ڕۆژی #15-08-1984# یەکەم فیشەک بەڕووی سوپای تورکدا تەقێندراو بووە دەستپێکی شەڕێکی درێژخایەن، شەڕی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان و دەوڵەتی تورک وەک جەژنی 15ی تەباخ بە پێشەنگایەتی مەعسوم کۆرکماز ناسراو بە عەگید لە ناوچەی ئەرۆخی شەمزینان دەستیپێکرد.
پێش دەستپێکردنی خەباتی چەکداریی، مەعسوم کۆرکماز، فەرماندەی ئەو هێزەی یەکەم فیشەکیان بەڕووی سوپای تورکدا تەقاند، هۆکارەکانی دەستپێکردنی شۆڕشی چەکداریی لە نامیلکەیەکدا بە ناوی ‘بەرەی بەرخۆدانی یەکگرتوو لە دژی فاشیزم لە ساڵی 1982 بڵاوکردەوە.
کۆرکماز لەو نامیلکەیەدا دەڵێت: بۆ گەلەکەمان تاکە ڕێگای ڕزگاریی ئەوەیە، لە بەرەی بەرخۆدانی یەکگرتوودا لە دژی فاشیزم بێت، بە چالاکیی یەکگرتووانەی هێزە شۆڕشگێڕ، دیموکرات، پێشکەوتنخواز، وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەرەکان فاشیزم هەڵدەوەشێتەوە.
یەکەمین فەرماندەی گەریلا لە نووسینەکەیدا باس لەوەش دەکات “بۆ گەلانی تورکیا و کوردستان دەوڵەتی فاشیستیی چەوسێنەری داگیرکەری 12ی ئەیلولی دەست خوێناویی، بە پشتیوانیی ئەمریکا و کردارە فاشیستییەکانی، لە شەڕی لە ناوبردن و سەرکوتکردن دا، کە دوو ساڵە لە دژی گەلانمان بەڕێوەی دەبەن، هەوڵ دەدەن کراسێکی سپی لەبەر بکەن و کراسی شەڕە خوێناویی و پیسەکەیان لە خۆیان بکەنەوە، دەیانەوێت بەوە ڕەوایی بە خۆیان بدەن، بۆ ئەوەی بتوانن ئەو میکانیزم و دام و دەزگایانەی خۆیان هەمیشەیی بکەن و تاڵانی، داگیرکەریی، چەوساندنەوە و گوشارەکانیان لە ڕێگەی دەستوورەوە بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێک بچەسپێنن”.
لەو نامیلکەیەدا بە وردیی باس لە خراپیی دۆخی خەڵکی تورکیا و باکووری کوردستان دەکات و ڕوونیدەکاتەوە، کە سەرجەم مافە کۆمەڵایەتی و دیموکراتییەکان لە خەڵک سەندراوەتەوە و دەشڵێت: گوندنشینە هەژارەکان خراونەتە دۆخێکەوە، کە ناتوانن پێداویستییەکانی ژیان و بژێویی خۆیان دابین بکەن، بە زۆر ناچاری برسێتی، هەژاریی و ناخۆشی کراون و ناچارکراون بەو شێوەیە بەردەوامیی بە ژیانیان بدەن.
دەشڵێت: لە کوردستان بە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردن و هەڵکوتان، ڕاوکردنی دژ بە شۆڕشگێڕان بەردەوامە، کۆمەڵکوژیی دڕندانە ئەنجام دەدرێت، دامودەزگای خێزان، کە لە لایەن گەلەکەمانەوە بە پیرۆز دادەنرێت، لە کوردستان تێکدەشکێت و کۆچکردن بەسەر خەڵکەکەماندا دەسەپێندرێت، چەندین گوند سووتاون و چۆڵکراون، دەست بەسەر کەلوپەل و بەرهەمی بژێویان، ماڵ و موڵکی هاوڵاتیاندا گیراوە، بە پێشێلکردنی تێگەیشتن و ئەقڵییەتی شەرەفی گەلەکەمان، ژنانمان پێشکەش بە سەربازانی سوپای فاشیست کران.
باسی لە بەرخۆدانی کادیران و لایەنگرانی پەکەکە لە زیندان کردەوە و دەڵێت “خۆبەدەستەوەدان ڕەتدەکەنەوە، بۆیە بە قورسترین شێوە ئەشکەنجەی سەخت دەدرێن، لەبەرامبەر بەرخۆدانی هەڤاڵانمان و دڵسۆزییان بۆ گەل و شۆڕش و حزب دا، لەم پێناوەدا گیانی خۆیان بەخت دەکەن، ئەنجومەنی سەربازیی فاشیستەکان کەوتووەتە دۆخی شڵەژان و شپرزەییەوە و بە لەسێدارەدان ئەو خەڵکانەمان دەکوژێت و لە ناویان دەبات”.
