ناونیشان: ئایا خاک پیرۆزە؟
ناوی نووسەر: #شەماڵ محەمەد محەمەدئەمین#
زۆر جار بابەتی پیرۆزیی خاک دێتەگۆڕێ و خەڵکی بەسەر دوبەرەی دژبەیەک دابەش دەکات، ناسیۆنالیستەکان خاکی خۆیان و دیندارەکانیش شوێنی دابەزینی پەیام و پەیامبەران بە پیرۆز دەزانن.
سەرەتا پێویستە لە بابەتەکان تێبگەین و شتەکان تێکەڵ نەکەین، خاک هەموی وەک یەکە و هیچ خاکێک بە ڕەهایی و لای هەموکەس پیرۆز نییە، ئەو خاکەی لای تۆ پیرۆزە لای کەسێکی تر خۆڵێکی ئاساییە.
بازرگانانی ئاین و سیاسەت خەڵکیان بەسەر دوو بەرە دابەشکردووە، ناوناوە کەسێکی سیاسی بابەتێک دەوروژێنێ و دیندارەکان کاردانەوەی توندیان دەبێ، جاری واش هەیە بە پێچەوانەوەیە. دیارە کە ئاین و سیاسەت دوو کالای زۆر باشن بۆ بازرگانی بەتایبەت لەناو میللەتی ناهۆشیار.
بۆ ئێمەی کورد کە زۆربەمان مسوڵمانین دەزانین کە ماڵی خودا پیرۆزە، دیارە کەعبەش یەکێکە لە ماڵەکانی خودا بەلام مەککە وەک شار پیرۆز نییە، خەڵکی مەککەش بە درێژایی مێژوو خەڵکێکی باش نەبون، ئەوەتا پەیامبەریان بەردبارانکرد و دەریانکرد لە شارەکەی خۆی و چەندین ساڵ شەڕیان لەگەڵ کرد لە کاتێکدا خزمی خۆشیان بوو! ئیستاش خەڵکی مەککە لەوکات باشتر نین.
کەعبە و هەموو مزگەوتەکان ماڵی خودان، ماڵی خودا پیرۆزە، بەلام وڵات و شار و لادێکان هەموی لای خودا وەک یەکن.
هەرچیش وترابێ لەسەر گەورەیی و پیرۆزیی شارێک یا ناوچەیەک ئەوا مەبەستی سیاسی و بازرگانی لە پشتەوەیە چونکە ئەگەر سەرنجی مێژوو بدەین دەبینین هەمیشە ئاین بۆ چەواشەکردنی خەڵکی لەلایەن بازرگانانی ئاین بەکارهاتووە، هەروەک چۆن هەستی ناسیۆنالیزم بۆ گەمژاندنی خەڵک لەلایەن بازرگانانی سیاسەت بەکارهێنراوە.
ئەوەتا نزیکی سەدەیەکە مسوڵمان و یەهودی یەکتر دەکوژن لەسەر بستێک خاک کە هەردوولا بە پیرۆزی دەزانن، تۆ بڵێی ئەم پارچە خاکە پیرۆزتر بێ لە خوێنی سەدان هەزار کەس کە بە درێژایی ئەم چەندین ساڵە ڕژاوە؟
خودا زۆر دادپەروەرە، هەمو خاکی جیهانیش هەر خۆی خاوەنیەتی، ئەگەر هەموو جیهانیش بە گەردون بەراورد بکەین دەبینین کە جیهان بە قەد دەنکە لمێکیش سەنگی نییە، کەواتە ململانێ و پیرۆزکردنی خاک و خۆڵ لەپای چی؟
[1]