ئا: زامۆئا داراغا
یەکێک لەو ئەرشیفە گرنگانەی کە لای باوکم (غفور ڕشید داراغا) وەڵامی مەندوبی سامی بەریتانی لە عیراق, کە بۆ خاتوو (#حەپسە خانی نەقیب#)ە کە بە دەستوخەتی خۆی نووسیوێتی لە نێو بەرتوکێکی تایبەت بەم نامەیە نووسیوێتی. بە گرنگی ئەزانم ئەم ئەرشیفە بڵاو بکەمەوە, بە تایبەتی لە ئیستادا کە دۆزی کورد لە ناو خۆ و لە دەرەوە توشی گێشەی زۆر بووەتەوە, گرنگە بزانین ئەم کێشانە ڕەگ و ڕیشە و مێژووەکەی لە کوێوە سەری هەڵداوە. لەگەڵ نامەکەدا بڕیاری کۆمەڵەی نەتەوەکانەوە (#عصبة الامم#) نێراوە بۆ خاتوو (حەپسە خانی نەقیب) لە سەر ئەو (هەشت) سکاڵانامەیەی کە نێردرابوون بۆ کۆمەڵەی نەتەوەکانەوە (عصبة الامم) لەو کاتەدا.
یەک ڕۆژ دوای ڕاپەرینی (#بەر دەرکی سەرا#) لە سولەیمانی خاتوو (حەپسە خان) نامەیکی توند و پڕ لە ناڕەزایی ئاڕاستەی مەندوبی سامی بەریتانی ئەو کاتەی عیراق ئەکات کە لە کۆتایدا داوای لێ ئەکات کە نامەکەی وەڕگێڕێتە سەر زمانی ئینگلیزی, بینێرێت بۆ کۆمەڵەی نەتەوەکانەوە (عصبة الامم).
ئەوەی کە جێی سەرنجە کەسایەتیەکی وەک (حەپسە خانی نەقیب) لە ناو مێژووی ئەم شارەدا کە هەمیشە داکۆکی لە مافی نەتەوەیی بە گشتی و مافی ئافرەتانی ناو کۆمەڵگەکەی کردوە, پشت گوێ خراوە و گرنگی پینەدراوە, ئافرەتێکی (تێکۆشەر و فیمینست) کە بەردەوام هەوڵیداوە شارستانی و خۆشگوزەرانی دەستەبەر بکات بۆ شارەکەی, لە دروست کردنی یەکەم قوتابخانەی ئافرەتان و هاوکاری کردنی ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و یارمەتی دانی خەڵکی هەژار و لێقەوماو, یەکسانی و بە دەست هێنانی مافی ئافرەتان لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا کە هەمیشە وەک چالاکەوانێکی (فیمینستی) کاری کردوە, ئەمەی خوارەوە دەقی نامەکەی مەندوبی سامی بەریتانییە لەگەڵ مامەکەی خاتوو (حەپسە خانی نەقیب)
ڕاپۆرتی بڕيارنامەی کۆمەڵەی نەتەوەکان (عصبة الامم)
لەسەر سکاڵانامەکانی کورد لە ساڵی 1930
ژمارە / 6 ای / 22413 / 655
جنوە – 5 / ئۆکتۆبەر / 1931
ئەی خانمەکە...
کۆنگرەی کۆمەڵەی نەتەوەکان (عصبة الامم) لە بڕیارەکانی دا بە ڕێکەوتی 4/ سپتمبەر / 1931 بە پێی پیشنیاری (لیژنەی دەست بە سەراگرتنی هەمیشەیی) (لجنة الانتداب الدائمة) پێی ڕاگەیاندووم کە هەواڵتان بدەمێ کە سکاڵانامەکەتان لە (7 / ئەیلولی / 1930) سەیر کراوە, کۆمەڵەی نەتەوەکان تائێستاش پشتگیرە لەوەی کە مافەکانتان ڕێزدارە وە بە بەزەییەکی زۆرەوە سەیری ئەکات ئەگەر بێت و بڕوابکرێ بەوەی کە کوردەکان ئەو پێویستیانەی لە سەریانە بە تەواوی جێبە جێی ئەکەن لە پێناوی پاراستنی ئاسایشی شانشینەکەدا و سەرخستنی میریی عیراق.
