ڕۆمانی: میرنشینی خاک و خۆڵ...
#موحسین ئەحمەد عومەر#
مەلایەکی زمانزان و ڕوونبێژ و ڕەوان بیر، دژە گوتاری باو، بە سواری گوێدێرێژێک، کە تاقە هۆکاری گواستنەوەی خۆی بووە بۆ بڕینی ماوە درێژەکان، وەک ئۆتۆمبێلی ئەم سەردەمە، لە گوندێکی لاچەپ بە ناوی خاک خۆڵ، کە ناوی گوندەکە خۆیشی هەڵکەوتێکی میتافیزیکی هەیە و ڕەهەندێکی وجودی و شیعری لێ دەخوێندرێتەوە، سەری هەڵدەگرێ و بەره و شار دێ. شاریش ئەوەندە زۆر نیە دامەزراوە و دەستەڵاتێکی کوردی تازەپێگەیشتوو فەرمانڕەوایی لێ دەکا. مەلای زمانزان و ڕەوان بیر، بە پێچەوانەی هەمووان، خەونێکی مەزنی هەیە و دەیەوێ بیخاتە باری کردەکی، ئه و بە زاری کوردی ناوەندی خۆی شیعر دەنووسێ و بیر دەکاتەوە و خەون دەبینێ، ئه و زارەی لە هەمووان خۆشتر دەوێ، دەڵێ سووک و ڕەوان و مەنگ و جێگیرە، زۆر هونەرییە، هەرچەند بتەوێ دەتوانی تیایدا قووڵ بیتەوە، دەتوانی ئاڵۆزترین هزر و بیری خۆتی پێ دەبڕی. پێشتر شتێکی ئەوتۆ به و زارە نەنووسراوە، ئه و ڕچە شکێنە، خەڵکەکە بەلایانەوە سەیرە و پێیان هەرس ناکرێ، شیعر بە کوردی، بە زمانی مسکێنان، شتێکی سەیرە، پێشتر هەموو بە زاری گۆران یان کرمانجی دەیاننووسی، بۆ باشتریش لێک حاڵیبوون، ناچار هەندێ جار یان زۆربەی جار، بە فارسی یان عەرەبی دەیاننووسی، نووسین بە کوردی، لە شتە ئێگزۆتیکەکان بوو، بەتەیرێکی عەجایبیان لە قەڵەم دەدا، بەڵام مەلای زمانزان و ڕەوان بیر، ئەم تەیرە سەیر و سەمەرەیەی لا دڵگیرتر کردن، تا وای لێ کردن عاشقی بن، پێی گوتن ئیدی ئێوە ئاوان، تکایە سەرنجی خۆتان بدەن، خۆتان خۆشبووێ، چیتر ناتوانن لە خۆتان هەڵبێن. مەلای زمانزان و ڕەوان بیر، گیانێکی ئەوەندە مەزن و باڵا و خاکەڕای هەبوو، شت و جیهانی خۆی، جیهانی ماتریالی و ناماتریالی خۆی زۆر پێ مەزن بوو، هەردەم ڕێزی دەگرت، دەیگوت ئەمە دنیای منە، ناتوانم لەم دنیایەی خۆم هەڵبێم، دەبێ لەناو ئەم دنیایەی خۆم ماڵێک دانێم، داهێنان بکەم. بۆیە، هەر له و ساتەوە، هەستی دەکرد کوردی نیشتمانی ئەوە، هەر ئەم هەستەش لە دوایی بووە ڕێگا و ڕێسایەکی مەزن هەموو گرتیانەبەر، ئێستەش کە ئەم وتارۆکە دەخوێنیتەوە، بەم زارە جوانە نووسراوە، هەر ئەمەشە ئەگەر بتوانێ بگاتە سەدەکانی ئاییندە، هەموو ئەم چرۆکردنەش، دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵ و ڕەنج و توانای ئه و مەلا مەزنە کە لەناو خاک خۆڵ وەک قەقنەس دەردێ، دەبێتە بەرگ و پۆشاک بۆ مرۆی کوردی ڕووت و ڕەجاڵی ئه و سەردەمە. هەر بە هەوڵی ئەویش بوو، زمانی کوردی دەچێتە ڕیزی زمانە زیندووەکانی وەک عەرەبی و فارسی. مەلای زمانزان و ڕەوان بیر، پەردەی ئه و شەرمە مێژووییەی لەسەر بوون و بە کوردی قسەکردن و نووسین و شیعر گوتن هەڵدەگرێ، ئیتر له و ڕۆژەوە ئاسۆیەکی تر لە پێش زمان و مرۆی کوردی دەبێتەوە.
