لە دوای ئەوەی هەواڵ و زانیاری لەسەر پەیمانی سیڤەر (10ی ئابی 1920) بە مێژوونووسان، ڕووناکبیران، سیاسەتمەداران و خەڵکی کورد گەیشت، لەو کاتەوە تا ئێستا لە جیهانی نووسینی مێژوویی و سیاسی کورد و حیزبەکانیدا باس لەوە دەکەن کە ئەو پەیمانە مافی دامەزرانی دەوڵەتی کوردی ڕاگەیاندووە، بەڵام لە لایەن هاوپەیمانان و داگیرکەرانی کوردستانەوە، غەدر لە کورد کراوە و جێبەجێ نەکراوە. ئەوی ڕاستی بێ ئەگەر ئەو بۆچوونە لە لایەن شارەزایانی کوردەوە بانگەشەی بۆ بکرێ و خەڵکی سادەی کوردی پێ گۆش بکرێ، ئەمەیان غەدرێکی گەورەیە و فریودانێکی عەقڵی و ویژدانییە، کە هەرگیز ناکرێ و نابێ دڵسۆزان ئەو کارە بکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوان کێڵگەی عەقڵ و تێگەیشتنی کورد بە سادە و ساکار دەزانن، دەیانەوێ لەو ڕێگا چەوتەوە بیر و باوەڕی مێژوویی و سیاسی هەڵگێڕنەوە و برەو بە بڵاوکردنەوەی ناتێگەیشتن بدەن، ئەو کارانە دەکەن و جەماوەری پێ توڕە و پەروەردە دەکەن، بەوەش کورد وا لێدەکەن کە هەمیشە هەڵە و تاوانە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی کورد و کوردستان بخەنە ئەستۆی بێگانە و دەرەوەی خۆمان.
لە سیڤەردا بڕیاری دامەزرانی ئۆتۆنۆمی کوردستان هەبوو، بەڵام هێندە مەرجی تێدا بوو کە بۆ ئەو کاتی کورد و ئێستاشی لەگەڵدا بێ و دوای 102 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئەو پەیمانەدا، کورد و حیزبەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان، بێ بواردن و ئەم و ئەو، هەرگیز ناتوانن لە ئاستی جێبەجێ کردنیدا بن. بۆیە دەبێ و پێویستە بەر لە هەموو شتێک کورد لە پەیمانەکە و مەرجەکانی تێبگا، ئەوجا قسەی لەسەر بکا و بە شان و باڵیدا هەڵبڵێ.
پەیمانەکە لە بنەڕەتدا بۆ دابەشکردنی خاکی دەوڵەتی عوسمانی بوو کە لە دوای کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانی، دەبوایە ئەو ئیمپراتۆریەتە دابەش بکرێ و هەڵتەکێنرێ، کوردستانیش بێ بەختانە لەو سنوورانەدا بووە. لایەنەکانی پەیمانەکە، لە نێوان هاوپەیمانەکان لە سەرووی هەمووانەوە، بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتالیا و یۆنان و هی دیکە کە سەرکەوتووی جەنگ بوون لەگەڵ ئیپراتۆریەتی عوسمانی کە شکست و دۆڕاوی جەنگ بوو. بە سادە و ساکاری سیڤەر مافی دامەزرانی ئۆتۆنۆمی بە کورد دابوو، بەڵام بەندەکانی 62، 63 و 64 کە باس لە مافەکانی کورد و حکومەتەکەی دەکەن، هێندە مەرج و تەڵەی زمانی و قانوونی تێدا بوو، دەبوایە جێبەجێ بکرانایە ئەوجا مافی ئۆتۆنۆمی دواتر دەوڵەتی داهاتووی کوردستان دەسەلمێنرا و دادەمەزرا. ئەو مەرجانەش برێتی بوون لە:
1- پێویست بوو هەموو لایەن و ئەندامانی پەیمانەکە، لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیراندا دواتر مەلیک و سەرۆک کۆمار پەسەندی بکەن، ئەوجا دەچووە مەیدانی کارپێکردن و جێبەجێکردنەوە، بەڵام دەبێ شارەزایان، پسپۆڕانی مێژووی کورد، ڕووناکبیران، سیاسەتمەداران و حیزبی کوردی بزانن هیچ دەوڵەتێکی پەیمانەکە ددانیان پێدانەنا و پەسندیان نەکرد ڕەزامەندییان لەسەر نەدا لە پێش هەموویانەوە دەوڵەتی دۆڕاو و چۆکشکاوی تورک و کەمالییەکانیش بە توندی دایانە دواوە و هیچ نرخێکیان بۆ دانەنا. تەنیا و تەنیا بەو کارە هیچ بایەخێکی قانوونی بۆ پەیمانەکە و بۆ حورمەتی ئیمزاکەرانی نەهێشتەوە. ئەوەی یەک تۆز شارەزای قانوونی نێودەوڵەتی بێ، دەبێ ئەو حقیقەتانە بزانێ و هەست پێبکا. دەقێ ماددەکانی پەیمانی سیڤەر