بۆ ئەوەی لە هەمووشت ئاگاداربن و وینەی ئەو بریارەتان بۆ ئەنێرم کە دراوە لە سەر سکالانامەکەتان لەلایەن مستر (راپارد)دەوە بۆ لیژنەی دەسەلاتدەست بە سەراگرتنی هەمیشەی (لجنة الانتداب الدائمة) وە ئەوەش بەستراوە بەپێش هاتەکانی دانیشتنی بیستەم لە دانیشتنەکانی لیژنەکە.
شانازی ئەکەم ئەی خانم کە ببم بە خزمەتکارێکی گوێ ڕایەڵتان
بەڕیوەبەری بەشی دەست بە سەراگرتن
کورتەیەک لە ڕووداوەکانی دانشتنی (20) بیستەم کە گیراوە لەلایەن لیژنەی دەست بە سەراگرتنی هەمیشەیی (لجنة الانتداب الدائمة)وە
ژمارە سی (c) 422 م / 167 / 1931 شەشەم پی پی / 220 / 222 / سی پی 1198 (1)
عیراق...
ئەو سکاڵانامانەی کە دراوە:-
1/ سکاڵانامەی کوردەکانی عیراق کە نێرراوە بۆ لیژنەی دەست بە سەراگرتن لەلایەن حکومەتی بریتانیاوە لە 20/ فیبرایر / 1931 ز
2/ سکاڵانامەیەکی تر لە (تۆفیق وهبی بەگ)ەوە لە ڕیکەوتی 19/ ئەپریلی 1931
ڕاپۆرتی بڕیارەکەی مستر (راپارد)
لە سەر خواستی سەرۆکی لیژنە, کە جێی شانازیە کە ئەم تێبینیانە پێشکەشی هاوڕێکانم بکەم لە پاش خوێندنەوەی سکاڵانامەی کوردیەکان کە چەند جۆرن وە داواکراوە لێم کە بە ووردی سەرنجی بدەم لەگەڵ ووتەکانی ووڵاتە دەست بەسەراگیراوەکاندا.
هەرچەند ئەو باسانەی خرابوونە بەردەمم زۆر زۆر بوون لە قەبارەی چەند پەڕاوێکدا بوون بەڵام تێبینییەکانی من زۆر کورت ئەبێ لەسەری لەبەر ئەمە بە پێویستی نازانم کە باسی هەموو ئەو شتانە بکەم کە لەهەموو سکاڵانامەکاندا هەیە لەگەڵ ووتەکانی ووڵاتە دەست بە سەراگرەکە چونکە ئەمە ئەبێ بە هۆی دووبارە کردنەوەیەکی بێ کەڵک وە لەبەرئەوەی کە هاوڕێکان ئەتوانن خۆیان تەماشای ئەو سکاڵانامانە بکەن.
وە من قسەکانم لەم شێوەیەدا کورت ئەکەمەوە:-
1/ لیستێکی سکاڵانامەکان لەگەڵ ڕێکەوتەکانی و سەرچاوەکانیاندا.
2/ ناوبردنی گرنگ ترین نارەزایی خاوەن سکاڵانامەکان.
3/ کورتەی تێبینیەکانی وولاتە دەست بە سەراگرەکە.
4/ پیشکەش کرنی چەند سەر ئەنجامێکی کورت.
1-لیستی سکاڵانامەکان
نامە ڕیکەوت سەرچاوە
C.P.M ا/ 24/اب/ 1930 سەرۆکی خێڵەکانی (الراود – ڕاود - داودە) ()
1140 , 1151 ب/31/اب/1930 یەکێتی نشتمانی گشتی خەڵکی کوردستانی خوارو
ح/ 7/ئەیلول/1930 حپسە خانی نقیب زادە
ع/9/ئۆکتۆبەر/ 1930 سەرۆک خێڵەکانی مەریوانو خێڵی فتاح علی بگ
ه/9/ئۆکتۆبەر/1930 پیشەوا کوردەکان
و/9/ئۆکتۆبەر/1930 شیخ محمود و 30 سەرەک خێڵی پشدەر
ز/14/ئۆکتۆبەر/1930 جعفرسوڵتان و 19 کەس لەپیاوە گەورەکوردەکان
C.P.M 1192 19/نیسان/1931 تۆفیق وهبی بەگ
() لە دەست نووسەکەدا بە زمانی عربی بەم شێوەیە نووسراوە (الراود) وە بە زمانی کوردی بەم شێوەیە نووسراوە(راود)
کە لە ووشەی (داودە) وە نزیکە, پێی ئەچێت (خێڵی داودە) بێت.
