نووسینی: عارف باوەجانی
$لەم وتارە باس لەم خاڵانەی خوارەوە دەکرێت$
1-دەستپێک: مێژووی کورد لە پەیماننامەی سیڤەر و خۆرهەڵاتی ناڤین.
2-پێناسەی پەیماننامەی سیڤەر
3-ئاسانکارییەکانی سیڤەر بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
4-باشووری وڵات بەرەو کۆنفیدراڵی ڕیگەی بۆ خۆشکراوە.
5-کورتەیەک لەسەر کۆنفیدراڵی یاخود کۆنفیدراسیۆن (Confederation)
6-نموونەی چەند یەکێتی و کۆنفیدراڵییەکی مێژوویی.
دەستپێک
ڕووداوەکانی مێژووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و پێشهاتەکانی ئەو سەردەمە لەسەر ئەو سنوورانە، ساڵانە بۆنی نوێبوونەوەیان لێدەکرێت ولاپەڕەکان دووبارە هەڵدەدرێنەوە پێداچوونەوەیان پێدادەکرێت. لەم ئان و ساتەدا کە 102 ساڵ بە سەر ڕێکەوتننامەکەی سیڤەردا تێپەڕدەبێت، بینەرو بیسەری کۆمەڵێک ڕووداو گۆڕاونکاری ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناڤینین. کە بەرچاوترینیان، ئاشتی عەرەب ئیسرائیل، پەرە سەندنی کێشەی ناوخۆیی شیعە بە شیعە. لاوازبوونی پێگەی ئێرانی لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئاڵۆزی پەلامارەکانی ئەردووغانی تورکیا بۆ سەر کوردستان و کێشەی دیپلۆماسییەکانی لە ئاست جیهاندا. لاوازی سووریا و مانەوەی بە نیوەچڵی، و دەبینین کە سوپای وڵاتانی زلهێز لەسەر خاکەکەی تارتارێنیتی.
گەلی غەدر لێکراوی ئێمەش کە یەکێکە لە نەتەوە ڕەسەنەکانی خۆرهەڵاتی ناڤین، هەمیشە لە سەرەوەی لاپەڕەکانی ئەو مێژووەدایە. لە ڕویجینەتیکییەوە و لە ڕەگ وڕیشەشدا، بە هیچ شێوەیەک لە ڕەگەزی فارس و تورک و عەرەب نزیک نین. نە کەمینەیەکی نادیارین لە گۆشەیەکی بچووکی جوگرافیای خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ژیابین، تا لە مێژووی نەیارانماندا بەئاسانی ون بکرێین.
هەر بۆیە ئاور لە هەر جۆرە ڕێکەوتننامە و پەیماننامەو گۆانکارییەکی مێژوویی لە خۆرهەڵاتی ناڤین بدەینەوە، کە لە سەدان ساڵ پێشەوە ڕووی دابێت، یا لە سەدان ساڵ پاشتریش ڕوو بدات. گەلی ئێمە لەو مێژووانە بە زەقی دیارەو ڕۆڵی کاریگەریشی بووە و دەشبێت.
ڕێکەوتننامە (پەیماننامەی) سیڤەر: سەدو دوو ساڵ پێش واتە لە 10-08-1920 لە سەردەمێکی ئاڵۆزی ناکۆکییەکانی جەمسەرەکانی ناوچەکە. پەیماننامەیەکی گرنگی مێژووی لە شاری سیڤەری فەرەنسا، کە ناسناوی پەیماننامە یا ڕێکەوتننامەی سیڤەری لێنرا، لەنێوان چەند وڵاتێک و ئیمپراتۆرێکی ئەو سەردەمەدا واژۆ کرا. لەو هاوپەیمانییە کە ئەوەی مێژوو باسی لە هێندێک لە ناوی وڵاتەکان کردووە. ئاماژە بە دەوڵەت و ئیمپراتۆرییەکەی خەلافە تی عوسمانی، و دەوڵەتانی دیکەی هاوپەیمانی لەنێوان بەریتانیا و فەرەنسا و چەند دەوڵەتێکی دیکەی ناو ئەو هاوپەیمانیە کراوە. ئەگەر دەچینە ناو وردەکاری ئەو هاوپەیمانییە و دابەشکردن و دیاری کردنی هێندێک سنوور بۆ وڵاتانێک کە ئێستا خۆیان بە زەبەلاح دەزانن، بۆمان ڕووندەبێتەوە کە نە پانتایی ئەرزیان، و نە سەرژمێر، و نە پیت و بەرەکەتی سەر خاکەکەیان، ناگات یەک بەشی داگیرکراوی کوردستان.
