وەزیری خێزان و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی تورکیا لە شاری ئادانا دووکاندارانی بەسەرکردەوە. دووکانداران گلەیی لە زۆری ژمارەی پەناخوازانی سووری لە شارەکەیان دەکەن؛ ئەویش لەبارەی مانەوەی پەناخوازانی سووری لە تورکیا و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوونکردنەوەی پێدان.
دەریا یانک، وەزیری خێزان و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی تورکیا ڕایگەیاند، پرسەکە تەنیا پاراستنی سەلامەتیی ژیانی سوورییەکان نییە، بەڵکو پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانمانە لەودیوی سنوور. تورکیا تەنیا لەبەر بەزەیی ئەو کارە ناکات؛ تەنیا بەهۆی بەزەییەوە چاودێری پێنج ملیۆن سووری ناکات. ئێستا لە باکووری سووریا هەوڵ دەدەن دەوڵەتێکی کوردی دابمەزرێنن و ئێمەش هەوڵ دەدەین دانەمەزرێندرێت.
ئەو وەزیرەی تورکیا دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان، وەک مەترسییەکی گەورە بۆ دابڕانی باکووری کوردستان لە تورکیا ناودەبات و ڕەخنە لە ئۆپۆزیسیۆن دەگرێ کە گوایە هەست بەو مەترسییە ناکات و دەڵێت، ڕەهەندی کۆمەڵایەتی زۆری ژمارەی پەنابەرانی سووری لە تورکیا دەبینین، بەڵام بۆ پاراستی یەکپارچەیی تورکیا ناچارن ئەو باجە بدەن.
دەریا یانک ئاماژەی بەوەش کرد: لە باکووری سووریا لەلایەک هێزە چەکدارەکانمان و لەلایەکی دیکە سوپای سووریای ئازاد بە جیا شەڕ دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی. دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لەوێ، واتا بڕینی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا وەک ئەوەی بە چەقۆ ببڕدرێت و فڕێ بدرێت. ئەگەر بمانەوێت ڕێگری بکەین لە دامەزراندنی دەوڵەتی تیرۆریستی لەوێ، دەبێت کەمێک بەرگەی ئەم باجە بگرین.
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، سێ ملیۆن و 700 هەزار پەناخوازی سووری لە تورکیا و باکووری کوردستانن. لە 11 ساڵی ڕابردوودا وڵاتینامەی تورکی دراوەتە 210 هەزار کەسیان و 506 هەزار سووریشیان گەڕاونەتەوە سووریا یان گەڕێندراونەتەوە و لە سنووری عەفرین و سەرێ کانی لە ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەی باب و جەرابلووس لە ژێر دەستی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا نیشتەجێ بوون.[1]