2- ناڕەزایی خاوەن سکاڵانامەکان
ئەم سکاڵانامانەی کە سەرنجم لێ داوە و لێی وورد بوومەتەوە جیاوازە لە درێژی و شێوەو ناوەڕۆکدا, بەڵام هەمووی تووڕەیی و ناڕەزایی گەلی کورد دەرئەخا کە لە عیراق دائەنیشن.
خاوەن سکاڵاکان و ئەوانەی کە بەناویانەوە ئەدوێن, هەموو ناڕەزایی دەرئەبرن بە پلەی جیاواز بەرامبە بە سیاسەتی حکومەتی عیراق و ووڵاتە دەست بە سەراگرەکە (المنتدب)
لەوەی کە ئەدرێنە پال دانیشتوانەکانی کەی ووڵاتە دەست بە سەراگیراوەکە.
لە بەر ئەوەی کوردەکان جیاوازن لە نەژاد (اصل) و زمان و خووڕەوشت و جۆری ژیانیان و ئامانجە سیاسیەکانیان دا لە دانیشتوانی دەشتەکان هەروەها کوردەکان هەست بە پێوستی یەک گرتن ئەکەن لەگەڵ کوردەکانی دەرەوەی عیراق بەمەدا بۆم دەرئەکەوێ واهست ئەکەم کە ئێستا لەبەردەم گیروگرفتێکی نەتەوایەتیاین کەپیان ئەوترێ کەمایەتی.
وە هەندێ لە سکاڵانامەکان زۆر شاراوەیە و ناڕەزایی لە دەست زوڵم و زۆرداری حکومەتی عیراق دەرئەبڕن.
هەندێکی کە ڕوون تر ناڕەزایی دەرئەبرن لە بوونی مووچەخۆر (فەرمانبەر)و کار بە دەستی بیانی کە کورد نین شوێنە کوردیەکان بەرێوەدەبەن, لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت بەڵێنی داوە کە دژی ئەم جۆرە شتانە بێت.
هەندێکشیان نارەزایی دەرئەبڕن لەوەی کە باجێکی زۆر خراوەتە سەر ئاژەڵ و کشتوکاڵیان.
وە زۆرترینی نارەزایی دەرئەبڕێ لەو پەیمانەی (معاهدە) بەستراوە لە نێوان عیراق و بریتانیادا و ئەڵێن کە هیچ جۆرە مافێکی گەلی کوردی تیا باس نەکراوە.
وە ژمارەیەکیان نارەزاییی دەرئەبڕن لەو (ئیرهاب و توندوتیژیە) و زۆرداری وخراپەیەی تووشی جەماوەری کوردەکان بووە وە یاخودتووشی سەرۆکە کوردەکان بووە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا لە سلێمانی.
لە کۆتایدا دوو سکاڵانامەم بینی کە شێوەیان زۆر لە یەک ئەچێ نارەزایی دەرئەبڕن کە سکاڵانامەیان ناردوە بۆ (باوەڕپێکراوی بریتانی) لە عیراق, بەڵام وەڵامی نامەکەیان نەدراوەتەوە.
3- داخوازی خاوەن سکاڵا نامەکان
ئەم سکاڵانامانە بێجگە لە ناڕەزایی دەربڕین وەک لە سەرەوە دەرمان خست چەند داخوازیەکیشی تیایە کە داوای (دامەزراندنی بەرێوەبەرایەتی و ڕامیاری) ئەکەن لەو ناوچەیەدا کە کوردەکانی تیا ئەژین لە عیراق.
ئەم سکاڵانامانە هەمووی جیاوازن و دژ بە یەکن لە شێوەی داخوازیەکانیان دا هەندێکی داوای حکومەتی سەربەخۆی کورد ئەکا لە ژێر پارێزگاری دەست بە سەراگرتنی بریتانیا دا یان هەر ووڵاتێکی کە بێت لە وولاتانی تری کە کۆمەڵەی نەتەوەکان (عصبة الامم) دای ئەنێ.
وە هەندێکیان داوای ئەوە ئەکەن کە ئەم ناوچەیە ببێت بە (شانشینێکی سەربەخۆ) (شێخ مەحمود) حکومی بکا و لە ژێر پارێزگاری دەوڵەتی بەریتانیا دا بێت.
