پەنجە بۆ تەسویری ئەبرووت پەیڕەویی مانی دەکا
خامە بۆ زەنجیری گێسووت عەنبەرەفشانی دەکا
قووتی ڕۆحە لێوەکەت یاقووت وەها ئاودار نییە
مەنعی بازاڕی عەقیق و لەعلی ڕوممانی دەکا
گەر لە پەردەی نازەوە ئاوازی تۆ بگرێتە گوێ
تووتییی شیرین سوخەن کەی مەیلی خۆشخوانی دەکا؟
قامەتی نەوخێزی شیرینت نەهالی جەننەتە
سەروی ڕەعنا، کەی لە لات سا مەیلی هەمشانی دەکا؟
دڵ بە نەشئەی حاڵی مەستیی چاوەکەت لايعقلە
بۆ کەبابی جەرگی من، لێوت نەمەکدانی دەکا
سا هەزار جارت دەخیل بم، حەرفی بەدکار مەشنەوە
هەرچی دەربارەم بڵێ، بێ پیرە؛ شەیتانی دەکا
لێوی یاقووتت نگینە خاتەمی نادر زوهوور
مۆری دەستی ئاسەفە و ئەمری سولەیمانی دەکا
کەس نییە ئەو شۆخە حاڵی کا لە سۆزی ئاتەشم
پێی بڵێ: سالم لە عیشقت وا غەزەلخوانی دەکا [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#