بە خاریج، تا بە کەی سازەندە بم بۆ جیفەیی دونیا؟!
لە بامی بێنەوایی لێ بدەم، با تەبڵی ئیستیغنا
فەواقی بێ ئیفاقەی من یەکایەک نزگەری حیرسە!
تەکانی فەقر و بێبەرگی، مەگەر ئەم عیللەتە دەرکا
درشتە لوقمەیی حیرسم، فرۆناچێت و ئازادم
مەراقی بێنەوایی، گەر بە من ئەم سەددەیە قەی کا
حەریسانی ئەمەل هەرگیز بە ئاوی جیفە پڕ نابن
تەمووزی حیرسە پڕ تابش، تەمەع لەبخوشکی ئیستیسقا
لەناو زەرفی قەناعەتدا تەماعی دیگی دەروێشی
نەخۆی، تا دەست نەشۆی ئەووەڵ لە چرکی جیفەیی دونیا
تەنیدەتەنمە سەرتاپا، تەمەع تەنپۆشی زیشتێکە
وەلێ ڕەملی ئەمەل کردوویە دیدەی زیشتبین ئەعما
لە بەینی بوخل و بەخششدا، تەفاوت هەر لە کوێ تا کوێ!
دەبەستێ ئەم دەری نیعمەت، دەکا ئەو بابی ڕەحمەت وا
هەوەس کێشامی بۆ عوزلەت، ئەمەل گرتوومی، نایێڵێ!
چ غوولێکە لە ڕێگەی ڕاستی هەر لامئەدا عەمدا
خەرابی، مەردومی بوومی نەتیجە دا بە وێرانی
لە شوومیی ئەو بەرووبوومە سیفەت نایابە وەک عەنقا
لەتاو زیعفی نەدارایی، گەدا ئاهێ کە دەیکێشێ
خەدەنگی زەهرئالوودە بە قەسدی سینەیی دارا
قەبایی ئەتڵەسی زاڵم لە وەرعا چەندە مەهتووکە!
پەڵاسی چاکی مەزڵوومی دەبێتە زینەتی باڵا
بە پوولی مەردومئازاری مەپۆشە تورمە پا تا سەر
بە شاڵی پەشمی دەروێشی بدە تەشریفی سەرتاپا
دڵم دایم لە سەیری کاروانی زاد و مەرگایە
بە میسلی جادەیی بەندەر، مودام ئەم دێت و ئەو دەڕوا!
بە سەنگی تەوبە دوندانی تەمەع بشکێنە، پەس بیخۆ
بە دوندانی قەناعەت نانی سوڵتانیی (ئووەیس) ئاسا
سەنگی نەفست لەسەر ڕێی تەوبەتا ئامادەیی جەنگە،
بە قەسدی قەتلی ئەو، چابوک بکێشە تیغی (بسم اللە)
بە خەمیازەی سەفای مەستی، مەدە تەن بۆ خەوی غەفڵەت
بە ئەندازەی هەوای هەستی، مەدە سەر بۆ شەڕی ئەعدا
بە میسلی خرسی لۆتی بۆ تەمەع هەردەم لە ماڵێکی!
مەهاری کردوی شەیتان و دەدگێرێ بە ئیستیهزا
لە کەس ڕۆزیت نەوێ، جوز ڕازیقت، گەر مەردی دەروێشی
زەمین گەر قەحتی قووتە، بۆت دەبارێ مەنن و هەم سەلوا
پەلەی چەرخ و فەلەک بگرە، قیاسی بەرز و نزمی کە:
بوڵەندی سوویی پەستی بێ، کە پەستی هەستە بۆ باڵا
تەرەققی چەند بە تەعجیلە، تەنەززول وا بە سیرعەت دێ،
بە فەووارەی بدە نیسبەت، بوڵەندی و پەستییی دونیا
زەلیلی نەفسی ئەممارە، شکستی بیمی ئەم مارە!
پەناهت بۆ (عەلی) بێنە، مەڕۆ بۆ (بووعەلی سینا)
بە تاجی فەقر، ئەگەر (ئەدهەم) سیفەت، جۆیایی سوڵتانی
لە تەختی سەڵتەنەت هەڵسە، وەرە ژێر خەرقەیی مەولا
دڵا! هەر کەس دەپرسێ لێت: لە (مەولا) کێیە مەقسوودت؟
بڵێ: مەولایی دەروێشان، عەلیی عالیی ئەعلا
سەڵابەت دەمگرێ هەنگامی شەرحی هەیبەتی وەسفی،
قەڵەم نایێتە سەر کاغەز لە شەرحی جونبوشی ئەعزا [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#