بەڵام (تۆفیق وهبی بەگ) لەلایەکی ترەوە لە نامەکان و سکاڵانامەکان داوای ئەوەئەکات بە دروست کردنی (بەڕیوەبردنێکی ئاست بەرزی پێشکەوتوو) لە ناوچەی کوردەکان لە چوارچیوەی ووڵاتی عیراقدا.
بێجگە لەم داخوازیە گشتیانە لە بارەی ڕێکخستنی ناوچە کوردیەکان لە ناو سکاڵانامەکاندا دوو داخوازی تایبەتی تیایە:-
1/ بەردانی ئەو گیراو و دورخراوانەی لە کاتی شەر و پشێویەکانی سلێمانیدا گیراون و دورخراونەتەوە.
2/ گەرانەوەی مووچەخۆرە (فەرمانبەرە) کوردەکان بۆ ناوچە کوردیەکان لە ناوچە عەربیەکانەوە.
4- کورتەیەک لە تێبینیەکانی ووڵاتە دەست بە سەراگرەکە
ئەو ووڵاتە دەست بە سەراگرەی ئەم سکاڵانامانەی پێشکەش بە لیژنە کردو بە ووردی سەرنجیان لێداوە و لێ یانکۆڵیەوە وە بڕیارەکانیان لە چەند بەندێکا دەرخستوە لەو بڕیارنامەیەی کە دەرکراوە لەسەر گەشە کردنی عیراق لە ساڵی (1920 تا 1931) و هەروەها لە ووتەکانی کاربە دەستە گەورەکاندا هەمان شت هاتووە.
وە بە بێ ئەوەی زۆر بە دوورو درێژی بچینە ناو ئەو ناکۆکیە زۆرانە وە پیویستە بزانین کە ووڵاتە دەست بە سەراگرەکە ئەوەمان بۆ ڕەت ئەکاتەوە کە خاوەن سکاڵانامەکان ئەو داوایان کردوە, داواکاری هەموو خەڵکی کورد بوبێ بەڵکو بیر و باوەری زۆربەی گەلی کورد نییە.
هەروەها ئەوەش ڕەت ئەکاتەوە کە گوایا ئەو پەیماننامانە و گرێبەستانەی گیراون مافی سەر بەستی داوە بە گەلی کورد یا بڕیاری دروست کردنی بەڕێوەبەرایەتیەکی پەسەند و پێشکەوتووی داوە بۆیان, ئەم جۆرە بڕیارانە نەدراوە لە کاتی ڕێکخستن و دەست بەسەراگرتنی عیراق دا.
ووڵاتە دەست بە سەراگرەکە دان بەوەدا ئەنێ کە (کوردەکان مافی ئەوەیان هەیە کە زمانەکەیان بەکاربهێنن) و مووچەخۆری (فەرمانبەر) کورد دابمەزرێ وە ئەڵێ کە حکومەتی عیراق هەوڵ ئەدا بۆ جێبەجێ کردنی ئەم بڕیارانە بە شێوەیەک بگونجێت لەگەڵ سیاسەتی گشتی دا.
بەڵام باوەر بەوەناکات کە ناڕەزایی و توورە بوون هەبێ لە ناو کوردەکانی عیراق دا بە گشتی.
وە سوپاس بۆ پارسەنگی و حکمەتی زۆربەی گەلی عیراق لە بەر ئەوەی ئێمە باوەڕمان هەیە بە مافەی کەمایەتیە کوردەکان وە هەمیشە مافەکانیان ڕێزلێ گیراوئەبێ, هەتا پاش ئەوەی کە عیراق ئەچێتە ڕیز ووڵاتە سەربەخۆکانەوە, لیژنە ئەمە ڕائەسپێرێ بە پلە یەکی تووند.
5- پێشکەش کردنی چەند سەرئەنجامێکی کورت
لەبەر ئەوەی حکومەتی عیراق بەرەو چاک بوونێکی زۆر ئەروا وە بێ سودە هەوڵ بدەین بۆ دانانی بنکەیەک کە بڕیارنامەی لە سەر دروست بکەین بۆ داخوازیەکانی خاوەن سکاڵانامەکان.
