سوودەکانی میوزیک بۆ منداڵان
#ڕەزا شوان#
لە ئێستادا وشەی (میوزیک) و (موزیک) لە نووسین و لە میدیا و لە ڕاگەیاندنەکانی کوردستاندا بەکاردەهێنرێن، زۆر بە کە می وشەی مۆسیقا بەکاردێت. لە زمانی ئینگلیزی و زۆربەی زمانەکانی تری جیهانیشدا بە زۆری وشەی میوزیک بە کاردەهێنن. وشەی میوزیک لە بنەڕەتدا وشەیەکی ڕەسەنی یۆنانی کۆنە. وشەی (موسیقی)ی عەرەبیش هەر لە (میوزیک) ەوە وەرگیراوە. وشەی میوزیک لە وشەی (میوز)ی لاتینییەوە وەرگیراوە، کە بەلای گریکییەکانەوە خواندی هونەر بوو. گریکییەکان، بۆ هەموو هونەرەکان و زانیارییەکان وشەی (میوزیک) یان بەکار دەهێنا. دەستپێکردنی میژووی میوزیکی مۆدێرن بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە.
میوزیک بریتییە لە جۆرێک لە جۆرەکانی هونەر. بەوە پێناسە دەکرا، کە هونەرێکە گرنگی بە دانان و دابەشکردنی ئاوازەکان و شێوازی وتنی گۆرانییەکان و بە ترپەی هەڵپەڕکێکان دەدات. میوزیک زانیارییەکیشە کە شێواز و پرەنسیپەکانی ئاوازەکان دەخوێنێت، لە ڕووی هەماهەنگی و جیاوازییەوە. دەوترێش میوزیک زمانێکی جیهانییە، زمانێکی جیاوازە، زمانێکە لە نێوان مێشک و دڵەکان دایە. جوانترین و ناسکترین واتای لەخۆگرتووە.
میوزیک زمانێکە، لە زمانەکانی جوانی، لەگەڵ زمانە جوانەکانی کەدا، پێکەوە جیهانی منداڵان پێکدەهێنن. زمانێکە لە خزمەتی منداڵان دایە، هەموو لایەنەکانی گەشەکردنی منداڵان: کۆمەڵایەتی، سۆزداری، هزری، داهێنان، کەسایەتی، جوڵەیی دەگرێتەوە. لە هەمان کاتیشدا، چێژ و شارەزایی پێویست بە منداڵان دەبەخشێت.
میوزیک زمانی شیعر و گۆرانییە، میوزیک شیعرێکی دەنگدارە، ڕۆح و گیانێکی نەمری بە بەر شیعردا دەکات، تێکەڵاوی یەکتری بوونە. شیعر و میوزیک و گۆرانی گیانێکن لە سێ جەستەدان، سیانەیەکن ئاوێتەی یەکتری بوونە و لە یەکتری دانابڕێن.
هەریەکەیان بە ئەوەی ترەوە بەندە. هەماهەنگی لە بنیاتنانی کەسایەتیدا دەکەن. پێکەوە بەشداری لە بنیاتنانی ڕۆشنبیری و شارستانێتیدا دەکەن. وەکوو چۆن جووتە وشەی (دەهۆڵ و زۆڕنا)، (گۆرانی و هەڵپەڕکێ) بە زۆری پێکەوە دێن، هەرەوهاش بە زۆری (شیعر و ئاواز)، (شیعر و میوزیک) یش پێکەوە دێن.
ئەگە ڕچی گوێگرتن لە میوزیک، تا ئە مڕۆش نەبۆتە کولتوور و بە نە ڕیت و بە خوویەکی دەقگرتووی ڕۆژانەی تاکی کورد. گەر هەشمان بێت کەمن. بە ڵام گەلی کوردمان زۆر لە کۆنەوە، لە ئاهەنگ و بۆنە خۆشەکان و شایی و زەماوەندا، بە ئامێرێک یا زیاتری میوزیکی لە گە ڵ گۆرانی و هەڵپە ڕکێدا، گوزارشتمان لە خۆشی و شادیمان کردووە. تا ئەمڕۆش بلوێر و شمشاڵ یا نای دوو ئامیری پیویستی شوانانی کوردن. بێگومان هەموومان حەز لە فێربوون یا گوێگرتنی میوزیک دەکەین. ئەوەی حەزی لێنەکات کەسێکی دڵ مردووە. میوزیکیش تەنیا بۆ چێژ و خۆشی وەرگرتن نییە، بەڵکو بووە بە پێویستییەکی گرنگمان، کاریگەری لە ڕۆشنبیریماندا هەیە. تا ڕادەیەکی زۆر تێکەڵ بە لایە نەکانی ژیانی ڕۆژانەمان بووە.
