گڵاو لە ئیدیۆمی کوردەواریدا
لە بیروڕای هەندێ لە پەیڕەوانی ئایینی مەسیحیدا، ژنان کاتێک لە باری خوێن لێچوون و سووڕی مانگانەدا بن، بەگڵاو دادەنرێن، بەڵام گڵاو لەلای کورد وشەیەکی لێکدراوی گڵ و ئاوە، هەردوو ئاژەڵی بەراز و سەگ، ئەگەر بە تەڕی بەر هەر شتێک بکەون، دەوترێت: گڵاو دەبن، بۆ چارەسەری ئه و گڵاوییە، مرۆڤ ئەگەر دەستی بەر سەگ بکەوێت، ئەوا بە خاک و خۆڵ و ئاو دەستی دەشوات، بەمەش دەوترێت: گڵاودەرکردن، کورد بەرازی بەخێو ناکات لەبەر ئەوەی حەرامە لە ئایینەکەی، بەڵام سەگ بۆ پاسەوانی ڕان و ماڵان بەخێو دەکات، سەگیش لە ئاینی ئیسلامدا به گڵاو دانراوە، لەبەر ئەوەی زۆرینەی کورد لە پەیڕەوانی ئه و ئایینەیە، بە چاوێکی پیس و سووکەوە سەیری سەگ دەکەن، زۆربەی ئه و ئیدیۆمانەی لەسەر گڵاوی هاتونەتە وە، هەر به و شێوەیەن، وەک: سەگی لێ گڵاو دەبێت، واتە: مرۆڤێکی زۆر پیس و قەڵپ و نا ڕەسەنە، یان بەکەسێکی خراپ دەوترێت: لە سەگ گڵاوتره، واتە: سەگ به و پیسی و گڵاوییەی له و مرۆڤە باشترە، وتراویشە:
بەراز خۆی لەسەگ بدات گڵاو دەبێتبەراز خۆی لەسەگ بدات گڵاو دەبێت، بە دوو کەسی خراپ و بەد دەوترێت کە یەک لە یەکتری خراپتر بن، هەر لە سەر گڵاوی دەوترێت: دەریا بە دەمی سەگ گڵاو نابێت، واتە: کەسێکی خانەدان و هەڵکەوتوو و بەڕێز بە قسەی خەڵکی چەپەڵ و بوختانچی لەکەدار نابێت، بۆ ناکەسی کەسێکی بەدکاریش دەوترێت:
سەگ بەشۆرینی گڵاوی دەرناچێسەگ بەشۆرینی گڵاوی دەرناچێ، واتە: ئه و کەسە ناخی پیس و بۆگەنە هەر بە شۆردنی ڕوخسار و ڕواڵەتی، ناوەڕۆک و خاسیەتی ناگۆڕێت، سەی لێ گڵاو بکە، ئەویش بەمانی پیستر لە سەگە، هەروەها بە سادەییش دەوترێت: فڵانە کەس گڵاوە، لێرەدا مەبەست میکرۆب و لیک و تەڕی سەگ بەرکەوتن و نەخۆشی نییە بە واتا ڕاستەقینەکەی، بەڵکو مەبەست ئەوەیە کەسێکی باش نییە یان نیەتی لە کاردا باش و هەناو ڕەشە، هەروەها کە دەوترێت: پڵانی گڵاو، نیازی گڵاو، مەرامی گڵاو، مەبەست له و جۆرە پلانانەیە کە دەر ئەنجامی باشیان نییە و بەڵکو بۆ تەڵەدانانەوە دادەنرێن و زیان بەکەسانی تر دەگەیەنێت، هەڵوێستی گڵاو و دەستی گڵاو، ناخی گڵاو، دیدی گڵاو....تد، هەیە و بەکاردهێنرێت کە هەموویان گوزارشت لە بەیدومی و خراپەکاری و چەپەڵی دەکەن
[1]