مۆدێرنە لە عیراق لە دیدی عەلی وەردییەوە
#ئەردەڵان عەبدوڵڵا#
لە عیراقدا مێژوونووسی زۆر باشی تێدابووە، هەریەکەیان لە سۆنگەی تایبەتی خۆیەوە هەوڵیداوە، مێژووی عیراق بنووسێتەوە، بەڵام کەسیان نەهاتوون وەکو د.عەلی وەردی لە سۆنگەی سۆسیۆلۆژییەوە، باسی مێژووی عیراق بکەن. عەلی وەردی وەکو بیرمەند و کۆمەڵناسێکی بەتوانا، هەوڵیداوە باسی ڕووداوە گرنگەکانی مێژووی عیراق بکات، ئەمەش بە ڕوونی لە دوو کتێبدا دەردەکەوێت. یەکەمیان: چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی کۆمەڵایەتی عیراق: کە کتێبێکی قەبارە گەورەیە و لە چەند بەرگێک پێکدێت، بە یەکێک لە سەرچاوە مێژووییە گرنگەکانی مێژووی عیراق دادەنرێت. لە کتێبێکی تریشدا باسی مێژووی عیراق دەکات ئەوەش کتێبی) وانەکانی ژیانم)ە. ئەم کتێبە زیاتر وەکو بیرەوەریی خۆیەتی، بەڵام لەپەنا بیرەوەرییەکانی خۆیدا، باسی ڕووداوە گرنگەکانی عیراق دەکات بەتایبەتی پرسی مۆدێرنە و داهێنانە نوێکان. ئەم کتێبەش لەلایەن وەرگێڕی هێژا (د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد) کراوە بە کوردی ناوەندی جەمال عیرافان چاپیان کردووە.
پرسی مۆدێرنە
عیراق وەکو هەموو ئەو شوێنانەی تری ژێر دەسەڵاتی تورکی عوسمانی، بەدەست دواکەوتوویی و هەژاریی و نەخۆشییەوە دەیناڵاند، لەپاش داگیرکردنی عیراق لەلایەن بەریتانیاوە، گەلانی عیراق کەمێک هەوای ئازادییان هەڵمژیی، هەرچەندە ئێستا دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت وا پیشانی بدات، کە ئەو وڵاتانەی پێشتر تورک داگیریکردبوون، باشتر ژیاون تا ئێستا.
لە عیراقدا بەهاتنی ئینگلیز گەلانی عیراق چاویان بە مۆدێرنە کەوت، ئەم بەریەککەوتنەش کارێکی ئاسان نەبووە، چونکە هەموو کاتێک مۆدێرنە ڕووبەڕووی ڕەوتەکانی پێش خۆی دەبێتەوە و زۆرجاریش ڕووبەڕووی کێشەی گەورە دەبێتەوە. لەعیراقیشدا هەمان شت ڕوویداوە، ئەم بەریەککەوتن و ململانێی کۆن و نوێیە لە عیراقدا بەهاتنی ئینگلیز دەستپێدەکات. هیچ مێژوونوسێکی عیراقیش هێندەی د. عەلی وەردی بە جوانی باسی ئەو بەریەککەوتن و کێشانەی نەکردووە.
بەتایبەتی هاتنی (شەمەندۆفێر، کارەبا، فڕۆکە، قوتابخانەی حکومی، زانستی نوێ لەوانە: (خڕێتی زەوی، دروستبوونی باران لەرێگەی هەڵمی ئاوەوە) ئەم دووانەش زۆر زەحمەت بووە کە عەقڵی گشتی خەڵکی قبوڵی بکات. وەکو خۆشی دەڵێت : مرۆڤ ناتوانێت لە شتی تازە تێبگات تەنها لە میانەی چەمکە کۆنەکانییەوە، لێکدانەوەیان بۆ دەکات.
شتی سەرسوڕهێنەر
لەبارەی یەکەمین بەریەکەوتنی گەلانی عیراق لەگەڵ ئەو داهێنانە نوێیانە، عەلی وەردی دەڵێت:
تاکی عیراقی هەندێک داهێنانی سەیرو سەرسوڕهێنەریان بینی کە لە سەردەمی عوسمانیدا، هیچ شتێکیان دەربارەی نەدەزانی، وەکو فڕۆکە، ڕووناکی کارەبا. ئیدی لە خۆیانەوە قسەیان لەسەر دەکرد، هەندێ جاریش دەیانپرسی، چۆن بۆ کافران ڕەخساوە ئەم شتانە دابهێنن کەچی موسڵمانان نەیانتوانیوە هاوشێوەی ئەمانە شتێک دابهێنن.ل28
بارانبارین
پرسێکی تر کە لەناو کۆمەڵگەی عیراقیدا کێشەی زۆری ناوەتەوەو قبوڵکردنی بۆ خەڵکی ئاسایی و ئایینپەروەر قورس بووە، مەسەلەی پرسی زانستی (باران بارین (بووە.