بەداخەوە! یا دەکرێت بڵێن لە کەمشانسی کورد لەناو گڕێکوێرەکانی مێژوودا، لەو دابەشکردن و سنوور دیاری کردنەشدا، کورد هەر بە دەوڵەتی سەربەخۆ دیاری نەکرا. بەڵام لە چەند مادەیەکدا ناڕاستەوخۆ ڕێگە ئاسانی بۆ بەرەو سەربەخۆبوونی کوردستان کراوە.
بە شێوەی خوارەوە ئاماژە بە مادەکان وئاسانکارییەکان دەکەین:
لە سەر بڕیاری ئەو هاوپەیمانییە، بەندێک لە ژیر ناوی بەندی 62و بە سەرپەرشتی لیژنەیەکی دیاریکراوی پەیوەندیدار بەو بەندەوە، پەسەندکرا، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوردەکان. کە نوێنەری 3 وڵاتی گرنگی وەک بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا لەو لیژنەیە دەبن. ئەو سنوورانەی کە ئەو لیژنە لەو 102 ساڵ پێشە ئاماژەیان پێ کردووە، هەموو سنووری کوردستانی مەزنی تا سنووری ئەرمەنستان دەگرتەوە. دوای چەندین مانگ و چەندین دانیشتنی دیکە، کە کوردیش تێیدا بەشدار بووە، پەسەند کردن و زیادکردنی چەندین بەندی دیکەی، وەک بەندی 63 و 64 لێکەوتووەتەوە.
مخابن ئەو شانسە هەر بەر کورد نەکەوت و ئەو کارەش بە دەسیسەی عوسمانییەکان و تورکەکان، تێکچوو. هۆکارە بەرچاوەکەش کە تورکەکانی تەواو ترساندبوو، ئەویش لە بەندی 64 دا بوو، کە لەو بەندەدا ڕەزامەندی تێدادرابوو. واتە بەو شێوە ئەو خاڵە پەسەندکرابوو، کە ئەگەر زۆربەی گەلی کورد لە چوارچێوەی ئەو سنوورەی، کە بە سنوورەکانی پەسەندکراوی بەندی 62 دا دیاریکرابوو. لە پاش ماوەیەکی دیاریکراو، کە هێندێک لە $سەرچاوەکان$ ئاماژە بە ماوەی ساڵێک تا 2 ساڵ دەکەن.
ئەگەر بیانەوێت و داوای سەربەخۆیی لە کۆمەڵەی نەتەوەکان بکەن، و لەژێر دەسەڵاتی تورکیا جیاببنەوە، ئەوا مافی خۆیانەو یاساییە و ڕێگەپێ دراوە، کە دەوڵەتی خۆیان ڕاگەیەنن. هەر بۆیە تورکەکان چی وەک خەڵک و چی وەک دە وڵەتەکەش بە هیچ شێوەیەک ئەو مافەیان بۆ گەلی کورد پێ ئەزم نەدەکرا. تا سەرەنجام هەوڵێکی زۆری لۆبیگەرییان لە ڕێگەی بەخشینی ئەرزو ئاو مادییەوە خستە گەڕ، ئەو پەیماننامەیان گۆڕی و پەیماننامە شوومەکەی لۆزان واتە لە ڕێکەوتی24-04-1924 لە شۆێنی سیڤەر دامەزراند.
