ناونیشان: من و مامۆستا
نووسەر: #شەماڵ محەمەد محەمەدئەمین#
دەمێک بو چەند پرسیارێک لە مێشکمدا دەخولانەوە و خولیای دەسکەوتنی وەڵامەکانیان بوم، لەڕاستیدا زۆر جار وەلامی پرسیارەکانم دەست دەکەوت بەڵام دڵم ئاوی نەدەخواردەوە، ئاخر وەڵامەکان لۆجیکی نەبون.
دواجار بڕیارم دا بچمە لای مامۆستا ئاینیەکەی ئاشنای خۆمان، ئەو پیاوێکی ماقوڵ و دیندارە.
شەوێکی ڕەمەزان بو، دوای نوێژی شێوان، چومەلای و بەڕێزەوە سڵاوم لێکرد و وەڵامی دامەوە..
+ بەخێربێی.
- سوپاست دەکەم مامۆستا گیان، هیوادارم کاتت هەبێ تۆزەک قسەبکەین.
+ فەرمو بڵێ بزانم چت هەیە.
- ڕاستیەکەی مامۆستا من پرسیارێکم هەیە، ئایا خودا مرۆڤی بە باشترین شێوە دروست کردوە؟
+ بەڵێ.
- ئەی بۆچی ئێمە دەسکاری دەکەین؟
+ دەسکاری چی دەکەین؟
- ئەی ئەوە نییە منداڵەکان خەتەنە دەکەین؟ ئێ ئەگەر بڕیارە خودا بە باشترین شێوەی دروس کردبین بۆچی ئێمە دەست بخەینە کاروباری ئەو؟ ئا ئەو لە ئێمە زاناتر نییە؟
+ ئەوە سوننەتی پەیامبەرانە و پێویستە.
- ئاخر مامۆستا چۆن دەکرێ پەیامبەر کاری خودا ڕاست بکاتەوە ؟ پەیامبەر ئەوەی من بزانم تەنها گەیاندنی لەسەرە، ئەوەتا خودا دەفەرموی (وما علی الرسول الا البلاغ المبین)
+ خەتەنە زۆر سودی زانستیی هەیە و لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە و لە هەمو جیهان دەکرێ، ئەو بیرۆکە سەیرانە لەکێ پەیدادەکەی؟ دەترسم دینەکەت لەدەست دابێ!
- بەخوا دینم لەدەست نەداوە، بەڵام ئەوە لۆجیکە، ئاخر ناکرێ خودا شتی ناتەواو دروست بکات.
+ زۆر شت هەیە موجادەلەی تێداناکرێ، فەرمانی خودایە، ئەگەر بڕوات بە خودا هەیە دەبێ بییکەیت و پرسیار نەکەیت.
- بەڵام مامۆستا خەتەنە زۆر پێش ئیسلام و تەنانەت یەهودییەتیش هەبوە، هیچ پەیوەندیی بە ئاینەوە نییە چاوەکەم.
+ ئەو قسانەت لەکێ هێناوە؟ شتی وا نییە، ئەو بابەتانە هی تۆ نین، باش نییە قسەیان تێدابکەی...
- مامۆستا، ئاخر سەرنج بدە بەر لە 25 ساڵ خەتەنەی کچ چەند باو بو، خەڵک بە پیرۆزیان دەزانی، بەڵام دوای بڵاوبونەوەی هۆشیاری ئێستا فەرمو چەندین مامۆستای ئاینی دەڵێن کە شتێکی خراپە و نابێ بکرێ، ئێ خۆ پیاویش هەر مرۆڤە بۆچی هی پیاو باش بێ و هی ئافرەت خراپ؟
+ ئافرەت جیایە.
- مامۆستا بۆچی ئافرەت مرۆڤ نییە؟ جیاوازیی لەگەڵ پیاو چییە؟ ئەی بۆچی کاتیک کەسێک نەشتەرگەریی جوانکاری دەکات دەلێن گوناهە و دەسکاریکریکردنی دروسکراوی خودایە! ئەی بۆچی خەتەنە کە ئەم هەمو زیانەی هەیە ئەنجام دەدەرێت و بەرکێکی پیرۆزیشی بەبەردا دەکرێ؟ ئەی بۆچی زێڕ بۆ پیاو خراپە و بۆ ئافرەت زیانی نییە؟ ئایا خوشک و برایە هەمان پێکهاتەی جەستەییان نییە؟ لە هەمان دایک و باوک دروست نەبون؟ خۆ جاری وا هەیە بە یەک سکیش دروست بون، بۆچی جیاوازن لەڕوی جەستەییەوە؟ ئاخر لەڕوی زانستییەوە هیچ جیاوازییان نییە، نازانم ئەم جیاوازییانە لەکوێ هاتون؟
+ نازانم ئەو قسە بێ مانایانە لەکوێ دەینی بەڵام چیتر ئەو بابەتانە لەگەڵ من باس مەکە. تۆ خەریکە ئاینەکەت لەدەست دەدەی بە خوێندنەوەی کتێبی ئەو بێدینانە...