لەمباریەوە دەڵێت: ئەوکاتە کتێبێک بۆ یەکێک لە زانایانی ئایینی چاپ کرا بەناونیشانی (السیف البتار علی الکفار الژین یقولون المگر من البخار، واتە شمشێری تیژ بۆسەر ئەو کافرانەی دەڵێن، باران لە هەڵمەوەیە) ڕۆژێکیان بە چاوی خۆم بینیم پیاوێک لە یەکێکی دەدا و بەوە تاوانباری دەکرد، کە گوایە وتویەتی باران لە هەڵمەوە دروست دەبێت. ل58
پرسی فڕۆکە
مەسەلەیەکی تر کە زۆر سەرسووڕهێنەر بووە بەلای تاکی عیراقیەوە فڕۆکە بووە، ئەم داهێنانەش هەریەکە و قسەوباسی خۆی بۆ کردووە. لەمبارەیەوە عەلی وەردی دەڵێت: باوکم لە زمانی باوکییەوە دەیگێڕایەوە کە چەند کەسێک لە هاوەڵانی بە حەپەسانەوە هاتوون بۆلای و پێیان وتوە کە ئەفرەنجییەکان (واتە بیانییەکان) عارەبانەیەکیان دروست کردووە بە ئاسماندا دەفڕێت کە مەبەستیان فڕۆکە بووە، ئیدی باپیریشم سەرزەنشتی کردوون پێی وتوون: چۆن عەقڵی ئێوە تەسەوەری ئەوە دەکات عارەبانەیەک بە هەوادا بفڕێت؟ ئاخر مەعقوڵە تەختە و ئاسن بە هەوادا بفڕێت؟ خودا عەقڵی پێداوین تا بیر بکەیەنەوە! ل25
لە شوێنێکی تردا زیاتر وێنەکەی ڕوونتر کردۆتەوەو دەڵێت:
یەکێک لە عەشیرەتە لادێیەکانی نزیک شاری بەسرە کاتێک بینیان فڕۆکەیەکی ئینگلیزی لە بەرزایی ئاسمانەوە دەفڕێت، ئیدی خۆیان نەگرت و دەستیان کرد بە (هۆسە) و دەیانوت : سەیرە خودای خالق، حوشتری خۆی هەیە.ل 26
گڵۆپ و کارەبا
داهێنانێکی تر کە بۆ تاکی عیراقی زەحمەت بووە قبوڵی بکات) کارەبا و گڵۆپ) بووە. کە ئەمەش شتێکی زۆر سەیر و نامۆ بووە. لەمبارەیەوە عەلی وەردی دەڵێت:
گڵۆپی کارەبایی سەیرو سەمەرترین شتێک بووە کە خەڵکی دووچاری سەرسوڕمان و حەپەسان و تاسان کردبوو، ، ، ئیدی هەرکەسە بە جۆرێک دەربارەی هۆیەکانی ئەو گڵۆپانە قسەی دەکرد. بەرەیەک دەیانووت کارەبا دروستکراوی جنۆکەیە و ئینگلیزەکان توانیویانە جنۆکە لە خزمەتی خۆیاندا بەکاربهێنن. بەرەیەکی تر پێیان وابوو، کە کارەباش وەچە دەنێتەوە، لە دیدی ئەواندا ئەو گڵۆپە کارەبیانەی هەڵواسراون (مێ) ن، (نێر)ە کانیانیش لەلای ئینگلیزەکان پارێزراون، هەر کاتێک بیانەوێ لەگەڵ مێیەکاندا، زاوزێیان پێدەکەن. بەرەی سێیەم دەیانووت، ڕووناکی کارەبا لە بروسکەی ئاسمانییەوە وەرگیراوەو ئینگیلزەکان توانیویانە بۆ خۆیان ڕاویان بکەن و بیانخەنە زیندانەوە، کە ئێوارەش دادێت بەریان دەدەنە وێزەی گڵۆپەکانەوە. بەرەی چوارەم دەیانووت، لە دەریاکاندا باڵندەیەک هەیە ڕووناکی تێدایە و ئینگلیزەکان بۆ خزمەتی خۆیان ڕاویان کردووە. ل29
دژایەتی مەکتەب
داهێنانێکی نوێتر خوێندنی حکومی بووە، کە زۆرکەس هەتا ماوەیەکی زۆر دژایەتیی قوتابخانەی حکومیان کردووە بە شتێکی دژە ئاینیان داناوە. هەر لەمبارەیەوە عەلی وەردی دەڵێت:
زۆربەی خەڵکی بە چاوێکی پڕ لە گومانەوە تەماشای ئەو قوتابخانە نوێیانەیان دەکرد کە تایبەت کرابوون بۆ کوڕانی (ئەفەندییەکان)، واتە بۆ منداڵی فەرمانبەرە حکومییەکان، پێیان وابوو ئەو جۆرە قوتابخانەیە لادانی سێکسی تیادا باوە. ل88