(شکسپیر) دەڵێت: میوزیک خۆراکی ڕۆحمانە.
(ئەفلاتوون) دەڵێت: میوزیک و وەرزش، دوو زانستن.. هەردووکیان بۆ مرۆڤ پێویستن.
(نیشتە) دەڵێت: گەر ویستت بڕیار لەسەر ئاستی گەلێک بدەیت. گوێ لە میوزیکیان بگرە.
(کۆنفۆشیۆس) دەڵێت: میوزیک ئاوێنەی شارستانی گەلانە.
(لانس) یش دەڵێت: فێری خەڵکی بکەن چۆن گوێ لە میوزیک بگرن.. ئەوسا پێویستیمان بە بەندیخانە نابێت.
(کۆنجریف) دەڵێت: میوزیک دەتوانێت دڕندەکان ڕابهێنێت و.. بەردیش نە ڕم بکات.
مامۆستا (حەمە کەریم هەورامی) لە بەرگی دووەم لە کتێبی (ئەدەبی منداڵانی کورد) نووسیوێتی، دەڵێت:لە وڵاتێکی ڕەنگینی شاخاوی پڕ لە گوڵ و گوڵزار و ئاو و ڕووبار و باخ و دارستانی وەک کوردستان، بارەگایەکی ڕازاوە بووە بۆ نیشتەنی مۆسیقا، بۆیە نەکراوە مۆسیقای تیایدا خامۆش بکرێ و هەموو دەرەکانی لێ بگیرێ و گوێی شیعری شاعیرانی لێ کەڕ بکرێ، هەردەم دەرفەتی بۆ ڕەخسابێت هەناسەی خۆی داوە و هێز نەبووە بەری بگرێ، هەناسەی پڕ گوڵاوی شیعر تەنیا مۆسیقایە. دەشڵێت:ئەمڕۆ مۆسیقا وا تێکەڵاو بە ژیانی کۆمەڵانی خەڵک بووە هەموو ڕوویەکی چالاکی مرۆڤی گرتووەتەوە، هیچ کارێک بەبێ مۆسیقا ئەنجام نادرێت. لە بواری ئەدەب و هونەر و ڕووناکبیرییەوە، بووەتە سەنگی مەحەکی ڕەسەنی و ناڕەسەنی یا بەهێز و بێ هێزی جۆرەکانی ئەدەب و هونەر و هەستیاری مرۆڤی مەزن.
دایکان و باوکان بە شێوەیەکی ڕەمەکی میوزیک بەکاردەهێنن، لە ڕێی گۆرانی سووک و لایلایە و گوزارشت کردن لە سۆزداری و لە خۆشەویستیی ناخیان، کۆرپەکانیان ژیردەکەنەوە و دەیانکەنە خەوێکی خۆش. پێویستە لە یەکەم ڕۆژی لەدایکبوونی منداڵانەوە، گوێی منداڵەکانیان بە گۆرانی ناسک و بە لایلایەی شیرین و بە میوزیکی هێمن پاراوبکەن. تا له و تەمەنە بچووکییەدا هۆگری گۆرانی و میلۆدی و میوزیک ببن.
میوزیک ڕۆڵێکی گەورە و کاریگەری لە پەروەردەکردن و لە ڕۆشنبیریکردنی منداڵاندا هەیە. له و کاتەوە کە منداڵان لەناو منداڵدانی دایکیاندا دروست دەبن. لە زۆر شوێنی جیهاندا، زۆر دامەزراوەی کۆمەڵایەتی هەیە، لە پەروەردەکردنی کورپەلەی ناو سکی دایکاندا، پشت بە بەکارهێنانی میوزیک دەبەستن. بۆ نموونە، شارەوانی ڕۆما لە ئیتاڵیا، ساڵانە چەند جارێک لە سەنتەری ڕۆما و لە باخچە گشتییەکانیدا، ئاهەنگی میوزیک و گۆرانی و دانس بۆ ژنانی دووگیان سازدەکەن. بە ئامانجی باشبوون و ئاسایی بوونی میزاج و خۆشی و شادی بەخشین بە کۆرپەلەکانی ناو سکی ئه و ژنە دووگیانانە.
توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکان دەربارەی کاریگەریی میوزیک، ئەوەیان سەلماندووە، کە منداڵانی میوزیکژەن یا گوێگرانی میوزیک، هەست بە ئارامی و بە خۆشی و بە خاوبوونەوە گیانیان دەکەن. میوزیک یارمەتی ڕێکخستنی سۆزدارییان دەدات.
لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، کە ئه و منداڵانەی گوێ له و پارچە میوزیکانە دەگرن کە حەزیان لێیان هەیە و پێیان سەرسامن، پاڵ بە مێشکیانەوە دەنێن بۆ دەردانی مادەیەکی کیمیاوی کە پێی دەڵێن (دوبامین) کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر میزاجی منداڵە میوزیکژەنەکان یا گوێگرەکانی میوزیک هەیە.
لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لە ساڵی (2016) دا، لە لایەن پەیمانگای مێشک و داهێنانی سەر بە (زانکۆی باشووری کالیفۆرنیا) لە ئەمریکا ئەنجامی دا، بە تاقیکردنەوە ئەوەیان بۆ دەرکەوت، کە میوزیک لە قۆناغی بەرایی منداڵیدا، دەتوانێت گەشەکردنی مێشکی منداڵان خێراتر بکات. بە تایبەتیش لە بواری فێربوون و وەرگرتنی زمان و شارەزایی لە خوێندنەوەدا.
میوزیک بە شێوەیەی گشتی و تێکڕا، لە منداڵییەوە لە زۆر لە بوارەکاندا کاریگەریی لەسەر گەشەکردنی منداڵان هەیە. هۆگربوون بە میوزیک لە تەمەنێکی بچووکی منداڵیدا، کارتێکردنی لە هێنانەدی ژیانێکی باشدا هەیە. ڕێژەی ئەم کارتێکردنەش لە هەموو منداڵاندا وەک یەک نییە، لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر جیاوازیی هەیە.
زاناکان بە تاقیکردنەوە، ئەوەشیان بۆ دەرکەوت، کە میوزیک یارمەتی گەشەکردنی ڕووەک و ئاژەڵانیش دەدات. بۆ نموونە: گەر میوزیک بۆ مانگایەکی دۆشەنی بژەنرێت شیری زیاتر دەدات. هەمووشمان ئه و کلیپە میوزیکییەی هونەرمەندی شمشاڵژەنی گەورە و بەناوبانگی کوردمان، خوالێخۆشبوو مامە (قالە مەڕە) مان بینیوە، کە لە و کاتەی مامە قالە مەڕە شمشاڵ دەژەنێت، مەڕەکان لە دەوریدا وەستاون و خاوبوونەتەوە، بە هێمنی گوێ لە ئاوازی شمشاڵژەنینی مامە قالەی شوانیان دەگرن.
سوودەکانی میوزیک بۆ منداڵان
زۆرن ئه و سوود و ئامانجانەی کە لە سایەی ژەنین و گوێگرتن لە میوزیک دێنەدی. بە کورتی ئەمانە بەشێکن لە سوودە دەروونی و جەستەیی و ئاکادیمییەکانی میوزیک:
1 میوزیک گەشە بە هەست و نەستی منداڵان دەکات، توانای تێبینی و سەرنج وردیان و ڕێکخستنی سۆزداریی لۆژیکییان زیاتر دەکات. هەر لە میانەی میوزیکەوە، توانایەکی زیاتری گوێگرتن و فێربوون و وەرگرتنیان دەبێت. هەمیشەش میوزیک بە بەشی تەوەری کرداری فێربوونی منداڵان دادەنرێت. کرداری فێربوونی بابەتەکانی زانیاری و خوێندنی قوتابخانەش ئاسانتر دەکات.
2 میوزیک گەشە بە بەهرەکانی منداڵان دەکات، زاخاوی هۆش و هەستیان دەدات و توانای داهێنان و ئافراندنیان زیاتر دەبێت.