ئەو باس لە نووسینەوەی ئەوکاتەی دەستووری تورکیا دەکات و دەڵێت “دەستووری بنەڕەتیی بە زۆر و زۆرداری داگیرکاریی و کۆمەڵکوژیی بەسەر گەلانی تورکیا و کوردستان و ناوچەکەدا دەسەپێنێت، چونکە دەستوورێکی فاشیستییە” داواشی کردووە ئەو دەستوورە لەلایەن خەڵکەوە بە نەخێر وەڵامی بدرێتەوە و ڕەتبکرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی نوسینەکەیدا کۆرکماز دەڵێت: تاکە ڕێگای ڕزگاربوون بۆ گەلەکەمان ئەوەیە لە بەرەی بەرخۆدانی یەکگرتوودا لە دژی فاشیزم بووەستنەوە و دەبێت شۆڕشگێڕان، دیموکراتەکان و هێزە پێشکەوتووخوازەکان بە چالاکییە یەکگرتووەکانیان فاشیزم لە ڕێگەی شۆڕشەوە بڕوخێنن!.
کۆرکماز دوای یەکەم چالاکیی گەریلا لە 15ی ئابدا کە بە 15ی تەباخ ناسراوە لە نووسینێکدا دەڵێت: ئامانجی چالاکییەکەمان ئەوە بوو، کە دامەزراندن و ڕاگەیاندنی ڕێکخستنی هێزی چەکدارمان بە ناوی هەرەکە/ HRK لە ناوەندی شاردا بە دەنگێکی بەهێز بە گەلەکەمان و ڕای گشتی جیهان ڕابگەیەنین، بۆ ئەو ئامانجەش دەبوو ناوەندی شار بەشێوەیەکی کاتیی کۆنترۆڵ بکرایە و گورز لە دامودەزگا ئیداریی و سەربازییەکانی دوژمن بدرایە، چوارچێوەی ئامانجەکان بەم شێوەیە دیاریکرا و پلانێکی ڕوون و کۆنکرێتیی و گشتگیر بۆ ئەو چالاکییە ئامادەکرا.
ئەو پلانی چالاکییەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: لە ئەنجامی چاودێرییەکاندا ئەوە ڕوون بوویەوە، ئەو دەزگا و خاڵ و بازگانەی، کە دەبوو ئێمە بچینە سەریان، بە یەکەوە بوون و لە ناوەڕاستیشاندا یەکەیەکی هێزی سەربازیی دوژمنیش بوو، ئەوە ڕوون بوویەوە، کە داگیرکردن و پڕوپاگەندەی نووسراو و زارەکیی بۆ جەماوەرە، کە پلانی بۆ دانرابوو، تەنیا بە چەککردن یان بێکاریگەرکردن و خۆبەدەستەوەدانی ئەو یەکەش ئەنجام دەدرێت، بۆیە هێرشی سەر یەکەکە لە ناو ئامانجەکەماندا لە ڕیزی یەکەم و سەرەکییدا دانرا.
باس لەوەش دەکات، لە پلەی دووەمدا شوێنی مانەوە و نیشتەجێبوونی فەرماندەکان و گازینۆی سەربازی، لە پلەی سێیەمش دا قاوەخانە و بڵاوکردنەوە و دابەشکردنی ڕاگەیاندراو و نامیلکە، هەڵواسینی لافیتەکان (بۆمب) و چوونە سەر بانکەکان هەبوو، لە پلەی چوارەمدا قسەکردن بۆ خەڵک لە ڕێگەی بڵندگۆی مزگەوتەوە، لە پلەی پێنجەمدا، بڕینی ڕێگای گشتیی شارەکە بوو لە دوو لایەنەوە و بڕینی هێڵی تەلەفۆن هەبوو.
پلان دانرا و بڕیاربوو هێرشەکە کاتژمێر 09:00ی شەو ئەنجام بدرێت، هەروەها کاتژمێرێکیش بۆ چالاکییەکە دانرا، شوێنی ئێمە بۆ دەستپێکردنی جموجوڵەکەمان چیای چراڤ بوو، هێڵی کشانەوەشمان چیای هەرەکۆڵ بوو. ژمارەی ئێمەش بە 30 کەس دیاری کرا.
شەهید مەعسوم کۆرکماز ئەوەش دەگێڕێتەوە: بڕیاردرا یەکە سەربازییەکە بگیردرێت و بەو پێیەش پلان بۆ گروپەکە دانرابوو، بۆ هەموو چالاکییە گەریلاییەکان پێنج گروپ پێکهێندرا، هاوشانی چالاکییە گەریلاییەکە، چەند گروپێکی دیکەش بۆ پڕوپاگەندە و بڵاوکردنەوە و هەڵواسینی لافیتەکان و داخستنی ڕێگا دیاریکرابوون.
جگە لەوەی تەواوی وردەکاریی پلانەکەیان دەگێڕێتەوە باس لەوە دەکات، ڕۆژی 15-08-1984 چیای نزیک ئامانجەکە تێپەڕێنرا، لە ڕێگەی دوربینەوە خاڵەکانی ئامانج، ڕێگە و شارەکە بە گروپەکە ناسێنرا، ئێوارەی ئه و ڕۆژە کاتژمێر لە 07:30دا بەره و شارەکە جموجوڵ دەستیپێکرد، کاتژمێر 09:00ی شەو گەیشتنە شوێنی چالاکی و بێ پسانەوە کەوتنە سەنگەر و لێیاندا، هەموو شت بە پێی پلان بەڕێوەچوون.
[1]