2- ماددەی 62 دەڵێ: کۆمیسیۆنێک (لیژنەیەک) لە سێ ئەندام لە لایەن بەریتانیا، فەرەنسا و ئیتالیا لە #ئەستەمبوڵ# پێکدێ، دوای جێبەجێکردنی پەیمانەکە لە ماوەی شەش مانگدا بەرنامەیەک دادەنرێ بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی ئۆتۆنۆمی ئەو ناوچانەی زۆرینەی کوردن، کە کەوتوونەتە ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فورات، خوارووی سنووری ئەرمینیا کە لە دواییدا دیاری دەکرێ و سەرووی سنوورێک کە تورکیا لە سوریا و میسۆپۆتامیا جیادەکاتەوە، وەک لە بەشی دووەم، بەندی 27 لە خاڵەکانی 2 و 3 دا، ئاماژەیان پێکراوە. ئەگەر دەربارەی هەر مەسەلەیەک نەتوانرا بگەنە ڕێککەوتنێک، ئەو کاتە، لە لایەن ئەندامانی کۆمیسۆنەکەوە بابەتەکە دەگەیەنرێتەوە بە حکومەتەکانیان. لە بەڕێوەچوونی بەرنامەکەدا، هەموو مافەکانی ئاسووری و کلدانییەکان و کەمایەتی ڕەگەزی و ئایینییەکانی دیکە لەو ناوچانەدا پارێزراون، بۆ ئەم مەبەستە کۆمیسۆنێک لە نوێنەرانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتالیا و ئێران و نوێنەرانی کورد پێکدەهێنرێ کە سەردانی شوێنەکان بکەن بۆ تەماشاکردنی هەر ڕاستکردنەوەیەک کە پێویست بێ لەو سنوورانەدا بکرێ کە بەپێی ئەحکامی ئەم پەیمانە بۆ تورکیا دیاریکراوە، هەڵەبەت لە هەمان کاتدا دەبێ لەگەڵ سنوورەکانی ئێراندا ڕێککەوتنیان لەسەر بکرێ..
ماددەی 63: بە پێی ئەم بەندە، حکومەتی تورکیا ڕازییە بە قەبوڵکردن و بە قانوونیکردنی ئەو بڕیارانەی کە لە لایەن هەردوو کۆمیسۆنەکانی بەندی 62 ەوە دەدرێن، لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی بڕیارەکان بە حکومەتی تورکیاوە، دەبێ لە ماوەی سێ مانگدا تورکیا جێبەجێیان بکا.
ماددەی 64: ئەگەر لە ماوەی یەک ساڵدا، کە پەیمانەکە کاری پێدەکرێ، کوردەکانی ئەو ناوچانەی کە لە ماددەی 62 دا دەستنیشان کراون، توانییان پەیوەندی بە (کۆمەڵەی گەلان)ەوە بکەن و ئەوە بسەلمێنن کە زۆربەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە ئارەزووی سەربەخۆیەتی دەکەن و دەیانەوێ لە تورکیا جیا ببنەوە، هاوکات ئەگەر ئەنجوومەنی کۆمەڵەی گەلانیش پێیان وابێ کە کوردەکان توانای بەڕێوەوەبەرێتی و سەربەخۆیەتییان هەیە، ئەو کاتە، کۆمەڵەی گەلان ڕادەسپێرێ کە مافی سەربەخۆیەتی بە کوردەکان بدرێ. بەم پێیە تورکیا ڕازی دەبێ کە ڕاسپێرییەکە بکاتە قانوون و دەستبەرداری هەموو ماف و کاروبارێکی خۆی دەبێ کە لەو ناوچانەدا هەیەتی کەوا هێمایان بۆ کراوە. درێژەی ئەو دەستبەرداربوونەی تورک دەبێتە بابەتی گفتوگۆیەکی تایبەت لە نێوان ئەندامانی سەرەکی هاوپەیمانەکان و تورکیادا. ئەگەر وەختێک دەستبەرداربوونەکە جێبەجێ بوو، دەربارەی پەیوەستەکی و لکاندنی دانیشتواتی کوردی ئەو بەشە کوردستانەی کە لە ویلایەتی موسڵدا هەن بە دەوڵەتی کوردییەوە، ئەوا لە لایەن ئەندامانی سەرەکی هاوپەیمانەکانەوە هیچ جۆرە ناڕازیبوونێک پیشان نادرێ.