لەبەر ئەوەی زۆربەی داخوازیەکان بۆ دامەزراندنی (شانشینێکی سەربەخۆیە) کە لە توانا و ووزەی ئەو ڕیکەوتن نامە و پەیمان نامانەی نێوان عیراق و بەریتانیادا نییە, کە لەجیاتی دەست بە سەراگرتن (الانتداب) هەڵسێ بە پێویستیەکانی خۆی.
ئەم سکاڵانامانە کەوابوو بە شێوەیەکی ڕاست پەسەند ناکرێ, پێویست بە هیچ جۆرە لێدوانێک ناکات لەلایەن لیژنەوە.
بەڵام ئەو سکاڵانامانەی داوای سەربەستی بەکارهێنانی (زمانی کوردی) ئەکەن, ووڵاتە دەست بە سەراگرەکە ئەڵێ خەریکن بۆ وەرگرتنی نمرەیەکی باشی ڕازیکەر, کە سیاسەتی گشتی ڕێگە بدات بۆ سەیر کردنی داواکاریەکان.
هاوڕێکانم ئەیانەوێ بزانن کە ووڵاتە دەست بە سەراگرەکە (الدولة المنتدبة) بڕیارەکانی حکومەتی عیراقی پەسەندکردوە لەو هەڵوێستانەی کە داوێتی بەرامبەربە مەسەلەی کورد
(القضية الکرية)
هەروەها وکیلی سەرۆک وەزیران لە (19/ اب/ 1931) ئەڵێ کە حکومەتی عیراقی بریاری داوە کە لە داهاتوودا گرنگی بدات بە داخوازییەکانی کوردەکان, سوورە لەسەر ئەوەی کە کاربە دەستی حکومی (فەرمانبەرەکان)ی ناوچە کوردەکان ئەبێ لەوانە بێ کە زمانی کوردی ئەزانن ئیتر هەر جۆرێک لە کاربەدەستی حکومی بێت وە باشترە لەوەی کە ئیشوکاری ناوچە کوردیەکان لەلایەن فەرمانبەرە کوردەکانەوە ببرێ بەڕێوە.
لیژنەکەش ناچارە کە ئەمە پەسەندبکات چونکە ئەم بڕیارە خواستی ئەوەیە کە پەیوەندی ئاسان بکا لە نێوان دانیشتوان و بەڕێوەبەرایەتیەکان دا وە هەروەها ڕێ خۆش ئەکات بۆ ئەو کاربەدەستە کوردەکان (فەرمانبەرە کوردانە) ئیش بکەن لە ناوچەکانی ميرنشينەکەدا کە کوردستانی نین.
وە لە لایەکی کەشەوە لیژنەکە ناتوانێ بروا بەم بیرۆکەیە بکا بەبێ ئاوردانەوە لە مەبەستی ناوەڕۆکی بیرۆکەکە, ئەگەر ببێتە هۆکاری ڕووت کردنەوەی (دەرکردن) (تجرید)ی کوردەکان لە بوونیان بە فەرمانبەربە, بە تایبەتی ئەوفەمانبەرانەی کە گەیشتونەتە ئامانجە ڕەواکانیان لە پلەوپایەی فەرمانگەکانیان دا.
لەلایەکی کەوە ووڵاتە دەست بە سەراگرەکە ئەڵێ ئەو زۆرداریی و خراپەکاریە کە لەگەل خاوەنی سکاڵانامەکان کراوە ئەوانەن کە خۆیان واداناوە کە داکۆکی لە ناوچەکەکانیان ئەکەن, ئینجا نازانرێن ئەمە خیاڵین یان ڕاستین, هۆکارەکەشی ئەوەیە هەڵسوکەوتیان کە وەک تاوانباران لە قەڵەم ئەدرێن.
زۆری ئەم سکاڵانامانەی کە دراوە لەلایەن ژمارەیەکی زۆرەوە کە ناتوانین بە تەواوی و بەڕوونی پلە و پایەی کەسەیەتییان بزانین لە ناو خەڵک دا چین. (واتە لیژنەکە خاوەن سکاڵانامەکان ناناسێ ئەمانە کێن)
وە ئەو ڕوون کردنەوە دوورو درێژ و باوەرپێ کراوانەی ووڵاتە دەست بە سەراگرەکە وایکردوە کە لیژنەکە بخاتە بارێکی شەرمەزاری زۆرەوە.
