مار نابێت بە یار
مار کە بووە بە هێمای دوژمنداری و ژار و پێوەدان و گازگرتن، ترس و تۆقاندنیشی لە دڵی مرۆڤدا چاندووە، چونکە زۆر ئازیزان و خۆشەویستان بە هۆی گازگرتنی مارەوە ژاراویی بوون و ماڵئاوایی و ژیانناواییان کردووە، لە ماوەیەکی کورتدا شاردراونەتەوە و خراونەتە ژێر خاک و بۆ ئەبەد نەبینراونەتەوە، تەنها حەسرەت و خەم و خەفەتیان بۆ کەس و کاریان جێهێشتووە، مار خاسیەتی دوژمنکارانەی بەرامبەر دەوروبەری لە گیانلەبەران و مرۆڤ کۆتایی نایەت و لە غەریزەیدا ئه و حاڵەتە بوونی هەیە و چەسپاوە، زۆر چیڕۆک و گێڕانەوەی بەر ئاگردانیش ئه و ڕاستیەیان دووپاتکردۆتەوە، چێرۆکی بەر ئاگردانی کورد دەڵێت: ڕۆژێک لە ڕۆژان وەرزێرێک لە چلەی زستانی سارد و کڕێوەدا، مارێکی سڕ دەدۆزێتەوە، دڵی پێی دەسوتێ، هەڵی دەگرێت و دەیخاتە باخەڵیەوە، تاوەکو گەرمی بێتەوە، کە مارەکە گەرمی دەبێتەوە و جووڵە دەکات، یەکسەر بە ژێر باڵی وەرزێرەکەوە دەدات و دەیکوژێت، ئەوەش بووە بە ئیدیۆم و بۆ کەسی خراپەکار دەوترێت: وەک ماری سڕ وایە، هەروەها لە گۆرانی فۆلکڵۆری کوردیشدا هونەرمەندی گەورە #حەسەن زیرەک# دەفەرموێت: میسلی ماری بێ ئیجازە لە دڵی عاشق دەگرێ گازە، واتە ئه و مارە مۆڵەتی لە ڕێبازی قادری سۆفیگەرێتی ئیسلامیەوە وەرنەگرتووه، کە لە تەریقەتدا ئه و دەروێشانەی ئیجازەی شێخیان هەبووایە بە(مارگر) ناو دەبران و ئیجازەی مارگرتنیان هەبوو، کە مارەکەیان دەگرت، مارەکە بەهۆی مۆڵەتی ڕێچکەی قادرییەوە گازی لێ ناگرتن(ئەفسانەیە)، بەڵام ئه و مارەی حەسەن زیرەک ئاماژەی پێکردووە، بێ ئیجازە بووە و زۆر بێ بەزییانە گازی گرتووە، بەماری کوڵەوەیبابیش وتراوە: بێ ئیجازە لەبەر ژەهر پیسی کە یەکسەر کوشندەیە، هەروەها لە دەقی فۆلکلۆری تردا هاتووە:
هاوڕێ گەڵێکیان وەک مار سڕن
ڕواڵەت دۆست و لە بنەوە بڕن
جگە لەمانە چەند ئیدیۆمێکیتر لە سەر ژاری مار وتراوە، ئەگەر شتێک زۆر تاڵ و ژەقنەبووت بێت وتراوە: دەڵێی ژەهری ماڵە یان وەک ژەهری مارە، ئه و مارانەی کە هەمیشە بیر لە پەلاماردان و هێرشبردن دەکەنەوە بۆ تۆڵەکردنەوەی، کورد پێیان دەڵێت: #مار کلکی لە بیر ناچێت#، خاسیەتەکانی گەستن و پێوەدان و ژار ڕووکردن کە لە ئەدگار و پێکهاتەی ماردا هەیە وایکردووە، ببنە خو و ڕەوشتی مار و لەبەر ئەوە مار بۆ یاری نابێت بۆیە کورد لە ئەزمونەوە وتویەتی: مار نابێت بە یار. [1]