زوڵفی جانانە لە دەوری کەمەرا
وەک سیەهمارە بە قەد نەیشەکەرا
دەوری ڕووی داوە خەمی سونبولی موو
هەر وەکوو هالە بە گەردی قەمەرا
تیری تۆ ڕەنگە لە سینەم بڕوێ
غەرقە پەیکانی لە ڕیشەی جگەرا
گەردن ئارایشە بەو توڕڕەیی تۆ
شەبە خۆشڕەنگە لە پەهلووی گوهەرا
دەبمە ئەو ئاشە کە ئاوی ببڕن
شۆری عیشقم کە نەمێنێ لە سەرا
لە هەناسەی منی مەزڵوومی غەریب
خۆت بپارێزە لە وەختی سەحەرا
حورمەتی تۆ لە زەمانەی سالم
بە قەدەر دینە لە عەهدی عومەرا [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#