ئیتر لەو کاتەوە ڕێگەی یاسایی لە درووستبوونی دەوڵەتی کوردی ئاستەنگی تێکەوت، و داگیرکاری و ستەمی داگیرکەران بۆ سەر گەلی کورد لە هەموو بەشەکان پەرەی سەند.
باشووری وڵات بەرەو کۆنفیدراڵی ڕیگەی بۆ خۆشکراوە.
وەک دەبینین کە تورکیا بە بیانووەکانییەوە بەرنامەی پەلاماردانی بەشی زۆری ڕۆژاوای کوردستانی خستووەتە پڕۆژەی کارییەوە. ڕوونە کە مەترسی لە دەستدانی دەسکەوتەکانی ڕێکەوتنەکەی لۆزانی هەیە، دەیەوێت هەنگاوی زیاتر بنێت، و لە حەدی سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی زیاتر زیادەڕەوی دەکات. تا وڵاتان ناچار بکات بە نیوەیش لەگەڵی ڕێکەون، بۆ ئەوەی زۆر لە سنوورەکانی دەسەڵاتی سەردەمانی لۆزانی لە دەست نەدات.
دۆخی ئێرانیش ڕوونە کە لە چی حاڵێکدایە، چۆن زۆرینەی نەتەوەکانی بندەست، بەرنامە ڕێژی بۆ وەدەرنانی فارسەکان دەکەن لەسەر سنوورەکانیان. یا چۆن لە ئاست ناوخۆ و دەرەوە ڕووبەڕووی داڕمانی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی بووەتەوە.
وەک دەبینین کە ئێراقی پاش2003 بەردەوام بەرەو نائارامی و داڕمانی سیاسی وئەمنی دەبێتەوە. ئەمەش باشترین بەڵگەیە کە باشووری وڵاتمان بتوانێت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، یا وڵاتانی زلهێز و خاوەن باوەڕ لە ناوچەکە، بهێنێتەوە سەر ئەو باوەڕەی، کە گەرەنتی پێکەوە ژیان لەنێو ئەم ئێراقەدابۆ خوودی ئێراقییە عەرەبەکانیش نەماوە، تا بگات بە مافەکانی گەلی کوردستاندا. لەوەتی ئێراق لە سەردەمانی کۆنی دەسەڵاتی خولەفاکانەوە تا سەردەمانی بە حکومەتکردنیان، بەردەوام لەنێو کێشەی ئایینی و ناوچەیی و تایفەیی بووە و دەبێت. کەوابێت ئێراقێکی یەکپارچەیی و دیمۆکرات سەرکەوتوو نەبووە، بگرە تەنیا چووەتە بواری خەیاڵ و خۆزگەوە. کردەوەکان و شەقامی ئێراقیش دەیسەلمێنن نە ئەم سەردەمە، بگرە و بۆ دەیانساڵی دیکەش چاوەڕوانکراو نییە.
ڕوونیشە کە ئاستەنگیەکانی سیاسی و نێودەوڵەتی لە ئێستادا بۆ هەنگاوی کۆتایی: کە سەربەخۆیی یەکجارییە هێشتا لەئارادایە. کەوابێت دەکرێت لایەن و دەزگەکانی باشووری وڵاتمان، لە دەوری یاسا و پڕۆسەیەکی یەکگرتوویی و تەباییەکی سەرنجڕاکێشدا، دڵنیایی بە دۆستانمان بدات، کە کوردستان بەرەو پێشکەوتن و ئاشتی و ئاوەدانییەکی باش دەڕوات. بەو شێوەیە دەتوانن کار بکەن بۆ کەڵک وەرگرتن لە ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی باشووری وڵات بە شێوەی کۆنفیدراڵی. بۆ ئەوەی لە زۆربواردا دوورببنەوە لەو کێشە و نائارامییانەی کە پەیتاپەیتا لە بەغدا ڕوو دەدات. ئەو کۆنفیدراڵیە دوای ماوەیەک بە کرداری یەکگرتووانە و پێشکەوتووانە و بۆژانەوە، بەئاسانی ڕێگەکە خۆشدەکات بۆ هەنگاوی کۆتایی سەربەخۆیی گەلەکەمان. ئاکامی ڕێفڕاندۆمی2017 بەڵگەیەکی سیاسی و خواستی گەلی باشووری وڵاتە، کە بە ویستی 93٪ نایانەوێت لەگەڵ ئەم وڵاتە پڕگێژاوە بمێنێتەوە.