هەرگیز هەستم بە بێهێزی لیژنەی دەست بە سەراگرتن (لجنة الانتداب) نەکردوە لە ئیشو کاری سکاڵانامەکان دا وەکو ئەم ناکۆکیەی ئێستا ڕووی داوە لە گفت دان و ڕەت کردنەوە و ڕوون کردنەوە, کە ماوەنادەن بۆ بەکارهێنانی پارێزەر و بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکان.
لەبەرئەمە لێژنە ناچارە کە ووتەکانی ووڵاتە دەست بە سەراگرەکە وەرگرێ لە ڕووی گیروگرفتەکانەوە.
لەم بارەدا ئەتوانین ئەمە بکەین چونکە وا دەرئەکەوێکە ناڕەزایی خاوەن سکاڵانامەکان بە ووردی لێی کۆڵڕاوەتەوە, هەروەها ئەم ناڕەزاییانە زۆرتر پەیوەندی بە عیراقەوە هەیە وەک لە حکومەتی بەریتانیای گەورە.
پاش وردبینی و پشکنین و لە سەر ئەم کێشانە لەلایەن دەسەڵاتی بەرپرسەوە لەسەر خراپی بەکارهێنانی بۆ خاوەن سکاڵانامەکان, دەرکەوت کە ئەم دەسەڵاتە سەرکەوتوو نەبووە (شکستی هێناوە) کە وازی لە کاروباری کارگێری هێناوە.
ئایا پێویستە لەسەر لیژنەکەی کە وازلە داخوازییەکانی خاوەن سکاڵانامەکان بهێنێت ؟
ئایا بروای بە بەهانەکانی و تێبینیەکانی ووڵاتە دەست بە سەراگرەکە کردوە؟
وابزانم نەخێر...
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم سکاڵانامانە زۆر ئاڵۆزە, بەڵام بە ڕاستی دووجاری ڕەخنە بوونەتەوە لەبەر ئەوەی پلەوپایەی خاوەنەکانی (خاوەن سکاڵانامەکان) نازانرێ ئەمە یەکەم.
دووهەم جۆری ناوەڕۆکەکەی (ناوەڕۆکی سکاڵانامەکان) بڕواپێ کراو نییە.
کەسێکی بێلایەن ناتوانێت هاوسەنگانە چاودێری بکات وە خۆی لەو بیرۆکەیەی لادات. ئەبێ بڵێت کە (مەسەلەی کورد) لە عیراق مەسەلەیەکی ڕاستیە (حقیقیة)
لەگەڵ ئەوشدا بێزاری و نارەزای کوردەکان چەسپیوە کەم تا زۆر, ئەوەندەیکەش زیادتر بوو کە خاوەن سکاڵانامەکان دەریان دەخست لە بوونی مەسەلەی کورد, ووڵاتە دەست بە سەراگرەکەش ئەمەی ڕەت نەکردۆتەوە. (واتە مەسەلەی کورد کەس ڕەتی نەکردۆتەوە)
کەوابوو ئەگەر ئەو تورەیی و ناڕەزاییە هەبووبێ و هەستی پێ کرابێ لەو ماوەیەدا کە حکومەتی بەریتانیا جگە لە لێهاتووی خۆی, دەسەڵاتی ڕاستەقینەشی بەکارهێناوە لە ڕێگەی دادپەروەرییەوە, ئێستا چۆن ناترسێ کەوائەم ناڕەزاییە هەموولایەک بگرێتەوە و ببێ بە گشتی,
وە شاراوە نییە ئەگەر ئەم جۆرە لە ناڕەزایەتی و بێزاریە تەشەنە بکات وە حکومەتی عیراقی بە تەنها بەجێ بهێلدرێت وە خۆی کێشەکان جارەسەر بکات, بەم شێوەیە حکومەتی عیراقی دووجاری ناڕەزای و بێزاری بەردەوام ئەبێتەوە, هەروەها لەگەڵ بوونی ئامادە باشی هەستی نەتەوەی شرانگێزی لەلای هاووڵاتییە عەربەکان دا(رعایاها العرب) کە ئەکەری هەیە بەردەوام ڕووبدات.