3 میوزیک هێمنی و ئارامی و ئاسوودەییەکی زۆر دەخاتە دڵی منداڵان. هەست و چێژی خۆشی و کامەرانی و بەختەوەری بە دەروونییان دەبەخشێت و ژیانیان لا شیرینتر و گوشادتر دەکات. ئارەزووی گوێگرتن و وتنی گۆرانی لە دەروونیاندا دەڕوێنێت. لە سروشتی گشتیدا هەمیشە لە دۆخێکی گونجاو و هاوسەنگیدا دەبن.
4 میوزیک ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری لە پەروەردەکردنی دروست و لە بنیاتنانی کەسایەتی هاوسەنگی منداڵاندا هەیە. میوزیک هەمیشەش هیوا و گەشبینی دەخاتە دەروونی منداڵانەوە. یارمەتییان دەدات بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ ژیانێکی خۆشتر و بۆ داهاتوویەکی لەبارتر و گەشتر.
5 بە هۆێ گۆرانی و میلۆدی و میوزیکەوە، دەتوانین گوزارشت و دربڕینی ئەدەبی، لە منداڵان کاراتر و بەهێزتر بکەین. هانیان بدەین بەبێ ترس و شەرم، گوزارشت لە هەست و نەست و سۆزدارییان بکەن و خۆیان دەربخەن، چییان لە ناخ و باریان دایە هەڵیان بڕێژن. میوزیک بژەنن و گۆرانی بڵێن و هەڵپەڕن.
6 میوزیک هۆکارێکی گرنگە بۆ بە کۆمەڵایەتی بوونی منداڵان. کار بۆ ئەوە دەکات، کە پەیوەندییەکی بەهێزی هاوڕێتی بخاتە نێوان منداڵانی هاوحەزی میوزیکەوە.
بە تایبەتیش ئه و منداڵانەی کە پێکەوە لە کۆرسێکی میوزیکیدان، یا لە تیپێکی میوزیک و گۆرانی دان، پێویستیان بە هاوڕێتی و هاوکاری و یارمەتی و هەماهەنگی یەکتری هەیە. چونکە کارێکی بە کۆمەڵ ئەنجام دەدەن. بەبێ یارمەتی یەکتری نایەتەدی.
7 تا ئێستا توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیەکی زۆر دەربارەی کاریگەری میوزیک لەسەر مێشکی مرۆڤ بە گشتی و مێشکی منداڵان بە تایبەتی کراوە. زاناکان گەیشتنە ئه و ئەنجامەی، ئه و منداڵانەی کە هۆگری ژەنینی ئامێرێکی میوزیکن یان گوێگرێکی باشی میوزیکن، لە ڕووی ئاکادیمی و خوێندنەوە، نمرەکانیان لە وانەکانی خوێندندا بەرزترن لە نمرەکانی ئه و قوتابییانە ی گوێ لە میوزیک ناگرن و هۆگری میوزیک نین.
لێکۆڵینەوە تازەکانیش، ئاماژە بەوە دەکەن کە میوزیک تێکڕای زیرەکی منداڵان بەرزتر دەکاتەوە. میوزیک دەلاقەیەکیش بۆ داهێنان و ئافراندن دەکاتەوە.
8 میوزیک یارمەتی گەشەکردن و دەوڵەمەندکردنی زمانی منداڵان دەدات. منداڵان لە ڕێی میوزیکەوە، بڕێکی زیاتری وشە و زاراوە و ڕستە و هێما فێردەبن. تەنانەت کۆمەڵێک وشە و ڕستە و ناوی ئامێرە میوزیکییەکان، بە زمانی ئینگلیزی فێردەبن.
9 میوزیک گوێیەکانی منداڵان لەسەر گوێگرتنی باش ڕادەهێنت، تا شارەزای هەموو دەنگە جیاوازەکان ببن. ئه و کەسانەی گوێقوڵغان و گوێیەکی میوزیکییان هەیە، زۆتر وشە و ڕستەکانی زمان وەردەگرن.
هونەرمەندی گۆرانیبێژی مەزنی کوردمان (هۆمەر دزەیی) جارێکیان لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا وتی: لە فەرەنسا بەشداریم لە کۆرسێکی زماندا کرد، هەر لە یەکەم ڕۆژدا، مامۆستاکە چیی بوتایە یەکسەر وەرمدەگرت. بۆیە مامۆستاکە سەرسام بوو و لێمی پرسی: تۆ هونەرمەندێکی گورانیبێژی؟ وتم: بەڵێ. بە چییا دەزانی کە من گۆرانیبێژم؟ وتی: تۆ گوێیەکی میوزیکت هەیە، یەکسەر قسەکانم وەردەگریت.
