سوێندنی نەتەوەییە و دەستبەرداری نابن.[1]