ناونیشانی پەڕتووک: خەندەی بەرد
ناوی نووسەر: #پۆڵا سەعید#
دەزگای پەخش: دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی
ساڵی چاپ: 2021
ژمارەی چاپ: یەکەم
پۆڵا سەعید، نووسەری ڕۆمانی خەندەی بەرد دوای بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەکەی، بۆ تێگەیشتن لە هەندێ چەمک و دەستەواژە فەرهەنگێکی تایبەتی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، بەشێکی زۆری چەمکەکانی ڕۆمانی خەندەی بەرد، چەمکی زانستین، بەشێکی دیکەی فەلسەفیین، چەمکەکان هی یۆنانی کۆنن و بەشێکیش لاتینییه.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێک وشەی دیکە هەن، که بە هەمان شێوه دەشێت ڕوونکردنەوه لەسەریان بۆ خوێنەر پێویست بێت، بەڵام به ویست فەرهەنگم بۆ ڕۆمانەکه دانەنا، چونکه پێویسته خوێنەر خۆی بۆ واتا بگەڕێت.
پۆڵا سەعید، لە ناساندنی ڕۆمانەکەیدا ئاشکرای کرد، کە پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان و ئایندەی دەوڵەتی کوردی کردووەتەوە هەوێنی ڕۆمانێک و لە ئایندەیەکی نزیکدا بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی، لە کوردستان چاپ و بڵاودەکرێتەوە.
ئاشکراشیکرد، ڕۆمانەکه باس له بیۆگرافیای ژیانی خۆم و ئایندەی کورد دەکات، ئایندەیەک که کورد تێیدا دەوڵەتێکی سەربەخۆی ئازادی هەیە، واتە خاوەنی دەوڵەتێکی ئەقڵانییە نەک ئیسلامی، دەوڵەتێک که نەوەکانی تێیدا هەموو زانان و نیشتمانی خۆیان خۆشدەوێت.
پۆڵا سەعید، ڕوونیکردەوە، ئەم ڕۆمانە یەکەمین هەوڵە، کە تێیدا به پۆزەتیڤکردنی بیرکردنەوەی کوردە لەسەر ئایندەی خۆی و هاندان بۆ خۆپێگەیاندنی کردبێتە ئامانج، گوتیشی: جگە لەوەش ڕۆمانەکه وەک گێڕانەوەی مێژوو قسە لەسەر ڕیفراندۆم و هەوڵەکانی دەکات، لەبەر ئەوەی ڕۆمانەکه له ئایندەی کورد دایه، له مانگی نیسانی ساڵی 2050.
نووسەری ڕۆمانەکە بە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆی کوردستان24 گوتی: کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکە لە ساڵی 2074 دەژین، واتە ڕۆمانەکە لە ئایندەدا دەستپێدەکات، ئەوان بۆ مێژوو دەگەڕێنەوە و باسی ساڵی 2020 دەکەن، ئامانج لە گەڕانەوەی مێژوو، چاککردنەوەی کۆمەڵێک هەڵەیە، کە لە ڕابردوودا کراوە.[1]