تاکە تۆمەتبار لە دۆسیەی کۆمەڵکوژی شارۆچکەی لجێی #ئامەد# گیانی لەدەستدا.
رۆژی یەکشەممە 7-8-2022، ئەشرەف هاتیپئۆغلۆو عەقیدی خانەنشینکراو کە تاکە تۆمەتبار بوو لە دۆسیەی کۆمەڵکوژی شارۆچکەی لجێی ئامەد گیانی لەدەستدا.
عەمید بەختیار ئایدن، فەرماندەی جەندرمەی ئامەد لە 22ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1993 لە شارۆچکەی لجێ کوژرا. بەهۆی ئەو ڕووداوەوە ئاڵۆزی دروستبوو و سووتاندنی شارۆچکەی لجێی لێکەوتەوە کە بە کۆمەڵکوژی لجێ ناسراوە؛ 15 کەسی سڤیل و سەربازێک کوژران و 36 کەسی دیکەش برینداربوون.
فەرماندە سەربازییەکانی ئەو کاتی تورکیا بە پاساوی ئەوەی #پەکەکە# ئەو فەرماندە سەربازییەی کوشتووە و ڕووبەڕ ووبوونەوە ڕوویداوە، ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لە لجێ دەستیپێکرد. بەگوێرەی تۆمارە فەرمییەکان، لە ناوەندی شارۆچکەی لجێ 4001 خانوو و 242 دووکان سووتێندران. بەهۆی ڕووداوەکانەوە کە 3 ڕۆژ بەردەوام بوون خەڵکێکی زۆری لجێ هەڵاتن و ژمارەی دانیشتووانی ئەو شارۆچکەیە کە ئەوکات 13 هەزار کەس بوو بۆ 2 هەزار و 500 کەس کەمیکرد.
بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک تۆمەتی کوشتنی عەمید بەختیار ئایدن درایە پاڵ محەممەد ئەمین ئۆزکان کە هاونیشتمانییەکی کوردی خەڵکی ئامەدی باکووری کوردستان بوو.
محەممەد ئەمین ئۆزکان کە ئێستا تەمەنی 83 ساڵە و نزیکەی 26 ساڵە لە زیندانە، لە 1996 لە مێرسین دەستبەسەرکرا و بە تۆمەتی ئەندامێتی پەکەکە خرایە زیندانەوە. لەو کاتەوە کە خراوەتە زیندان تاوەکو تائێستا 5 جار نەشتەرگەری دڵی بۆ کراوە، نەخۆشیی گورچیلە هەیە و تووشی بیرچوونەوەش بووە، جەستەی هێندە هیلاکە بەرگەی نەشتەرگەریی دیکە ناگرێ.
دوای تێپەڕبوونی 20 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەی لجێ، سەرۆکی داواکاری گشتی ئامەد دۆسیەی تۆمەتێکی ئامادەکرد و بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست و هاندانی خەڵک بۆ یاخیبوون و کوشتنی یەکدی و پێکهێنانی ڕێکخراوێک بۆ ئەنجامدانی تاوان داوای زیندانی تاهەتایی قورس و 24 ساڵ زیندانیکردنی هەریەک لە ئەشرەف هاتیپئۆغلۆ، عەقیدی خانەنشینکراوی فەوجی ئامەد و تونای یەنەرداغ، فەرماندەی لیوای یەکەم دەکرا.
هەشتەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد ئەو تۆمەتەی قبووڵ کرد و دادگەییکردنەکە لە ساڵی 2013 دەستیپێکرد. لە دۆسیەکەدا شایەتحاڵەکانی سکاڵاکار و زۆرێک لە بەرپرسە فەرمییەکان کە لەوکاتەدا لە لجێ کاریان دەکرد ئاماژەیان بەوەدا کە لە 22ی تشرینی یەکەمی 1993دا لە لجێ هیچ ململانێیەک نەبووە، وێرانکاری لەلایەن ئەو سەربازانەوە ئەنجامدرا کە چوونە نێو شارۆچکەی لجێ و ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامدا.
لەبەر هۆکاری ئەمنی، سەرەتا دۆسیەکە بۆ ئێسکیشەهیر و دواتر بۆ ئیزمیر گوێزرایەوە. تونای یانارداغ ماوەیەک لەمەوبەر بەهۆی جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستدا؛ ئەشرەف هاتیپئۆغڵو کە تاکە تۆمەتبار بوو له و دۆسیەیەدا بەبێ ئەوەی دەستگیربکرێ دادگەیی دەکرا، لە دوایین دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە کە لە ڕۆژی هەشتی کانوونی دووەمی 2018 بەڕێوەچوو، لە سەرجەم تۆمەتەکانی درابوونە پاڵی بێتاوان دەرکرا.
تاهیر ئەلچی سەرۆکی پێشووتری بارۆی ئامەد کە لە 28ی تشرینی دووەمی 2015 کوژرا، یەکێک بوو لە پارێزەرانی ئەو دۆسیەیە و گوتبووی، شارۆچکەی لجێ لەلایەن سەربازانی تورکیاوە سووتێندراوە.
تاهیر ئەلچی گوتبووی: لەم دۆسیەیەدا کاربەدەستانی حکومەت بەرپرسیارێتییان لەئەستۆیە، بەڵام بەداخەوە تەنیا دۆسیە لەسەر دوو کەس ئامادەکراوە. بەشی زۆری ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە لە دەرەوەن، ناسنامەیان دەستنیشان نەکراوە و نەهێندراونەتە دادگە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا لە ساڵی 2020دا بڕیاریدا تورکیا بە 205 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی قەرەبووی قوربانیانی ئەو ڕووداوە بکاتەوە، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.
کۆمەڵکوژی شارۆچکەی لجێ وەک ڕووداوی بکەر نادیار ماوەتەوە و ئەنجامدەرانی سزانەدران. 'محەممەد ئەمین ئۆزکان' یش کە بەهۆی ئەو دۆسیە چەندین دەیەیە باجی دانپیدانانی 2 کەس دەدات کە لە ژێر ئەشکەنجەی پۆلیس وەرگیراوە، نزیکەی 26 ساڵە لە زیندانە.[1]