ڕۆمان زۆر سادە و ساکارە، یەکێک دەچێتە شارێک بناغەیەک بۆ گۆڕانێکی مەزن دادەنێ، هەر ئەمەیە پلۆتی ڕۆمانەکە، ئەنجامەکەشی ئەم وتارەیە کە ئێوە دەیخوێننەوە.
مەلای زمانزان و ڕەوان بیر، یان شاعیری گەورە بە پیشە مەلا، لە شار هاوڕێیەکی وەک خۆی دەدۆزێتەوە، ئەویش وەک ئه و کەسێکی ڕۆشنبیرە و شاعیرێکی دوانزە عیلمە، لەبەر دەرگای دوکانەکەی کە کاری نووسینەوە و نووسینەوە دەکا، لەسەر سەکۆیەک شیعر بە هەموو زمانێک دەخوێننەوە، تەنیا بە کوردی نەبێ، مەلای زمانزان و ڕەوان بیر، بە تکاو ڕجایەکی زۆر ڕەزامەندی وەردەگرێ شیعر بە زمانی خۆی لەسەر سەکۆ بخوێنێتەوە، وێڕای خوێندنەوە، هەزاران بۆچی و لەبەرچی و چۆن دەبێ و چۆن نابێ...، دەکەوێتە سەر ئەرز، بە ڕأدەیەک هەواڵ بە میری شار دەگا، کابرایەک شیعر بە زمانێک دەخوێنێتەوە شتی جوان دەڵێ و تێیدەگەین بەڵام ئه و شتانە بە فارسی و عەرەبی نیە، بە زمانێکی ترە، ئه و زمانە چیە میر دەلێَ، کەس ناوێرێ قسە بکا. لەم نێوانەدا مەلای ڕوونبێژو ڕەوان بیر کۆڵ نادا، خۆی ملکەچ ناکا، بە نان و ئاوی خۆی و گوێدرێژەکەی ئازادانە دەژیێ، بەردەوام دەبێ لە شیعر خوێندنەوە، هەر شیعر دەخوێنێتەوە، بە دەنگی بەرز لەسەر سەکۆ هەر شیعرە دەخوێنێتەوە، هەر شیعر دەخوێنێتەوە، هاوڕێکەشی سالم هەر بۆی دەنووسێتەوە و بڵاوی دەکاتەوە، وردە وردە، گوێ و سەر و خوێنی خەڵکەکە پڕ لە وشەی کوردی دەبێ، پڕ لە ئاواز و ڕیتمی قافیە و سەروا دەبێ، تەنیا وشەی کوردی، وشە لە شێوەی باق و بریق و بەردی بەنرخ، لە شێوەی مۆروو، مەرجان و یاقوت و زومرود، لە شێوەی ڕەنگ و هەتاوی زێڕین، وشەی کوردی بەناو شار و دێهاتەکان بڵاو دەبێتەوە، دەچێتە هەموو کون و قوژبنێک، هەموو پەناو پەسیوێک، دەچێتە هەموو ماڵ و کۆشکێک، هی هەژار و هی میرەکان، پاشان لەناکاو ڕۆژێک مەلای