10 میوزیک و میلۆدی و گۆرانی و هەڵپەڕکێ، شەرم و ترسی منداڵان ناهێڵن، ئازایەتی ئەدەبی و متمانە و باوەڕ بە خۆبوونێکی زیاتریشیان پێدەبەخشن. تا بە ڕاشکاوی گۆزارشت لە هەست و نەست و لە خۆشەویستی و لە سۆزدارییان بکەن.
11 میوزیک یارمەتی چالاکییەکانی مێشکی منداڵان و پێشکەوتنی هەموو توانا جوڵییەکانی منداڵان دەدات.
12 بەشێکی زۆر لە پزیشکان و لە دەروونناسانی منداڵان، بۆ هەندێ گرفت و نەخۆشی سایکۆلۆژیی منداڵان، بۆ چارەسەرکردنیان پەنا بۆ میوزیک دەبەن. وەکوو: دڵتەنگی، خەمۆکی، دوودڵی، بێزاری، ترس، نێرگزی، شەرم، ... هتد.
13 پەرەپێدانی خۆشەویستی و ڕاهێنانی منداڵان لەسەر ئاخاوتنی سفت و بێ گرێ و سادە و دوورکەوتنەوە لە زمانی زبر و بەکارهێنانی شێوەی ڕەق و تەقی ڕووشکێن.
14 منداڵان لە ڕێی میوزیکەوە، هەست بە جوانی دەکەن و ڕەوشتیان لە خەوش و خار پاک دەکەنەوە.
(بێتهۆڤن) دەڵێت:میوزیک جوانییەکی بیستراوە.. ئەڵقەیەکیشە ڕۆح و هەست پێکەوە دەبەستێت.
15 میوزیک ڕۆڵێکی گەورەشی لە ڕۆشنبیریکردنی منداڵاندا هەیە. هانی منداڵانی میوزیکژەن یا گوێگرانی میوزیک دەدات، بۆ خوێندنەوەی ئه و کتێبە ئاسانانەی کە دەربارەی میلۆدی و میوزیک و گۆرانی نووسراون. تا شارەزاییەکی زیاتریان لە بارەی میوزیک و میوزیکژەنە ناسراوە کوردییەکان و جیهانییەکان هەبێت. شارەزاییان لە شێوازی میوزیک و لە ڕۆشنبیریی میوزیکی و لە ئامێرە هەمەجۆرەکانی میوزیک و لە داب و نەریتی گەلانی جیاواز هەبێت. بە ڕووی ڕۆشنبیریی و میوزیک و هونەری گەلان و جیهاندا بکرێنەوە.
16 میوزیک پەیوەندیی خێزانیش بەهێز دەکات، ڕێز و سۆز و خۆشەویستی نێوان دایکان و باوکان و منداڵەکانیان بەهێزتر و شیرینتر دەکات. چونکە منداڵان لە ڕێی میوزیکەوە، فێری سۆز و خۆشەویستی و ڕێز و یاسا دەبن.
17 ئه و هەست و نەست و چێژ و خۆشییە زۆرەی، کە میوزیک لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە بە منداڵانی بچووکی دەبەخشێت، لە هۆش و دەروونیاندا دەڕوێن و بە درێژایی ژیانیان، هۆگری میوزیک و میلۆدی و گۆرانی دەبن و ناتوانن پشت لە میوزیک و گۆرانی بکەن. میوزیک واش لە منداڵان دەکات، لە ڕووی هزری و کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەوە، ئامادەی ژیانێکی خۆشتر و داهاتوویەکی باشتربن.
زۆرن ئه و منداڵانەی کە لە تەمەنی چوار یا پێنج ساڵاندا، فێری میوزیک ژەنین بوون، بوون بە کەڵە میوزیکژەنی جیهانی. لەوانەش میوزیکژەن (مۆزارت).
دایکان و باوکان و مامۆستایان و میوزیکژەنان و گۆرانیبێژان و ڕێکخراوەکانی خەمخۆری منداڵان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی چالاکییەکانی قوتابخانەکانی کوردستان.
