#عەلی مەحمود محەمەد#
لە ڕێکەوتی 19-08-2003 تیرۆریستان بارەگای نەتەوە یەکگرتوووەکانیان لە میوانخانەی قەنات لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق تەقاندەوە, لە ئەنجامدا 22 کەس کوژرا, 15ەی بیانی بوو, لە ناویان 3 کەسیان ئێرانی و ئوردنی و میسری بوون, لە ناو کوژراوەکان نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان سیرجیۆ دی میلۆ هەبوو, کاتێک لە ڕێکەوتی 03-07-2007 ویسترا بڕیاری ئیعدام بەسەر تاوانباری تاوانەکە ئەوراز عەبدول عەزیز مەحمود سەعید ناسراو بە باسم کوردی جێبەجێ بکرێت, کە ناوبراو هاوکاری ئەبو مەسعەب زەرقاوی کردبوو لە نەخشە دانان بۆ ئەو تاوانە, نەتەوە یەکگرتووەکان وەک پرنسیبێک کە دژ بە ئیعدام بوو, لە گەڵ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە نەبوو , داوای گۆڕینی سزاکەی کرد.
نابێت تاوانباران لە سزا ڕزگاریان ببێت, بەڵام سزادان بە سەندنەوەی ژیان ناکرێت, ئێمە لە گەڵ دادپەروەرین نەک تۆڵەکردنەوە, ئیعدام سزای مەرگە بە بڕیاری دادوەر وەک توندترین سزا. لە کوردستان سزای لە سێدارەدان هەیە, بەڵام جێبەجێکردنی 15 ساڵە ڕاگیراوە لە ڕوی کردارەییەوە, کە پێویستە وەک سزاش نەمێنێ, ڕاگرتنەکەی هەنگاوێکی باشە, وەلێ پێویستە هەڵوەشێتەوە, نزیک 410 کەس لە کوردستان سزای ئیعدامیان لە سەرە, بەشێکیان لەوانەن سەر بە ڕەوتی ئیسلامین و بە یاسای تیرۆر سزادراون.
لە جیهان 109 وڵات سزای ئیعدامی هەڵوەشاندۆتەوە, تەنها لە 55 وڵات جێبەجێ دەکرێت, ڕایگشتی جیهانی لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی یەکجاری ئەم سزایەن, ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەی نەیاری سزای ئیعدام لە جیهان لە گەشەکردندایە.
دوای ئەوەی بکوژی دکتۆر #هۆشیار ئیسماعیل# کە سزادراوی تیرۆرەو بە ئیعدام حوکم دراوە, لە چاکسازی گەوران خەلات کرا لە لایەن وەزیری کارو کاروباری کۆمەلایەتییەوە بە ئامادە بوونی چەند کادیرێکی یەکگرتووی ئیسلامی, دۆزی ئیعدام جارێکی دیکە بووەوە جێگای مشتومڕی دوو پارتی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان, لە کاردانەوە بەرامبەر بەو ڕوداوە هەردوو پارتەکە لە دوو بەیاننامەدا بە فەرمی داوای کاراکردنەوەی سزای لە سێدارەدانیان کردەوە لە کوردستان.
ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا لە ڕێکەوتی #03-08-2022# بە پیت داوای جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان دەکات لە کوردستان کە دەڵێت: بەداخەوە لە جیاتی بەجێگەیاندنی سزای لە سێدارەدان بۆ بکوژان، خەڵات دەکرێن. بۆ ئێمە جێگەی نیگەرانیە، ئیدانەی ئەو کارە نایاسایی و سەرپێچیە دەکەین. ئەوەی کراوە لەم کەیسەدا، لەجیاتی بکوژ لەسێدارە بدەن ! خەڵاتی دەکەن و لە ڕاگەیاندن شانازی پێوە دەکەن، ئەوە مایەی استفزاز و سوکایەتی کردنە بە بنەماڵە و زانا و قوتابی و هاوکارانی شەهید دکتۆر هۆشیار. بەداخەوە چەندان جار دەسەڵاتداران بەڵێنی جێبەجێکردنی سزای سێدارەدانیان دا بۆ بکوژانی دکتۆر هۆشیار بەڵام نەک جێبەجێیان نەکرد بەڵکو خەڵاتیان کرد.
بۆیە داوا دەکەین داواکاری گشتی ئەو بێڕێزیە بە بڕیارەکانی دادگا قبوڵ نەکەن و دەسەڵاتداران چیتر سوکایەتی بە مافی ستەملێکراو و بڕیارەکانی دادگا نەکەن.
هاوکات فڕاکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی لە پەرلەمانی کوردستان لە ڕێکەوتی #04-08-2022# بەیاننامەیەکدا دەڵێن داواکارین سەرۆکایەتی هەرێم و دامەزراوەی پەیوەندیدار سزای لە سێدارەدان بەسەر ئەو تاوانبارەدا جێبەجێ بکەن کە بکەری تاوانێکی چەپەڵەو مامۆستایەکی بەڕێزو خزمەتکاری گەل و وڵاتی لە شاری هەولێر تیرۆر کرد، هەر ئەمەش لەگەڵ ڕووحی شەریعەت و بنەمای عەدالەتدا گونجاوە..
ئەم داواکاریانەی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری داواکاری جێبەجێکردنی سزای سەر 410 ڕاگیراوی سزای ئیعدامە لە کوردستان, سەندنەوەی ژیانە لە 410 مرۆڤ, سەپاندنەوەی ڕەشترین سزایە, کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە جیهان ژمارەی ئەو ولاتانەی جێبەجێی دەکەن لە کەمبونەوەدایە.
بەم داواکارییەی یەکگرتوو و کۆمەڵ هەنگاوێک بزوتنەوەی مافی مرۆڤ و خەبات بۆ نەهێشتنی سزای ئیعدامیان بردە دواوە, لە بیریان چووە لە وڵاتی دراوسێمان لە ئێران تەنها مانگی ڕابردوو 33 کەس ئیعدامکران, تیایاندا مرۆڤ گەلێک هەن چۆلەگەیەکیشیان ئازار نەداوە.
داواکاری گەڕانەوەی جێبەجێکردنی سزای ئیعدام لە کوردستان دژ بە مافەکانی مرۆڤە و داواکاری سەندنەوەی ژیانە لە مرۆڤ, بەم داواکارییە هەردوو پارتی ناوبراو دەچنە لیستی ڕەشی پاراستنی مافی مرۆڤەوە.
[1]