گەلۆ: کاتێک مێژوو شایەتیمان بۆ دەدات کە سەدو دوو ساڵ پێش، لە ئاست وڵات و ئیمپراتۆرە گرنگەکانی ناوچەکە حسابی زۆرمان لەسەر کراوە، بۆ دەبێت دوای 102ساڵیش هەر بە گوومانەوە و سارد و سڕی و ترسەوە باس لە مافی سەربەخۆیی گەلەکەمان بکەین. نەوەی دەیان ساڵی دیکە بە تووندی بەر ڕەخنەمان دەگرن و لێمان دەپرسن، باشە ئەوانەی سەدو دوو ساڵ پێشووتر کە ئەگەر زۆر ئەزموون و شارەزاییان نەبوو، ئەی نەوە و تێکۆشەرانی داهاتوومان بۆ نەیانتوانی لەو هەموو گۆڕانکارییانە، هەلێک بقوۆزنەوە و ڕزگارمان بکەن. وا دیسانەوە لاوازی ئێراق هەڵێکی زۆر لە بوارە لە ئاست نێونەتەوەییشدا. دەسەلمێنرێت کە گەلی کورد نزیک بە 20 ساڵ چاوەڕوانی ئێراقی نۆییشی کرد ئەویش وەڵامی نەدایەوە.
لە #25-09-2017# کە هەلێکی مێژوویی گرنگ لە باشووری کوردستان هاتە ئاراوە، وێرای ئەوەی کە 93% خەڵک بە خرۆشەوە بە دەنگ ئەو پڕۆسە گرنگە وە هاتن، ئەویش جێبەجێکردنی پڕۆسەی ڕێفڕاندۆم بۆ باشووری کوردستان بوو. کەچی ئەوەندەی لایەن و هێندێک بە ناو ڕووناکبیری کورد، تا ئێستاش لۆمەی ئەو ڕێفڕاندۆمە دەکەن، ئەوەندە لە داگیرکەرانی کوردستان نابیستین. هێندێک دەڵێن ئەو ڕێفڕاندۆمە وای کردووە، کە بووجە نەماو، وەک ئەوەی وابێت ئەو هەموو مێژووی خەباتەی کوردستان، تەنیا لە پێناو مووچەو پارە بووە کە داگیرکەران بۆمان بنێرن. یا هەندێک دەڵێن ئەگەر ئەو ڕێفڕاندۆمە نەبایە، #کەرکووک# و ناوچەکانی دیکە لە دەست نەدەدران، لە حالێکدا ئەو ناوچانە تەنیا لە سەردەمانی هاتنی داعشدا دەس کورد کەوتبوونەوە.
هەموو بەڵگە و لێدوانەکانی بەرپرسانی ئێراقی شایەتی لەوە دەدەن، کە ڕێفڕاندۆم بکرایە یا نەکرایە، ئەوان لە پاش شەڕی داعش هێزەکانی خۆیان بە پشتیوانی تەواوی ئێران دەهێنایەوە بۆ ئەو شوێنانەو، و ئەو گێچەڵەیان هەر بە گەلی کورد و باشووری وڵاتمان دەکرد.
بەو هیوایە کە گەلەکەمان بەو هەموو ڕووداوانەی لە مێژوودا تووشی دەبن، لە ویستی سەربەخۆیی نەکشێنەوەو کۆڵنەدەن، و بگرە فشارە نێونەتەوەییەکان بۆ بە دەستهێنانەوەی ئەو مافە ڕەوایانە هەر لەسەر مادەکانی 62 و63 و64ی پەیماننامەی سیڤەری ساڵی 1920 دووبارە بهێننەوە، ناو کۆڕ و کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە گرنگەکانی جیهان.