بە لەبەرچاوگرتنی ئه و سوودانەی سەرەوە و زیاتریش له و سوودانە. میوزیک لە گەشەکردن و ئامادەکردنی منداڵان بۆ داهاتوویەکی دڵخواز و شیاوتر. پێویستە پلانی تۆکمە و بەرنامەی تەسەلتان بۆ منداڵەکانتان هەبێت بۆ فێربوونی میوزیک و گوێگرتن لە میوزیک. چونکە پەروەردەی میوزیکی منداڵان زۆر گرنگ و بەسوودە. لە زۆر کار و ڕەفتاری نەخوازراو و لە خووی ناشیرین، منداڵەکانتان دووردەخاتەوە.
لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا، بایەخێکی زۆر بە پەروەردەی میوزیکی دەدەن، لە زۆربەی ماڵەکاندا، پیانۆیەک هەیە، یا ئامێرێکی میوزیکی هەیە، گەورە و منداڵان لە کاتی پەرژاندا تاوێک پیانۆ لێدەدەن. لە قوتابخانەکانیشدا منداڵانی ئارەزوومەندی میوزیک، لە لایەن مامۆستای پسپۆری میوزیکەوە، بە پێی ئارەزوو و هەڵبژاردنی قوتابییەکان، فێری ژەنینی ئامێرێکی میوزیکیان دەکەن. لە هەر شار و گەڕەک و گوندیکدا، بە دەیان تیپی میوزیکی هەیە. بە خۆڕایی لە سەنتەرەکاندا ئاهەنگی میوزیکی سازدەن.
لە کوردستانیشدا، بابەتی میوزیک وەکوو وانە یە کی سە ڕبەخۆ و خراوتە پرۆگرامەکانی قوتابخانە ی بنەڕەتییەوە. زۆر سوپاسی مامۆستا (زارا ئەحمەد جاف) سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە ڕانیە دەکەم. بەڕێزیان خشتەی دابەشکردنی وانەکانی بۆ ناردم. بە پێی خشتەکان، بە پێی دەوامی قوتابخانە بنەڕەتییەکان و خوێندن بە زمانە جیاوازەکان، لە قوتابخانەکانی کوردستان، جیاوازی لە دابەشکردنی ژمارەی وانەکانی میوزیکدا هەیە. لە پۆلی (3، 2، 1) دا، هەفتەی (2) وانە میوزیک هەیە، لە هەندێ قوتابخانەی تردا هەفتەی (1) وانەی میوزیکیان هەیە، لە خشتەکانی ئەم قوتابخانانەدا ناوی وانەی (سروود) یان تێدا نییە. لە خشتەی هەفتانەی هەندێ لە قوتابخانەکانیشدا، ناوی میوزیکی تێدا نییە و وانەی (سروود) هەیە، کە بە هەمان ڕێژەی وانەی میوزیک، وانەی سروود دابەشکراوە. لە خشتەی هەفتانەی دابەشکردنی وانەکانی خوێندنی هەندێ قوتابخانەکانیشدا، ناوی وانەی (سروود) و ناوی (میوزیک)یتێدا نییە. لەوانە یە لە چوارچێوەی وانەی (هونەر) یا (پەروەردەی هونەری) دا بێت. بەڵام وانەی (پەروەردەی هونەی) بە زۆری چالاکییەکانی وێنەکێشان دەگرێتەوە.
من وام پێ جوان و دروستە، کە هەردوو وشەکە (سروود) و (میوزیک) بخرێنە پاڵ یەکتری و ببن بە وانەی (سروود و میوزیک). مامۆستای پسپۆر و کارامە و شارەزای میوزیک، لە دەرچوانی پەیمانگای هونەرە جوانەکان، بەشی میوزیک. بۆ وتنە وەی ئەم وانەیە تەرخان بکرێن. نەشکرێت بە وانەیەکی لاوەکی، پێویستە گرنگی پێبدەن.
دەستخۆشییەکی زۆریش له و لایەن و مامۆستا میوزیکژەنە دڵسۆزانەمان دەکەم، کە لە پشووەکانی هاویناندا، کۆرس و خولی تایبەت بۆ فێرکردنی میوزیک بۆ منداڵانی کوردمان دەکەنەوە. خزمەتی پیرۆز و ناوازەیان، شایەنی ئەوپەڕی ڕێز و پێزانینە.[1]
نەرویج: 11-08-2022