ئەکەر هاوڕێکانم هاوڕابن لە گەڵ ئەو بیروباوەرانەم کە دەستم کەوتووە لە ئەنجامی خوێندنەوە و وانەکردنی بەڵگەنامەکانی سەرەوە کە ئاماژەم پێکردوە, کە گەڕاوم بە دویاندا و کورتم کردۆتەوە بۆ ئەوەی بتوانن ئەم ڕاستیە تۆمار بکەن بە هەڵبژاردنی ئەم بڕیارانەی خوارەوە کە پێشکەشی ئەنجومەن ئەکەم.
لیژنەی دەست بە سەراگرتن (الانتداب) پاش وردبینی کردن و سەرنج دان لە سکاڵانامەی کوردەکان () کە هەندێ لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە دراوە وە هەندێکیشی لەلایەن چەند کەسێکەوە لە کوردەکانی عیراقەوە دراون, لەگەڵ ئەو تێبینیانەی ووڵاتە دەست بە سەراگرەکە (الدولة المنتدبة)دای لەم بارەیەوە.
شانازی ئەکا کە ئەم ڕاسپاردانەی خوارەوە پیشکەش بە ئەنجومەن بکات:-
1/ کە سوپاسی ووڵاتە دەست بە سەراگرەکە بکەن بۆ ئەو (بایەخدانەی) بە لە لێکۆڵینەوە و ئامادەکردنی ئەو تێبینیەیانەی کە دای لە بابەت سکاڵانامە جۆربەجۆرەکانەوە.
2/ ووڵاتە دەست بە سەراگرەکە داوا لە حکومەتی عیراق بکات هەڵسوکەوتیان (مامەڵە کردن) لەکەڵ هاونیشتمانیانی کوردەکان کە سەرپەرشتی و چاودێری ئەکات (الرعایا الکرد) ڕێگەیەک بگرێتەبەر کە گیانی خۆڕاگری ودڵفراوانی تیابێ, بەرامبەر بە کەمایەتیەکان کە مافی ڕێزگرتنیان هەیە, ئەو کەمایەتییەی دڵسۆزیان بەرامبەر بە حکومەتەکەی گەشە ئەکات و زۆرئەبێ, بەرامبەر بە ڕزگاربوونی لە هەموو مەترسیەک کە توشی مافە سەرەکیەکانیان ئەبێت, ئەو مافانەی کە ووڵاتە دەست بە سەراگرەکە و کۆمەڵەی نەتەوەکان (عصبة الامم) دانیان پیاناوە.
3/ هەواڵ بدەن بە خاوەنی سکاڵانامەکان بڵێن کە کۆمەڵەی نەتەوەکان (عصبة الامم) هەمیشە لە کارکردنایە وە ڕێز لەمافەکانیان ئەگرێ وە بە (بەزەیی وئارەزوویەکی زۆرەوە) کاری لەگەڵ ئەکات, ئەگەر بێت و باوەربکات بەوەی کە کوردەکان بە دڵسۆزی تەواوەوە هەوڵ ئەدەن بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و دڵنیای وە سەرکەوتنی دەوڵەتی عیراقی.
4/ ئەبێ ئاگاشمان لەوەبێ کە دانیشتووە کوردەکان تووشی دوودڵی وترسە بوون, بە هۆی ئەوەی کە چارەنووسی خۆیان نازانن, باش ئەوەی کە ماوەی دە ساڵ کەڵکیان لە هێزی (معنوی) حکومەتی بەریتانیا وەرگرت لە کاتی ئەگەری کشانەوەی حکوموتی یەریتانیادا.
() بڕوانە لیستی سکاڵانامەکان.
تێبینی :-
ئەوەی لێرەدا گرنگە باسی بکەم ئەم نووسراوە باوکم (غفور ڕشید داراغا) بە دەستوخەتی خۆی بە زمانی (عربی) نووسیوێتی وە دوای خۆی لە هەمان پەرتووکدا کردویەتی بە زمانی (کوردی) واتە دیکۆمێنتە ئۆرجیناڵەکە لەلای باوکم نەبووە, بەڵکو لەبەری نووسیوێتییەوە وە دوایدا وەریگێراوەتە سەر زمانی کوردی.
ئەم پەڕتوکە یەکێکە لە ئەرشیفەکانی نووسەر (غفور ڕشید داراغا)
باوکم لە بری ووشەی (انتدابی بریتانی) ووشەی (دەست بە سەراگرتنی بەریتانی)ی بەکار هێناوە.
