هەولێر-KDP.info- هاوڵاتییانی ئازیزی کوردستان خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان کادیر و ئەندام و دۆست و هەوادارە قەدرگرانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ شازدەی ئابە، ڕۆژە مەزن و پڕشنگدار و بەرهەمدارەکەی گەلەکەمان، کە تیایدا پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا و لە هەمان ڕۆژیشدا ڕێزدار سەرۆک مەسعود بارزانی لەدایکبوو و چاوی بە ژیان و خەبات هەڵێنا، دەستپێک بە دڵێکی پڕ لە هیواوە، هیوا بەرەو ئاییندەیەکی گەشتر، پیرۆزبایی لە ڕۆڵەکانی گەل، ڕێزدار سەرۆک بارزانی، نیشتیمانپەروەر و ئازادیخوازان دەکەین.
لە شازدەی ئابی ساڵی 1946، لە نێو تاریکی زوڵم و ڕۆژگاری پڕ لە ستەمی ئەوکات و لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا، پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا و سەرکێشیی خەباتێکی نەپساوەی لە پێناو ئازادی گەل و خاک و نیشتیمان وەئەستۆ گرت و لەو ساوە تا ئێستا، واتە (76) حەفتاوشەش ساڵە، دەستەویەخە لە سەنگەری پێشەوەی قوربانیدانە و بۆتە ناسنامەی کوردایەتی و قۆناغ دوای قۆناغ، بە پێی هەلومەرج و دەرفەتەکان دەستکەوتگەلێکی فرەلایەنی بۆ گەلی کوردستان وەدەستهێناوە، کە ئەمڕۆ بە شانازییەوە یادیان دەکەینەوە، لەوانە:
چارەسەرکردنی گرێی سایکۆلۆژیی ژێردەستی و دروستکردنی هیوا بۆ ڕۆڵەکانی گەل؛ هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلول و قوربانییەکانی و ڕێککەوتننامەی یازدەی ئادار؛ چۆکدادان بە پیلانی شوومی جەزائیر و شکاندنی نسکۆ و هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵانی نیشتیمانی، کە بۆ ئەوکات و ئێستایش پڕە لە هێز و هیوا و هەستانەوەی نەتەوەییانە و نیشتیمانییانە؛ داڕشتنی پلان و نەخشەی حەکیمانەی ڕاپەڕینی ئاداری ساڵی 1991 و ڕابەرایەتیکردنی بەرەی کوردستانی لەلایەن ڕێزدار سەرۆک مەسعود بارزانی و دواتر خاوەندارییەتیی یەکەم مانیفێستی هەڵبژاردنی دیموکراسییانەی گەل، کە سەرۆک مەسعود بارزانی لە وتارە مێژووییەکەیدا لە ڕۆژی 22 ی ئاداری ساڵی 1991 لە شاری کۆیە پێشکەشی کرد؛ شکاندنی سوپای ڕژێمی بەعس لە دوای کۆڕەوە ملیۆنییەکە؛ بەشداریکردنی لە دامەزراندنی ئەزموونی یەکەمین پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرپێخستنی دامەزراوەکانی تری کوردستان و بڕیاری فیدرالیەت؛ بەشداریی کارای لە پرۆسەی ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس و پرۆسەی بنیاتنانەوەی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دەستووری عێراق؛ ڕووبەڕووبوونەوەی مەردانەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و، تاجی دەستکەوتەکانیش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بوو، کە تا هەتایە مایەی شانازیی نیشتیمانپەروەرانی کوردستانەو، وەک ئەستێرە بە ئاسمانی کوردستانەوە دەدرەوشێتەوە.
جەماوەری ئازیزی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سوودوەرگرتن لە جیهانبینیی(مستەفا بارزانی)ی ڕابەری نەتەوە و دامەزرێنەری پارتی، لە ڕۆژی گەشی دامەزراندنییەوە تا ئێستا خەبات دەکات لە پێناو ئاشتی، ئازادی، دیموکراسی، پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و سیاسی و، هەروەسا کار دەکات لە پێناو پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و بووژانەوەی ئابووری و گەشەکردنی کولتووری و فەراهەمکردنی باشترین ژیان بۆ هاوڵاتییان، پێخەمەت ئەو ئارمانجانەیش بەردەوام لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق لە کار و کۆششدایە بۆ کوردستانێکی بەهێز و ژیانێکی باشتر.
هاوڵاتییانی خۆشەویست کادیر و ئەندام و دۆست و هەوادارانی هێژای پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتێکدا کە ئەم یادە شکۆدارە بەرز و پیرۆز ڕادەگرین، ناوچەکە و عێراق و کوردستان بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ ئەرکدا تێدەپەڕێت، گرفتە سیاسی و ئابوورییەکان تا دێ هەڵدەکشێن، بۆیە دەبێ هەموومان ڕووەو چارەسەر هەنگاو بنێین، بەرژەوەندییە باڵاکان ببینین و لە پەنجەرە گەورەکەوە سەیری ئەرکە هەنووکەیی و هەمیشەییەکان بکەین، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هەمیشە، ڕووی لە ئاشتی، چارەسەر، یەکریزیی نێوخۆییدایە و، لەگەڵ بەغدایش دەستووری هەمیشەیی عێراق و ڕێککەوتن و سازان بە بنەمای چارەسەر دەزانێت و لەو پێناوەشدا ماندوو نابێ و هەموو هەوڵە سیاسی و دیبلۆماسییەکانی خۆی دەخاتەوە گەڕ و شێلگیرانە لەو پێناوەدا خەبات دەکات.
لەم یادە پیرۆزەدا دروود بۆ گیانی شەهیدانی کوردستان دەنێرین، ئەو شەهیدە سەربەرزانەی بە خوێنی ئاڵی خۆیان کوردستانیان لە بەرزیدا هێشتەوە، بە سەری بەرزەوە لە باڵای پڕ ئیفتیخاری پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان دەڕوانین و سڵاوی شانازییان بۆ دەنێرین.
دەرفەتێکی زێڕینە سوپاسی دڵسۆزی و لەخۆبردوویی و ئەمەکداریی سەرکردایەتی و کادیر و ئەندام و دۆست و هەوادارانی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەین، کە لە سەختیدا پێشمەرگە و لە ئاشتیدا چرا و لە کاتی هەڵبژاردندا دەنگی مسۆگەری سەرکەوتنن و ئیرادە بۆ نەوەکان دەگوازنەوە. سەرکەوتن بۆ گەلی کوردستان، بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لە پێناو گەلی کوردستان و وەدیهێنانی ئاوات و خەونە لە مێژینەکانی دامەزراوە.
شکۆدار بێت (16 ی ئاب)، ڕۆژە مەزن و پڕشنگدار و بەرهەمدارەکەی گەلی کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان.[1]