3- با مامۆستایانی زانکۆ، مێژوونووسان، ڕووناکبیران، سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنووسان هەروەها خوێنەری زیرەک و وریا بە تێگەیشتنەوە تەماشای ماددەی 62 بکەنەوە، نەک هەر بە ساکاری بیان خوینەوە، دەبێ ئەوە بزانن و ئەوە وەک ڕۆژی ڕووناک وایە کە ئەو دوو کۆمیسۆنەی کە بڕیار بوون پێکبێن، ئێستاش و ئەوسا پێکنەهاتن، هەرگیز ئەو سنوورەی لە نێوان ئۆتۆنۆمی یا دەوڵەتی داهاتووی کوردستان و ئێراندا دیاری نەکران، هەر لەم ماددەیەدا چەندان ئەگەر هەبوون، تاکە یەکێکیان نەچووە مەیدانی جێبەجێ کردنەوە، بەوەش سەرلەبەری پەیمانەکە هەڵوەشاوەتەوە.
4- لە ماددەی 63 دا، دیسان چەندان ئەگەر و مەرجی تێدایە، کاتێک دوو کۆمیسیۆنی ماددەی 62 پێکنەهاتن، ئیدی ڕازی بوونی تورکیاش جێبەجێ نەبوو، ماوەی سێ مانگەکەش تێپەڕی، ئیدی کورد هیچ مافێکی قانوونی و داواکردنی نامێنێ
5- ناوەرۆکی ماددەی 64یش هەر لە سەرەتاوە بەتاڵ و پوچاڵ کراوەتەوە جونکە کورد نەک لە ماوەی ساڵەکەدا کە پەیمانەکەدا ئیمزا کرا، ئێستاش ئەگەر دەوڵەتی بۆ دابمەزرێ ناتونێ قەبوڵی بکا و توانای جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی نییە، مەرجی ئەوەش کە کورد بیویستایە لە تورک جیابێتەوە، هەرگیز نەهاتە دی، چونکە ئەگەر چەند کەسێک بیویستایە کورد لە تورکی برای موسڵمانی و سوڵتان و خەلیفە جیاببێتەوە، ئەوا بە داخەوە هەموو کورد بەوە ناڕازی بوون سەربەخۆ بن و لە تورک و عوسمانی بترازێن، ئەگەری ئەوەش کە کۆمەڵەی گەلان پێیان وا بوو کە کورد توانای حوکمدارێتی خۆیان هەیە، ئەو کاتە ڕایدەگەیەنێ کە کورد مافی سەربەخۆیەتی هەیە، لەم بارەیەوە کۆمەڵی گەلانیش ددانی بە دامەزرانی بە سەربەخۆیەتی کورددا نەنا، کوردی ویلایەتی موسڵیش هەرگیز داخوازییەکی وای نەبوو کە لەگەڵ حکومەتی کوردستان لە باکوور یەک بگرێ و پێکەوە دەوڵەت دابمەزرێنن.
6- لە قۆناغی پێش و لە ڕۆژگاری پەیمانی سیڤەردا، کورد لەسەر ئاستێکی هەرە کەم و بێ هێزی بیر و تێڕوانینی نەتەوەیی و نیشتمانی و جەماوەرسازیدا بوو، هێندە لاواز بوو، کورد نە سەرکردایەتی هەبوو، نە حیزب، نە بەرنامە، نە زەمینەی سەربەخۆیی و ئازادی دەرنەکوت بوون کە وێڵی دامەزراندنی دەوڵەت لە نێوانیدا بوو بێ. ئەمە بەشێکە لە مێژووی بیر و مێژووی هۆشیاری سیاسی کورد، بە خۆنواندن و بەهار هێنانە سەرچۆکان و دروشم لێدان حکومەت یا دەوڵەت پێک نایەن. تێگەیشتن لە دیوە قانوونی و واقیعییەکەی کورد و کوردستانی سەردەمی سیڤەر، پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد و لەسەرخۆ و زانستانەیە. حەقە ئەوانەی خۆیان بە مێژوونووس، ڕووناکبیر، سیاسەتمەدار، ڕۆژنامەنووس و مامۆستایانی هەموو قۆناغەکان بە تایبەتی مامۆستایانی زانکۆ، واز لە ناڕاستی و چەواشەکاری بێنن و لەوە زیاتر خەڵکی کورد گیرۆدە و دەستخەڕۆی پەیمانی سیڤەر نەکەن و درێژە بە هەڵە وتنی سەر تەلەفزیۆن و نووسینی لابەلا بێنن، هەوڵ بدەن لە ئێستا تێبگەن و خۆیان یا خۆمان بۆ ئایندە ئامادە بکەین و بۆ پێشەوە هەنگاوی عەقڵانی، سیاسیانە و واقیعیانە بنێن، ئەو قەناعەت و ڕووناکبیرییە بڵاوبکەنەوە کە کورد ببێتە نەتەوە، ئەوەش بەوە دەبێ کە سیاسەتمەداری بە توانا و دڵسۆزی دوور لە بەرژەوەندپەرستی تایبەت پەیدابن، بە هاوکاری بیرمەندان و زانایانی بوارەکانی سیاسەت، مێژوو، جوگرافیا و ئابووریناسان و هی دیکە دەتوانرێ حیزب و بەرنامەی کار و خەبات دابنرێ و کورد و کوردستان بەرەو سەرفرازی و ئازادی بۆ پێشەوە ڕەو بکەن.