مەزن و ڕوونبێژ و ڕەوان بیر، چۆن خۆی و گوێدرێژەکەی هاتنە ناو شار، بە هەمان شێوە له و ناوە بزر دەبێ، دواتر دەزانن لە تاراوگەیە، ئەوەی لەم وەرچەرخانە سەیر بوو، ئەوە بوو مەلای ڕوونبێژ و ڕەوان بیر بزربوو، خەڵکەکە هەستیان پێنەکرد، بەڵام تێبینییان کردبوو، بە زمانی خۆیان قسە دەکەن، بە زمانی خۆیان شیعر دەنووسن، خەیاڵا دەکەن، بیر دەکەنەوە، پێشتر بە هی بێگانە، نامەشیان بە فارسی دەنووسی ئێستە بە کوردی، خەونیان بە فارسی دەبینی ئێستە بە کوردی، گوێیان لە ئاواز و ڕیتمی فارسی دەبوو، ئێستە بە کوردی، سەرەنجام بوونە خاوەن زمان و خاوەن تێکست، قەسیدەکانی مەلای ڕوونبێژ و ڕەوان بیر، ئه و دەست و ئه و دەستی دەکرد، دەنووسرایەوە، هاوڕێکەی مەلاش درێژەی بە کاری خۆی دەدا، بەڵام کە هاوڕێکەی ڕۆیشت ئەویش بوو بوو بە جەستەیەکی داهێزراو، بەڵام خاوەن خەون و ئاواتێکی مەزن، کە لەسەر سەری وەک قومری فڕکان فڕکانی بوو. هەرگیز ئه و دوو زاتە یەکتریان نەبینییەوە، ئێستەش ئەم خەونی بە یەکگەیشتنەوە نەهاتەدی، بەڵکو... ڕۆژێک بێتەدی.
مەلای مەزن و ڕوونبێژ و ڕەوان بیر، دوای ئەوەی لە شاری سنەی دڵگیر، کە ئەویش هەر یەکێ لە پایتەختە فەرهەنگییەکانی کوردە، خوێندن تەواو دەکا، سەر پڕ لە خەون و پڕ لە هیوا و پڕ لە پڕۆژە، دەگەڕێتەوە گوندی میتافیزیکی خاک و خۆڵ، لەوێ قەیرێ دەمێنێتەوە، بەڵام دواتر، کەڵکەڵەی خەون و پڕۆژەکانی هەراسانی دەکەن، دەبێ شتێک بکا...، بۆیە، بە سواری گوێدیرێژ ڕوو لە شار دەکا، لەوێ شۆڕشێکی مەزنی بەرپا دەکا، فۆرم و دنیای هەموو شتێک دەگۆڕێ، هەموو شتێک سەراوبن دەکا، زمان و خەیاڵ و خەون و ئاییندەی خۆی پێشکەش بە شار دەکا، لەولاشەوە زۆر بێ فیزانە، بە ڕوح سووکی و بە خشکەیی بۆی دەردەچێ. لە دوای خۆی تەنیا، وشە و ئاواز و خەیاڵ و وێنا بەجێدەهێڵێ.
