شەڕیانە لە ئەندێشەیی موو موئمین و تەرسا
کێشاویە لەسەر مەسحەفی ڕوو شکڵی چەلیپا
ئەم کیشە کە گێسووت هەیەتی کامی کەشیشە
بگرن بە جەدەل با عولەما ڕیشی سوکووبا
جێی هیندوویی خاڵت نییە خورشیدی جەماڵت
ئەم مەرتەبەیە قابیلە بۆ حەزرەتی عیسا
هەرچی نییەتت بوو نیگەهت دڵمی بەڵەد کرد
هەرچی نییەتم بوو بە موژەت دڵ خەبەری دا
مەجنوون غەمی کوا پردی سیرات ئەر وەکوو موو بێ
دەیکێشێ لەوێشا کەششی توڕڕەیی لەیلا
وەسفی بەدەنی کافییە سالم کە بە مەعنا
ڕووحێکی موجەسسەم لە کراسایە سەراپا [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#