7- دەقی ئینگلیزی پەیمانی سیڤەر کە لەبەر دەستی مندایە و باوەڕناکەم لە کوردستان هەبێ یا باسکارێک لێکۆڵینەوەی زانستانی لەسەر کردبێ، پەیمانەکە 100 لاپەڕە و 433 ماددەیە، ئەوەی ڕاستەوخۆ بە ناوی کوردستان، لە بەشی سێدایە، نیو لاپەڕەیە و تەنیا 3 ماددەیە، بۆیە جگە لەو خاڵانەی لای سەرەوە، دەیان ماددەی دیکە کە پەیوەندییان بە کوردستانەوە هەیە و لای کورد نەزانراون، دەبوایە کورد لە هەر هەموویان بکۆڵێتەوە و تێیان بگا و بە هۆشیاری سیاسی، هێز و توانای سەربازی و قانوونی و سەرکردایەتییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکا، تەنیا وەک نموونە کێشەکانی نێوان دەوڵەتی پێشنیازکراوی ئەرمینیا و کوردستان، سنوورەکانی ئێران و کوردستان، مێسۆپۆتامیا و کوردستان، سوریا و کوردستان، تورکیا و کوردستان و وە هەروەها، بەڵام مخابن کورد هیچ بوونێکی مەعنەوی و ماددی لەو کاتەدا نەبووە بتوانێ نانی بە دۆ بگا هەوڵێکی بەرجەستە بدا، دەبێ ئەوەش بە زانستی و بە حقیقەت بزانرێ کە کاریگەری کورد لەسەر بەندەکانی پەیمانەکە نەبووە، ئەوەی بەندەکانی پەیوەندی بە کوردەوە هەبووە بە هیممەتی بریتانیا بوون. جا یەکێک بە تێکۆشانی شەریف پاشا یا کەس و حیزبێک یا بنەماڵەیەک دەزانێ، ئەوانە پەیوەندییان بە حەقیقەت و ڕووداوەکانەوە نییە و لە مێژوودا حسابیان بۆ ناکرێ، ئارەزووی ئەم بنەماڵە و ئەو بنەماڵە یا ئەم کەس و ئەو کەسەوە نییە، بە هاتوهاواریش مێژوو نانووسرێتەوە. ئامرازی هەرە سەرەکی بۆ بێ بەشبوونی کورد لە ئەنجام و ئامانجەکانی پەیمانی سیڤەر، کورد خۆی بوو، هۆکار و ئامرازەکانی دیکە بە پلەی دووەم دێن.
ئەمە حەقیقەتە و پەیوەندی بە بانگەشە و پێدا هەڵدان نییە، هەر کەسێک بیەوێ لە مێژووی سەردەمی جەنگی یەکەمی جیهانی و ڕۆژانی پەیمانی سیڤەر و دیوە شاراوەکانی مێژوویی سیاسی، کۆمەڵایەتی و قانوونی بزانێ، با بفەرموێ و بڕوا کتێبی مێژووی: دۆزی کورد لە کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە تا کۆتایی پەیمانی سیڤەر 1918 - 1920 توێژینەوەیەکی مێژوویی بەڵگەنامەییە بە وردی و تێگەیشتنەوە بیخوێنێتەوە، ئەوجا دەتوانێ بە چاکی و زانستانە، شارەزای لایەنەکانی مێژووی ئەو سەردەمە ببێ. [1]
#سەباحی غالب#
11-08-2022