ئەمە بوو ناوەڕۆکی ئەم ڕۆمانە، بابەتێک کە زۆر هەستیار و سەرنجڕاکێشە، لەگەڵ خوێندنەوەی زۆرجار ئه و شاعیرە کوردە کە نالی مەزنە، بە شاعیری تۆسکانی دانتێ ئەلیگێری بەراورد دەکەم، دانتێ لە فلۆرەنساوە بڕیاردەدا کۆتایی بە نووسین و خوێندن و ئاخاوتن بە زمانی ڕۆمانی لاتینی بێنێ، بڕیاردەدا لەمەودوا بە زمانی تۆسکانی شاکارە مەزنەکەی خۆی کۆمێدیا بنووسێ. ئەگەرچی سەرەتا هەمووان دژی بوون، گوایە نووسین بەم زمانە دژ بە ئایین و ئیمانە، دواتر هەر ئەم شاکارە دەبێتە بەردی بناغەی زمانی ئیتالی نوێ، هەر ئەم زمانەش دەبێتە زمانی کڵێسای نوێ، نالی-یش هەر ئەم شتەی کردووە، بە دیوانەکەی بەردی بناغەی زمانی ستانداردی کوردی دانا، کۆتایی بە هەموو زارە کۆنەکان هێنا، سەرەنجام زاری دڵخوازی مەلای ڕوونبێژ و ڕەوان بیر، کە شیعری نایابی پێ دەنووسی و بڵاوی دەکردەوە، دەشێ ناوی لێ بنێین زمانی کوردی نوێ. ئەم زمانەش، زاری کوردی ناوەندە، نە کرمانجییە، نە گۆرانە، نە کەلهوڕە، نەک لوڕە، نە لەکە، نە شەبەکە، نە ئێزیدییە، نە موکریانییە، نە ئەردەلانییە، نە سۆرانیە، نەزازاییە، ...هتد، بەڵکو هەموو ئەمانەیە، هەموو ئەمانەی لە خۆ کۆکردۆتەوە، هەمووان دەتوانن خۆیان تێدا ببیننەوە، قسەی پێ بکەن، خەونی پێ ببینن، پێی بنووسن، سادە ساکار و ڕەوانە، نێر و مێی نیە، مەنگ و سەنگ و سەنگینە، بەرز و باڵا و ڕەنگینە، زمانێکە ئاوا بێ، ئیتر هی دیکەی بۆ چیە، ئەم زمانەش زمانی ئه و مەلا ڕوونبێژ و ڕەوان بیرەیە کە دانتێ ئەلیگێریی کوردییە، لە گوندی میتافیزیکی خاک و خۆڵ سەفەر دەکا و بە سواری گوێدرێژ دێتە شاری سلێمانی، لەوێ شۆڕشێک بەرپا دەکا، بناغەی بیری و نوێ زمانی نوێ و کرداری نوێ دادەڕێژێ، میرەکان، کە پێشتر بێزیان نەدەهات بە کوردی قسە بکەن، هەمووان دەهێنێتە سەر زمان و خەون و خەیاڵی خۆی، ئیتر لەوساوە ئەم کاروانە بەردەوامە، ئەم نووسینەش کە ئێوە دەیخوێننەوە، بە زمانی ئه و مەلا بیر تیژ و ڕوونبێژ و ڕەوان بیرەیە.
ڕۆمان بە بەشی کورت کورت لە شێوەی هەقایەتی کوردی، بە زمانێکی سادە و ڕەنگین نووسراوە، لەگەڵ خوێندنەوەی دەچیتە ناو جیهانێکی کۆنی تازەی پێش دوو سەد ساڵ، لەوانەشە زۆرتر بێ، شوێن هەمووی بریتیە لە گوندی میتافیزکی خاک و خۆڵ، تا سلێمانی و ناو شاری سلێمانی، شاری سەردەمی نوێی کوردی، وەک لەندەنی سەردەمی ڤیکتۆری، ماڵی ئەدەب و هونەر، قسە و سەلیقەی جوان، ڕێگای نیوان ئه و گوندە و شار، ڕێگا و جیۆگرافیایەکی کوردییە، دەشت و دەر و گوڵزار و کانی و بێدەنگی و ئاسوودەیی دەبینی و هەستی پێدەکەی. ڕۆمان لە بەهار دەست پێدەکا، شۆڕش لە پایز و زستان و تا سەرەتای بەهاری ئاییندە ڕوودەدا، لەگەڵ کۆتایی بەهار تەواو دەبێ، مەلای ڕوونبێژ و ڕەوان بیر، یان شاعیری گەورە، هەر لەم کۆتایی بەهارە شار جێ دەهێڵێ، بەڵام چ جێهێشتنێک !! زمانی هەمووان، خەیاڵی هەمووان، فیکری هەمووان، ئاخاوتنی هەمووان، خەون و خولیای هەمووان، هەمووی نوێ دەکاتەوە، هەمووان وەک خۆی لێ دەکا، ئیدی لەوساوە ئەم شۆڕشە بەردەوامە، ئەم شکۆمەندییە کە زمانی کوردی نوێیە، کە زمانی ئەم وتارەشە، هێشتا بەردەوامە و زینددووە.[1]