ناونیشان: دایک یان باوک؟
ناوی نووسەر: #شەماڵ محەمەد محەمەدئەمین#
منداڵەکانم لە قوتابخانە هاتنەوە، بەخێرایی بەرەو چێشتخانەکە چون، سڵاوێکی گەرمیان لە دایکیان کرد و لە باوەشیان گرت.
منیش لە هۆڵەکە دانیشتبوم و سەرنجم دا، دوای 15 خولەک هاتنە ژورەوە و سڵاوێکیان لە منیش کرد بەڵام بەو گەرم و گوڕییە نا!
نازانم بۆچی منداڵ زیاتر هۆگری دایکی دەبێت، لەوانەیە هی ئەوە بێت کە 9 مانگ بەشێک بوە لێی، یا هی ئەوە بێت کە دایک و چێشتخانە مژدەی خواردنیان پێیە و مرۆڤیش زۆر جار حەزەکانی زیاتر پاڵی پێوە دەنێن نەک لۆجیک، ڕەنگە کاریگەریی ئەوەش بێت کە زۆرجار باوک لای منداڵ وەک پۆلیس یا جەللاد وێنادەکرێت، چونکە زۆربەی سزاکان لەلایەن باوکەوە بەسەر منداڵ دەسەپێنرێن.
منداڵەکان نازانن سزا و ئاگادارکردنەوە و سەرزەنشتەکانی باوک ڕێگا ڕۆشنکەرەوە و ڕێنمایی زۆر گرنگی ژیانن، ڕەنگە هەر ئەو هۆکارەش بێت کە وا لە منداڵان بکات کەمتر هۆگری باوکیان بن، شەرمیان لێ بکەن یا لێیان بترسن.
منداڵ ئەوکاتە گەورەیی و بەهای باوکی بۆ دەردەکەوێت کە خەریکە باوکی لەدەست بدات، چونکە تا گەورەنەبێت و نەهامەتییەکانی ژیان تەنگی پێ هەڵنەچنن نازانێت کە باوکی چەند ئازاری چەشتوە تا ئەوی بەم ڕۆژە گەیاندوە.
کچەکەم کە تەمەنی 6 ساڵە، خەیاڵەکانی تێکدام و توند هات باوەشی پێداکردم، بە لەباوەش گرتنی هەمو خەمەکانم ڕەوینەوە.
پاشان کوڕەکەم کە تەمەنی 12 ساڵە، هات سڵاوێکی کرد و ویستی بڕوا بەرەو ژورەکەی.
بانگم کرد و لەباوەشم گرت، ویستم ئەم تەلیسمە بشکێنم بەڵام دیارە سروشتی مرۆڤ هەروایە، دایکان نزیکتر و ئازیزترن، کچانیش هەمیشە سۆزدارتر و خەمخۆرترن، بۆیە ئەوەی کچی نەبێت لە زۆرێک لە خۆشییەکان بێبەشە.
تێگەیشتم من ناتوانم ئەم یاسایە بگۆڕم، دایکان هەمیشە پشکی شێریان بەردەکەوێت، لە خۆشی و ناخۆشی.
بۆیە هەرکاتێک توشی کێشەیەکی گەورە دەبم یا خەمێکم دەبێت لە قوڵایی دڵمەوە دەڵێم:
(بابەگیان لە کێی؟)
بەڵام تازە کێ وەڵامی پرسیارەکەم دەداتەوە؟
[1]