انتداب : واتە (دەسەڵاتی نوێنەریی، سپاردن، ژێر سپاردەيی)
انتدابی بريتانی : واته (دەسەڵاتی نوێنەریی بەريتانی)
منتدب : واتە (دانراو بە جێگر، کراو بە نوێنەر)
سوپاس و پیزانینم بۆ کاک (مەریوان قەفتان) کە هاوکاری گەورەی کردم و کاک (بورهان شیخ ڕەووف)
دەقی بروسکەکەی حەپسە خانی نەقیب...
لە نەقیب زادە حەفصەوە بۆ شکۆدار مەندوبی بەریتانی ,
رۆژی حەوتی ئەیلوولی 1930 لە سلێمانییەوە
هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی دڕندانە ی بێزراوی ئەوتۆ ڕادەپەرموێنرێت کە هیچ گەلێکی جیهان لەڕۆژگاری بەربەرییەکاندا لە وێنەیان نەبیینیووە.کام یاسا ڕێگە دەدات گەلێک لە کاتی هەڵبژاردندا تیرۆر بکرێت.کێ لە ئێوە یاسا پارێز و کێش لە ئێوە یاسا دەخاتە ژێرپێوە ؟ کام یاسا ڕێگەی داوە چەک دژی جەماوەر لەکاتی هەڵبژاردندا بەکار بهێنرێت ؟ئیمرۆ شاری سلێمانی گەێێندراوەتە دۆخێکی دژواری بەربەریی ئەوتۆوە کەبۆی هەیە سەرتاپای مێژووی هەرکەسێکی بەرپرس لەکەدار بکات.
لیژنەکەتان (لیژنەی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان – ک.م.) کەوتە وتووێژ لە گەڵ کەسانێکدا کە هیچ سەنگیکیان لەم ووڵاتەدا نیە. جەماوەر کاتێک بەمەیان زانی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان کۆ بوونەوە , ئەمەیش بێگومان مافی یاسایی خۆیانە.کاتێک ئەوان (واتە پیاوانی میری – ک.م.) دییان زۆربەی هەرە زۆری خەڵکەکە دژیانن پەنایان بردە بەر سەربازو ڕەشاش و دەسڕێژیان لێکردن ,شەست حەفتا یەکیان لێ کوشتن و بریندار کرد.کام یاسا ڕێگەی ڕەفتارێکی وەها دەدات ؟ئەی چۆن ئەوانەی وایان کرد دەتوانن پاکانە بۆ کارەکەیان بکەن ؟ئێمەی کورد بێزاری خۆمان بەرانبەربوم کارە دڕاندانەیە دەدەبڕین و هەتا خوێنی کوردایەتی لە دەمارەکانماندا بجمێت هەرباسی دەکەین و دەکەین , ئێوە یاساپارێزن ,ئەگەر وابێت کێن ئەوانەی یاسایان پێ شێل کرد؟هێزە چەکدارەکانی (میری – ک.م.) بەوەوە نەوەستان کە بە جەماوەرەکەیان کرد , بەڵکو ڕژانە ناو ماڵەکەی منیشەوە و کەوتنە پشکنین و ڕووی چەکەکانیان کردبووە سنگی ئافرەتەکان.ئەم پشکنینە بوو هۆی فەوتان و تاڵانکردنی شتوومەکە بەنرخەکانم.من داوای مافە ڕەواکانی خۆم لە سەرجەمی ئەو کەسانە دەکەم کەیاسایان پێ شێل کردو ڕێزی ماڵکەمیان نەگرت.دوای ئەم هێرشە جانەوەرییە هێزە چەکدارەکان کەوتنە گرتنی پیاوەناسراوەکانمان , ئەوانەی بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر ڕەوانەی بەغدا کران.
تکا لە شکۆدارتان دەکەم ئەم بروسکەیەم (وەرگێڕنە سەرزوبانی ئینکلیزی – ک.م.) و وێنەی پێشکەشی (کۆمەڵەی گەلان) لە جنێف بکەن.
سەرچاوە – لاپەڕە (193 , 194 , 195) لە کتێبی
کورد و کوردستان لە بەڵگە نهێنیەکانی حکومەتی بەریتانیادا - کەمال مەزهەر بەرگی یەکەم 2009 چاپی دووەم, پوختە کراو, ئامادەکردنی عەبدوڵڵا زەنگەنە , شەهلا تاهیر حەیدەری.[1]