کورتەیەک لەسەر کۆنفیدراڵی یاخود کۆنفیدراسیۆن (بە ئینگلیزی: Confederation)
بۆ هەرکام لەم چەمک و وشانە، مێژووییەک یا هۆکارێک هەبووە کە هۆکاری سەرهەڵدانی بوون. وشەیەکی فەرانسییە و لە ناوەرۆکدا مانای یەکێتی ویەکبوون و هاوبەشی دەدا.
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا چەمکی کۆنفیدراڵی لە وڵاتی سویسرا وەک چارەسەری گوونجاو بۆ هەرێمە جیاوازەکانی ئەو وڵات پێکهاتبوو. چوون لەو سەردەمانە واتە سویسرای کۆن، خاک و جوگرافیای ئەو وڵاتە تایبەت بە یەک نەتەوە و زمان و ڕەگەز نەبوو. بەڵام چەند نەتەوەیەکی هاوسنوور بوون. دواتر کە هەموو نەتەوەکان خۆیان لەم وڵاتەدا بە خاوەن خاک و ماف بینییەوە، لەسەر ویستی خۆیان لە کۆنفیدراڵییەوە گەڕانەوە بۆ سوسیرایەکی فیدراڵی.
کۆنفیدراڵی یا کۆنفیدراسێونی، واتای بوونی وڵات و کیانێکی سەربەخۆی تەواو، بەڵام وەک ئاڵیانسێک یا جۆرە ڕێکەوتنێک و هاوبەشییەک لەنێوان چەند دەوڵەتێکی سەربەخۆ و هاوسنوور درووست دەبێت. واتە ئەو دەوڵەتانە بێجگە لە ڕاپەڕاندنی کاری خۆیان وەک دەوڵەتێکی تەواو سەربەخۆ، هاوکات پێکەوە لیژنەیەکی کاری هاوبەشیان دەبێت، بۆ هەبوونی هەماهەنگی لە سیاسەتەکانی هاوبەشیان. وەک نموونەی هێزی بەرگری هاوبەش بۆ پاراستنی سنووری ئەو وڵاتانە پێکەوە، وەک گۆڕینەوەی وزەی هاوبەش، وەک سیاسەتی هاوبەش لە ئاست نێونەتەوەییدا و زۆر خاڵی دیکەش کە لەنێو یەک ناوی هاوبەشدا. بەڵام هەرکات هەر کام لەو وڵاتانی ئەندام لەو کۆنفیدراسێونە بە دەنگدانی زۆرینەی پێکهاتەکان بیانەوە لەو هاوبەشییە جیا دەبنەوە. کەوابێت کوردستانیش بەو پێناسە دەتوانێت کۆنفیدراڵی ڕاگەیەنێت، ئەگەر باشی ئێراق وای کرد، کوردستان بگەڕێتەوە بۆ فیدراڵی، یا پێچەوانەکەی ئێراقی نائارام ناچاری بکات بۆ سەربەخۆیی یەکجاری.
لە مێژووە کۆنەکان زۆر سیستەمی کۆنفیداڵی هەبوو، خوێنەر بە هەموویەوە ماندوو ناکەم، من لێرەدا تەنیا ئاماژە بە چەند نموونەیەکی گوونجاو هاوشێوە دەکەم. کە چۆن دوای ماوەیەک پێکەوە کارکردن، لایەنی مەبەستدار بەئاسانی یا گەڕاونەتەوە ناو وڵات یا بەتەواوی لێی دابڕاون.