- مامۆستا من بیستومە مرۆڤ بە پرسیارکردن و گفتوگۆ فێردەبێ، نابێ دڵگران بن ئەگەر کەسێک وەک ئێوە بیرنەکاتەوە.
+ کەسی زانا ئەو قسانە ناکات، ئەو بابەتانەش هی خەڵکی عەوام نین هەرکەسێک بێت و قسەی تێدابکات.
- ئاخر مامۆستا ئێمە لە سەدەی 21 دەژین، ڕاستە لە کۆندا مامۆستای ئاینی تاکە سەرچاوەی زانست بوە لە گوندەکان، بەڵام دوای دامەزرانی شار و پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا و چاوکرانەوەی خەڵک ئیدی زانستی زۆر پەیدابون کە مامۆستای ئاینی نایان خوێنێ.... مامۆستا قسەکەی پێ بڕیم...
+ زانستی چی، کامە زانست؟
- کۆمەڵناسی، دەرونناسی، فیزیا، کیمیا، ......دەیانی تر...
+ ئەوانە گرنگ نین، تەنها زانستەکانی قورئان و فەرمودە گرنگن، خۆ خەریک کردن بەم شتانە تەنها کات بەفیڕۆدانە. ئەوەتا ئیمامی شافیعی دەڵێ :
کُلُّ العُلومِ سِوی القُرآنِ مَشغَلَةٌ إِلّا الحَديثَ ۆعِلمَ الفِقهِ في الدينِ
العِلمُ ما کانَ فيهِ قالَ حَدَّثَنا ۆما سِوی ذاکَ ۆسواسُ الشَياطينِ
واتە:
هەمو زانستەکان جگەلە قورئان خۆ خەریک کردنە، تەنها فەرمودە و فیقهی ئیسلامی نەبێ
زانست واتە (وایان گێڕاوە، یا وایان گوت)، جگە لەمانە هەموی وەسوەسەی شەیتانن.
- ئاخر مامۆستا دەبێ ڕای بەرامبەریش وەربگرین خۆ نابێ هەر گوێمان لە دەنگی خۆمان بێت، ئەوەتا ئەم شاعیرە دەڵێ ئەوەی لە شت نەکۆلێتەوە وەک ئاژەڵ وایە:
جادل فإنک قد خلقت مجادلاً من لا يجادل يستوي بالبغل
حمالُ أسفار ينوء بحملها ظهر بعير سخرت للحمل
نفس تجن وما بها من جن إن الجنون لبعض وحي العقل
+ ئەوە قسەی بێدینێکی وەک خۆتە، ئەگەر وا بڕوا وەک ئەوان کافر دەبیت، ئاگاداری خۆت بە.
سەرنجم دا ئاسان نییە من و مامۆستا ڕێک بکەوین، چونکە تێبینی دەکەم تەواو توڕەبوە و دەمارەکانی ملی دەرکەوتون، واباشترە کۆتایی بە قسەکانم بێنم و بڕۆم. ماڵئاواییم لە مامۆستا کرد و ڕۆیشتم. ئەی باشە بۆچی دەیناگوت مامۆستا زۆر بلیمەتە و دەیان کتێبی نوسیوە !! ئاخر ئەو بەرگەی یەک پرسیاری نەگرت ! نازانم بلیمەتی لەنێو کۆمەڵگەی ئێمە بەچی پێوانە دەکرێت ! بە جلوبەرگ ؟ قەبارەی کتێبخانە؟ یا ژمارەی ئەو کتێبانەی کە کەسێک دەیاننوسێت؟ ئاخر مرۆڤ ئەگەر نەزانێ دروست بیربکاتەوە کتێبی هەمو دنیاش بخوێنێتەوە هەر نەخوێندەوارە.[1]