لە نێوان بەیت و قەسیدەدا
#ڕەسوڵ بۆسکێنی#
بەیتی کوردی لە بەسەرهاتی چیرۆک ئامێز و تایبەتمەند پێکهاتووە، دارشتنی بەیتەکان بەشێوەیەکی شیعری جوان و ڕەوان، لەسەر کێشی خۆماڵی و تایبەتی، بۆ دەربڕینی مەبەستێک گوتراوە، شێوەی بەیتەکان جۆراوجۆرن، جاری واهەیە نیوە شیعرەکانی تەواوێک درێژن و جاری واش هەیە زۆر کورتن، بەڵام لەهەموو حاڵێکدا کێش و مۆسیقا پارێزراوە و شیعری بێ قافیەی تێدانییە، بەڵام لەسەر بنەمایەکی ڕێک وپێک دانەنراوە، جاری واهەیە زۆر لەسەر قافیەیەک ڕۆیوە و جاری واش هەیه هەر تاقە دوو نیوە شیعر لەسەر یەک قافیەن، وشەگەلی ڕەسەن و شیرینی کوردیان بەکارهێناوە، ناوەرۆکی زۆربەی بەیتەکان بەسەرهاتێک یان ڕووداوێکی مێژوویی و خۆشەویستی نێوان دڵداران دەگێڕتەوە.
لەهەمان کاتدا قەسیدە شێوەی تایبەتی خۆی هەیە، لەشیعری کلاسیکی دا هەموو غەزەلێک لەپێنج دێڕە شیعر پێکدێ، تا دەگاتە هەژدە دێڕە شیعر، ئەمە غەزەلی پێ دەڵێن، لەدوای ئەوە قەسیدەی پێ دەڵێن، ئەم بابەتە شیعرە وشە و ڕستەی عەرەبی زۆری تێدابەکاردێ، بێگومان هەر غەزەل و قەسیدەیەک لەسەر کێشی عەرووزی پێکدێ و دەبێ یەکێتی قافیەش پارێزراوبێ .
قەسیدە یەکێکە لە فۆرمەکانی شیعری کلاسیک، لە پێشدا لەنێو عەرەبەکاندا باو بووە، دوای ئەوەی خەڵکی ئێران دێنە سەر ڕێبازی ئیسلام، شاعیرە فارسەکان بە لاسایی کردنەوەی عەرەبان لەو جۆرە شێعرە دەهۆننەوە و شاعیرانی کوردیش هەروا، شیعری کوردی لەڕێگای شیعری فارسییەوه کێشی عەرووزی وەرگرتووە، خۆی قەسیدە واتە شێعری مەبەستدار، شێعرێک تایبەت بۆ مەبەستێک نووسرابێت، دوکتۆر سیرووس شەمیسا لە کتێبی جۆرەکانی ئەدەب دا دەڵێ: قەسیدە یەکەم جۆرێکی شیعرە، لە ئەدەبیاتی فارسی دوای هاتنی ئیسلام بە لاسایی کردنەوە لە شیعری عەرەب هاتووەتەدی.
دکتۆر مارف خەزنەدار لە مێژووی ئەدەبی کوردی بەرگی دووەم دەڵێت: ئەم هونەرە شیعریەی قەسیدە لەئەنجامی تێکەڵ بوونی مەدەنیەتی نەتەوە موسڵمانەکان (بەتایبەتی عەرەب و فارس و تورک و کورد) پەیدابووە، لەناو کورددا لەسەردەستی مەلای جزیری لە باکووری کوردستاندا گەیشتە پلەیەکی بەرز، کەلەڕووی هونەریەوە لەشاعیرانی فارسی هاوچەرخی خۆی کەمتر نیە.
