لە ڕووی تیری موژەی خوونڕێزی مەحبووب
سەراسەر موڵکی دڵ پڕ بوو لە ئاشووب
سوپای بەرگەشتە بوو چاوت لە موژگان
شکاندی غالیبی دڵها بە مەغلووب
بەسەر دڵما حەواڵەی غەمزە تا کەی؟
دەبێ چی بێ خەراجی موڵکی مەخرووب؟
بڵێن: با زیشتڕوو دیبا نەپۆشن
چ حاسڵ سوورمەسا بێ چاوی مەعیووب؟
لە ڕێی میهرا بە ئیقدامی عەیادەت
ئەگەر مەجرووحی یاد کا یاری مەحجووب
موژەم باهەم بە ڕشتەی دڵ دەبەستم
دەکێشم ڕەهگوزاری جوملە جاڕووب
گەیاندی بۆم سەبا بۆی عەتری گێسوو
وەکوو پیراهەنی یووسف بە یەعقووب
لە حەشریشا سەروکارم بە عیشقە
ئەگەر دەستم بگاتە دەستی مەتڵووب
لە عیشقا هەر منم هەمدەرسی مەجنوون
لە سەبرا هەر منم ئوستادی ئەییووب
فەراغەت سەعبە بۆ عاشق لە هیجرا
بە سالم زەهرە بێ تۆ ئەکل و مەشرووب [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#