بەڕە لە ئیدیۆمی کوردیدا
بەڕە، جۆرە ڕایەخ و فەرشێکی کوردەوارییە لە خوری ڕێستراو و تیلمە پەڕۆ و نایلۆن و بەنی جۆراوجۆر لە کارگەی(تەون)دا هەڵدەبەسترێت و ژنانی دەستڕەنگینی کورد وەستایەتی دەکەن و دروستی دەکەن، بەگوێرەی بست و قامک دەپیورێت و کارێکی ورد و سەرنج و تاقەت ویستە، ئه و ژنانەی خاوەنی خاوخێزانن زۆر خراپ ئه و کارەیان پێکراوە لەوانەیە بەڕە دروستکردنیک هەفتەیەکی گەرەک بووبێت، لە کۆندا بەڕە بۆ خۆ داپۆشتن و بەخۆدادانیش بەکاردەهات و ببووە ئیدیۆم(یاخوا نەچیە بن بەڕەی دوژمنیشم) ئەوە زیاتر بەکیژێکی ناشیرین و قرغ و ناکەس بەچە و نانەجیب و ناحەز دەگوترا کە نەچێتە ژێر یەک بەڕەوە لەگەڵ کوڕێک یان لاوێک و خەساری بکات، واتە: کیژێکە کەیبانوو نییە و ڕەسەنایەتی تێدا نییە و بۆ هاوسەرگیری و هاوژینی و وەچە خستنەوە نابێت، یان وتراویشە: ئەوەی کیژی هەیە خەڵک دەچێتە سەر بەڕەی یان ئەوەی کوڕی هەبێت ئەبێت بچێتە سەر بەڕەی خەڵکی مەبەستی ئەوەیە خاوەن کچ داخوازی لێ دەکرێت و خاوەن کوڕ ئەبێ بچێت بۆ داخوازی کیژی خەڵکی، یان(بەقەد بەڕەی خۆت پێ ڕابکێشە) کاتێک بەتانی و پەتۆ بەخۆ دادەرێت نابێت تەواو پێی ڕابکێشرێت، دەبێت هەندێک پێیەکان گورج بکرێن و بنوشتێنەوە، دەنا پێیەکان دەکەونە دەرەوەی بەڕەکە و لە گۆڕێ دیار دەبن و لەسەرما دەتەزن یان بۆ ڕایەخیش هەر دروستە کە قاچەکان بەقەد کورت و درێژی بەڕەکە ڕابکێشرێت هەڵبەت ئه و ئیدیۆمە بۆ دەست گرتن و توانای مادی و دارایی وتراوە، هەروەها وەکو نزا و پاڕانەوەش بەکارهاتووە یاخوا کەس لە گەڵیا نەچێتە ژێر بەڕەیەکەوە ئەوە هەر بۆ بەدکاری و ناڕەسەنی بە کاردەهێنرێت، یان(ئەوەی لەبن بەڕەیە بخە سەر بەڕەی) واتە: هەر شیک نهێنییە و تا ئێستا نەت درکاندووە، یان ئەوەی پێویستە باس بکرێت بیهێنە دەرەوە لە ژێر بەڕەکە، ئه و پەڕۆ و پاتە و داوە بەن و ڕیسەی کە بەڕەی لێدروستکراوە، کۆن دەبێت و دەخورێتەوە و دەسوێتەوە و لەلایەکەوە تەنک دەبێت، هەر کاتێکیش ڕاکێشانێکی کەمی لەسەر بێت ئه و شوێنە تەنکە دەدڕێت، ئەوە کراوە بە ئیدیۆم و بۆ خەڵکی کەم دەرامەت و هەژار و نەدار و دەست کورت دەوترێت: کاتێک تەنها شتەکی هەبێت بە هۆی بارودۆخێکەوە لە دەستی بدات کورد له و حاڵەتەدا دەڵێت: بەڕە لەلای تەنکیەوە دەدڕێت.[1]