قەسیدە خۆی لە ڕاستیدا شیعرێکە بۆ پەسنبێژی و پێداهەڵگوتن دەوترێ. قەسیدە فارسییەکان پەسنی دەسەڵاتدار و ئەمیرەکانی سەردەمی ژیانی شاعیرانە، شاعیر لە پێناوی ئەو قەسیدانەدا شاباشی وەرگرتووە، قەسیدە لە چەند بەشێک پێک دێ. بەشی یەکەمی قەسیدە پێداهەڵگوتنە بە هەڕەتی لاوێتی و تایبەتمەندییەکانی ئەو قۆناغەی تەمەن و بە عەرەبی پێی دەڵێن: “تەشبیب”. بەو پێیە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو قۆناغە، ژیانی دڵداری و خۆشەویستییە، بۆیە ئەم بەشەی قەسیدە هەر باسی عەشق و دڵدارییە، لە بەشی دووەمیدا کە پێی دەگوترێ “تەخەلوس” شاعیر ئەو باسە دڵدارییە بە بەیتە شیعرێک وا لێ دەکا بەبێ ئەوەی هەست بە دابڕان و پچڕانێک بکرێت بای دەداتەوە سەر پەسن و پێداهەڵگوتن بەمیر یان پادشادا. بەشی سێهەمی هەمووی پێداهەڵگوتنە و بەشی کۆتایی یان چوارەمیشی هەر دوعاکردن و هیوای تەمەندرێژییە بۆ ئەو کەسەی پێیدا هەڵدەڵێ.
بەیتە کوردییەکان لەو ڕووەوە زۆر لە قەسیدە نزیکن، بەیتبێژ لە پێشدا کوڵ و کۆی دەروونی خۆی هەڵدەڕێژێ و بەخۆی هەڵدەڵێ و دوای ئەوە دێتە سەر باسە سەرەکییەکەی، کە پێداهەڵگوتنە بە قارەمانی بەیتەکە و لە هەندێ شوێندا بەیتبێژ یان گێڕەرەوە یان قارەمانی بەیتەکە لەناخی خۆیدا و لەگەڵ خۆی دەدوێ. لێکچوونی بەیت و قەسیدە، نەک لەم لایەنە نێوەرۆکییەدا، بەڵکو لە لایەنێکی فۆرمی و پێکهاتەیی دا زەق دەبێتەوە، بەیتە درێژەکان لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی چەندین بەشی جۆراوجۆر لە خۆ دەگرن، کە مەنتیقی فۆرمیی و ناوەرۆکیی ئەم بەشە جۆراوجۆرانە تاڕادەیەک پێکەوە جوداوازییان هەیە. بەیت لە هەندێک بەشیدا بە وەسفی ناسک و ئەویندارانە شێوازێکی لیریک و غینایی بەخۆیەوە دەگرێ، لەم بەشانەدا زۆرتر پیاهەڵدان و نزایەکی ئەویندارانە و پاڕانەوەیەکی دڵسووتاوانە لە قاڵبی مۆنۆلۆگدا بەدی دەکرێن.
لە باری نێوەرۆکیشەوە لێکچوونێکی زۆر لە نێوان بەیت و قەسیدەی فارسیدا هەیە، دوکتۆر سیرووس شەمیسا لە کتێبی جۆرەکانی ئەدەبدا دەنووسێ: قەسیدە، فۆرم و قاڵبی واتا و ناوەرۆکی پاڵەوانێتی و حەماسییە و باسی پاڵەوانێک دەکا کە دەچێتە سەفەری پڕ مەترسی و هات و نەهات و بە تەنیا لەشکرێکی گەورە قەڵتوبڕ دەکات، شەڕەکانی ئەو پاڵەوانە لایەنی نەتەوەیی یان ئایینیان هەیە و پەلامار دەباتە سەر کافران یان دوژمنانی وڵاتەکەی.
