فەلەک زەحمەت لە دڵ مەیلت بەدەر کا
بینای هەستیم ئەگەر زیر و زەبەر کا
تەلاشی عیشقی بێ هەر کەس لە دڵدا
دەبێ سینەی سپەر بێ و تەرکی سەر کا
کە سوڵتانی خەیاڵت بێتە خاتر
دەبێ شاهی خیرەد مەیلی سەفەر کا
دەڵێی بەهرامی گۆڕە تورکی چاوت
لە دڵ نەمدیوە قەت تیری خەتەر کا
مەتاعی جانە پایەندازی غەمزەت
ئەگەر بۆ شاهڕاهی دڵ گوزەر کا
دەنێمە زەرفی خاتر یادی بووسەت
ئەگەر تەبعم تەمەننای گوڵشەکەر کا
پەرێشانم دەکا وەک موڵکی بێ شاه
لە قامەت هەر سەحەر گێسوو کەمەر کا
حەڵاڵی کرد بە مەردوم دڵ لە قوربا
نەزەر کا غەمزەت ئەر خوێنی هەدەر کا
ویسالت پایەیی میعراجە بۆ من
لە ڕووتا گەر لەبم شَق القَمَر کا
دەکا تەسخیری دڵ چاوت بە ئیما
سەراسەر ئیسمی ئەعزەم گەر لەبەر کا
بەدڵ وا بگرە دڵ، تیرێ لە غەمزەت
لە موهرەی پشتی سالم سەر بەدەر کا [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#