تورکی پڕ ئەفسوونی چاوی کاری سەد جادوو دەکا
ساعەتەن تەسخیر دەبێ بۆ هەر مەکانێ ڕوو دەکا
هەرچی نادر قەبز و بەستی کرد بە شەمشێر و سوپا
ئەم بە تیغی جەوهەرئالوودی خەمی ئەبروو دەکا
خاڵی سەر سەفحەی ڕوخی جانان، چ نادر کەوتووە!
حیکمەتی، دارالخلافهی گورجییان هیندوو دەکا
ڕیشوەیی گەردنکەچیی ئەو گەردنە، حوکمی قەزا
بۆ خەراجی بەندەگیی سەر گەردەنی ئاهوو دەکا
ئێستە بۆ مەللاحی دەریای عیشق و ئەهلی مەعریفەت
قەترە قەترە ئەشکی چاوم قیمەتی لوولوو دەکا
سەهلە گەر مووسا عەسای کردە حەی و سەهمی نوواند
موعجیزەی وا دڵبەرم هەردەم بە مووی گێسوو دەکا
ڕوویی دونیا تارە، تا شەمعی جەبینی دوورە لێم
ناسییەی پڕ چینی من دایم هەوای زانوو دەکا
گەر بە موژدەی مەرحەمەت جانی ڕەقیبم تازە کەی
میسلی تیفلی موردەمادەر دڵ بە شیوەن خوو دەکا
ئیسمی (هوو) حەققە لەڕێی حەق، دەستی ڕەددم لێ مەدەن
سالمی مسکین وەکوو دەروێش لە دەرگەت هوو دەکا [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#