سەبات حەمید لە کتێبی ڕۆڵی ئافرەت لە بەیتە فۆلکلۆریەکاندا، دەڵێ: بەیت گێڕانەوەی سەربردە و هەندێک جاران کارەسات یان پاڵەوانێتی کەسێک پیشان دەدەن، بەیتی لاس و خەزاڵ هەم پاڵەوانێتی و هەم دڵداری و بەکارەساتیش کۆتایی دێت ، لاس پاڵەوانێکی بێ وێنە و عاشقی خەزاڵی سەرۆک عەشیرەتی مەلا نەبییان دەبێت و دواجاریش بەتیری دوژمنان تێدادەچێت. لە بەیتی سوارۆشدا، سوارۆ دەچێتە سەفەری کاولە لەحسایە و نازدار حەیرانەکەی پێی دەڵێ: یاخوا خەبەری مەرگی تۆم بۆ بێ، بەڵام نەبیستمەوە تۆ سەری کەحێلەکەی خۆتت لە بەر هەزار و پێنسەد سواران وەرگێڕاوە و بە تێکشکاوی و بەزیوی گەڕاویتەوە و منت لە نێو ناسک و نازداراندا شەرمەزار کردبێ.
بەم پێیە بەیت و قەسیدە لە هەر دوو بواری فۆرم و نێوەرۆکدا لێکچووییان پێکەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازییەکانیشیان زۆر لەوە زیاترن کە لێرەدا بە کورتی ئاماژە بە چەند خاڵێکی جیاوازییەکانیان دەکەین.
جیاوازییەکانی نێوان بەیت و قەسیدە
دەکرێ بنەما و گرنگترین جیاوازیی نێوان بەیتە فۆلکلۆرییەکان و قەسیدە لە کێش و سەروایاندا دەسنیشان بکەین، قەسیدە لەسەرەتاوە هەتا کۆتایی لە سەر یەک کێشی دیاریکراو دەڕوات، زۆر جار وشە و ڕستەی عەرەبی تێکەڵاوە، کەچی بەیتە فۆلکۆریەکان بەزمانێکی جوان و ڕەوان وتراوە و وشەگەلی ڕەسەن و شیرینی کوردیان بەکارهێناوە، میسرەعەکانی قەسیدە لەسەر کێشی عەرووزیە و لە دەستپێکەوە هەتا کۆتایی لەسەر یەک کێش دەڕۆن، بەڵام بەیت بەزۆری گێڕانەوەی تێدایە و کێشی بەیتەکان کێشی خۆماڵییە، کێشی بڕگەییە و میسرەعەکانی کورت و درێژن. بۆ وێنە:
“ئەوە کیژ دەرێ سوار ئەگە دەچیە وان سەفەرێ
ئەوەت وەسیەت بێ لە سەر دەستی من
پەڕەوە لە چۆمی عوودێ لە دەریای عومانێ
ئەسپێکەخۆت باژوێ لە کەناری دەسواران
بریا سوار ئەمن خەبەری تۆم بۆ هاتبا کوژرابایەی
ئەوە درابایە بەر وەودای شیر و خەنجەر و قەناران
نەوەک ئەتۆ هەڵاتبای و سەرێ کەحێلێ خۆت وەرگێڕابا
لە بەر هەزار و پێنج سەد سواران چونکە ئەمنت خەجاڵەت دەکرد
لە کن شەدەشل و شل ومل و چاوبەکل و ناسک و نازداران”
وەک دەبینین هەر دێڕەی بڕگەکانی لە چاو بڕگەی دێڕەکەی دیکە کورتتر یان درێژترە، ئەگەر قەسیدە پشت بە کێشی عەرووزی دەبەستێت، ئەوا بەیتە فۆلکلۆرییەکان پشت بە کێشی خۆماڵی و لە ڕاستیدا مۆسیقای ناوەوە دەبەستن و لەوەیاندا لەگەڵ شێعری نوێدا لێک دەچن.
لە بارەی بەندەکان (میسرەعەکان)ی بەیت چەند دێڕی هاوسەروان و بە گشتی دوو جۆرن. جۆری یەکەم ئەو بەندانەن کە دێڕەکانیان کورتن و هەر دێڕەی لە دە بڕگە تێناپەڕێنێ. جۆری دووهەم ئەو بەندانەن، دێڕەکانیان درێژن و لەوانەیە دێڕێک، هەتا بیست و دوو بڕگەش درێژ بێتەوە.[1]