$نموونەی چەند یەکێتی و کۆنفیدراڵییەک.$
1-کە باشترین نموونە هەر لە مێژووی ئێراقدا. درووستبوونی یەکێتی عەرەبی (یەکێتی هاشمی) بوو لەنێوان هەردوو دەسەڵاتی پاشایەتی ئێراقی وئوردن، هاوشێوەی کۆنفیدراڵی لە ساڵی1958. لە پاش پێنج مانگ بە هۆی شۆڕش یا کۆدیتای 58 لە ئێراقدا. کۆتایی بەو کۆنفیدراڵیە 2 پاشایەتییە هێنرا.
2-کۆماری عەرەبی یەکگرتوو، کە یەکێتییەکی کۆنفیدراڵی بوو لەنێوان میسر و سووریا و باکووری یەمەندا لە ساڵانی 1958-1961دا. ئەوان کە یەک نەتەوە و یەک زمان و یەک کولتور و یەک ئایینیش بوون، بەڵام چوون پێکەوە نەسازان دوای3 ساڵ کۆتاییان پێهێنا.
3-یەکێتی سۆڤیەت یا یەکێتی کۆمارە سۆشیالیستەکانی سۆڤیەت، بە شێوەی کۆنفیدراڵی پێکهێنەری (دەوڵەتێکی هاوبەشی سۆشیالیستی زلهێز بوو لەنێوان ئاسیا و ئەوروپادا. کە لە ساڵی 1922دا دامەزرا، لە 26-12-1991 هەڵوەشا و کۆتاییهات. هۆکارەکەشی سەرهەڵدانی هەژاری و لاوازبوونی دەسەڵاتی چەند وڵاتێکی ئەندام تێیدا.
4-نموونەی سڕبیا و چیای ڕەش، کە لەنێوان ساڵانی 1982 تا 2006 بەڵام بە هۆی سەرنەکەتوویی چەند وڵاتێک لەو کۆنفیدراڵیە، چوونە دەرەوە و کۆتایی پێهات.
5-کۆنفیدراڵیەتی سێنیگال و گامبیا، لە ئەفریقا لە ساڵانی 1982-1989
6-یەکێتی نێوان شانشینی یەکگرتوویی سوید و نەرویج لە ئاکامی ڕێککەوتنی مۆس لە14-08-1814 درووستبوو. دوای پەسەندکردنی یاسایەکی تایبەت بە سەربەخۆیی نەرویج کە لە 17-05-1814 ئامادەکرابوو. لەو ڕێکەوتەوە لە ڕووی یاساییەوە نەرویج پێگەی دەوڵەتی سەربەخۆیی هەبووە، لە1905بەڕێکەوتنێکی ئاشتییانەی دوولایەنە لەگەڵ سوید، وڵاتی نەرویج یەکلایی بوونەوەی خۆی وەک وڵاتێکی تەواو سەربەخۆ و جیا ڕاگەیاند.
7-یەکێتی یا کۆنفیدراڵێ نێوان دەوڵەتانی ئەفریقا هەندێک جار پێی دەوترێت یەکێتی غانا-گینیا-مالی، لە ساڵی 1958 پێکهات. بەڵام لە ساڵی 1963 هەڵوەشایەوە.
8 -کۆنفیدراڵی وڵاتانی یوگۆسلاڤیا لە 1992 تا 2003 زۆربەیان لێ جیابووەنەوە. لەنێوان 2003 تا 2006 مونتینیگرۆ و سربیا کە 2 وڵاتی پاشماوەبوون لەو کۆنفیدراڵیە گەورەیە مانەوە. بەڵام لە 2006 مونتینگیرۆش سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند و کۆتایی بە تەمەنی ئەو مێژووەش هات.
سەرچاوەکان:
1-کوردەکان نووسینی: حەسەن ئەرفەع.
2-کوردستان و کورد. نووسینی: د عەبدولڕەحمانی قاسملوو.
3 -کتێبی کوردستان و ستراتیژیی دەوڵەتان، لەنووسینی حسێن مەدەنی،
4 -هەنگاوەکان بەرەو سەربەخۆیی: نووسینی عارف باوەجانی.
5 / چەند سەرچاوەیەکی کتێبی و دیگیتاڵی مێژووی وڵاتانی کۆنفیدراڵی
[1]