حوکمی عوسمانی و حکومی ئینگلیز
عەلی وەردی لە زۆر شوێندا باسی ستەم و زۆرداری حوکمی تورکی عوسمانی کردووە لەمەشدا هیچ زیادەڕۆیی یان ناڕاستی نەووتوە، بەڵکو خۆی لە خۆیدا، داگیرکاری تورکی لەهەموو ڕوویەکەوە کارەساتی بۆ هەموو ئەو گەلانە هێناوە کە داگیریان کردوون. بەهاتنی ئینگلیزیش گەلانی عیراق کەمێک ئازدا دەبن و چاویان بە مۆدێرنە کرایەوە، لەبارەی جیاوازی ئەم دوو داگیرکەرەوە، عەلی وەردی دەڵێت:
جەور و ستەم لە سەردەمی عوسمانیدا گەیشتبووە پلەیەک بە دەگمەن زوڵمی وا لە هیچ سەردەمانێکی تردا هەبووە.ل34 لە سەردەمی منداڵیمدا گوێم لە خەڵکی دەبوو باسی گەندەڵی و زوڵم و زۆری عوسماییەکانیی دەکرد، کە ئەو زوڵمە چۆن بەشێوەیەکی فراوان و بەرین بڵاوبۆوە، دواتر کە بیرەوەرییەکانی هەندێک لەو کەسانەم خوێندەوە کەلەو کاتەدا ژیابوون، بۆم دەرکەوت ئەو بارودۆخەی کە خەڵکی عەوام لە دانیشتنە تایبەتییەکانی خۆیاندا باسیان دەکرد، هەمان ئەو بارودۆخەیە کە لە بیرەوەرییەکاندا باس کراوە. ل35
لە زاری باوکیشیەوە دەڵێت: باوکم وتی: دەوڵەتی عوسمانی لەروخسار و ڕووکاردا دەوڵەتێکی ئایینی بوو، بەڵام لەراستیدا وانەبوو، ل 41
دواتر دەڵێت:
خەڵکی بینیان حوکمی ئیگلیز دادپەروەرانەتر و نەزیهترە وەک لە حوکمی عوسمانی، ئیدی دەیانپرسی بۆچی کافر دادپەروەر و موسلمان ستەمکارە، کامیان بۆ فەرمانڕەوایی خەڵک باشترە، کافرێکی دادپەروەر یان موسڵمانێکی زاڵم.؟ 24
ئازادیی و ڕای گشتی
خاڵێکی تری جیاوازی نێوان حوکمی ئینگلیز و تورک لەوەدایە، کە بەهاتنی داگیرکاری ئینگلیز، گەلانی عیراق کەمێک هەوای ئازادییان هەڵمژیوە و ئەمەش وایکردووە کە (رای گشتی) دروست ببێت، ئەمەش لەکاتێکدا لە کاتی داگیرکاری تورکدا، هیچ جۆرە ئازادییەک نەبووە. عەلی وەردی زۆر بە جوانی ئەم خاڵەشی دەرخستووەو دەڵێت:
لەسەردەمی عوسمانیدا (رای گشتی سیاسی) لە عیراقدا زۆر لاواز بوو بگرە هەر لە ئارادا نەبوو، کەچی لە سەردەمی فەیسەڵدا زۆر بەخێرایی گەشەی کرد. خەڵکی لە سەردەمی عوسمانیدا نەدەبوو باسی سیاسەت بکەن، چونکە دەشیا ڕووبەڕووی زیندان یان پارەو ماڵیان تیا بچوایە، خۆ ئەگەر یەکێک جورئەتی بکردایە و باسی سیاسەتی بکردایە، پێیان دەیوت، ئەم حکایەتە سوودی نییە، باسی شتێک بکە نان پەیدا بکات.
دوا قسە
لەوانەبێت کاتێک ئێستا ئەم شتانە دەخوێنینەوە، هەڵوێستی ئەوکاتەی خەڵکی ئاسایی بەلامانەوە سەیر بێت، بەڵام ئەمەش واقعی هەموو گەلانی خۆرهەڵات بووە، کاتێک بەریەککەوتنیان لەگەڵ مۆدێرنە و داهێنانە نوێکان بووە، هەرچەندە ئێستا دژایەتیکردنی مۆدێرنە لە عیراق و خۆرهەڵاتدا بە جۆرێکی ترە.[1]
سەرچاوە: د. عەلی وەردی. وانەکانی ژیانم. لە عەرەبییەوە. د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد. ناوەندی جەمال عیرفان بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. سلێمانی. 2019