وتووێژ: بێهزاد قادری
مامۆستایان شوێندانەرترین چینی کۆمەڵگەن بەهۆی ئەوەیکە لەگەڵ زۆرینەی کۆمەڵگە لە پێوەندیدان، هەروەها هیچ چین و توێژێکی کۆمەڵگە هێندەی چینی مامۆستایان پێوەندیی بەربڵاو و قوڵیان لەگەڵ کۆمەڵگە نییە. لەلایەکی ترەوە چاوخشاندنێک بە مێژووی هاوچەرخی کوردی نیشانی داوە کە بەشێکی هەرەزۆری ڕێبەران و پێشەنگانی خەباتی نەتەوەیی و شوناسخوازانەی کورد مامۆستایان بوون و لەم ڕێیەدا مامۆستاگەلێک شەهید، ئەشکەنجە و زیندانی کراون؛ بەڵام لە ئێستادا مامۆستایانی کورد لە پرۆسەی گەشەی وشیاریی نەتەوەیی لەنێو قوتابییاندا چ ڕۆڵێکیان هەیە؟
لەم وتووێژەدا لەگەڵ کاک #شاهۆ حوسێنی#، مامۆستای پێشوو لە قوتابخانەکانی کوردستان، دەپەرژێینە سەر بابەتی مامۆستای کورد و پرسی نەتەوەیی:
- گرینگیی پرسە نەتەوەییەکان بۆ گەلی کورد چییە و لەو نێوانەدا مامۆستایانی کورد (مامۆستای قوتابخانەکان) چ ئەرکێکیان لەسەر شانە؟
دەرکەوتنی ڕۆژهەڵاتی ناوینی نوێ و دەسەڵاتە ڕەچەڵەکخوازەکانی دژە کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بوو بەهۆی دەرکەوتنی ئایدۆلۆژییە پاوانخوازەکان کە بۆ پەرەی هێژمۆنی و دەوامی دەسەڵاتی خۆیان بە هەموو شێوەیەک هەوڵی سڕینەوە و تواندنەوەی کوردیان دەدا، لە بەرامبەردا هەوڵ و تێکۆشانی نەتەوەخواز و ڕووناکبیرانی کورد بوو بەهۆی پەرەی نەتەوەخوازیی کوردی و پووچەڵکردنەوەی سیاسەتی بەرهەمهێنانی کوردێکی دەستەمۆ و ئۆبژە. ئەم خەبات و تێکۆشانە لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەمەوە تا ئەمڕۆکە بەردەوامە و دەشێ بوترێت کە خەباتی نەتەوەیی بۆ وەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی و پاراستنی شوناس و بوونی تاکێتی کورد سەرەکیترین و گرینگترین دیاردەیە. ئەم گرینگایەتییە بە ڕادەیەکە کە هەر چین و توێژێکی کۆمەڵگە بەوپەڕی هەستیارییەوە چاو دەبڕێتە پرسە نەتەوەییەکان و ئەمان وەک ڕایەڵی پاراستنی یەکگرتویی نەتەوەیی و شوناسی نەتەوەیی چاو لێ دەکات. گرینگیی دەور و نەخشی مامۆستایان لەم ناوەدا بێگومان گرینگترین دەورە، بەهۆی ئەوەیکە مامۆستایان لەلایەک هەڵگر و خاوەنی گەوهەر و زانستی ئاکادێمیک و بەڕۆژن، بەشی هەرەزۆری مامۆستایان لە ڕووناکبیران و چالاکانی بوارەکانی سیاسی و مەدەنیی کۆمەڵگەن و بە جۆرێک وەک هەڵکەوتە دەوری ڕێنوێن و پێشەنگ دەگێڕن، لەلایەکی ترەوە مامۆستایان لەگەڵ دوو چینی هەستیاری کۆمەڵگە لە پێوەندیی نزیک و بەردەوامدان، سەرەتا چینی منداڵ و مێرمنداڵ کە مامۆستایان دەتوانن بیانکەنە خاوەن ژێرخانێکی نەتەوەیی و بۆ دواڕۆژ جیلێکی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو بەرهەم بهێنن. لەلایەکی ترەوە لەگەڵ چینێکی لاو لە پێوەندید ان کە بە حوکمی لاوەتییان هەستێکی ڕادیکاڵ و خاوەن هەستن و دەتوانن دەور و نەخشێکی گرینگ لە ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگەدا بگێڕن.
- چینی مامۆستایان لە پرۆسەی گەشەی وشیاریی نەتەوەیی لەنێو قوتابییاندا چ ڕۆڵێکیان هەیە و چەندە دەتوانن لەسەر منداڵانی کورد کاریگەر بن؟
بە حوکمی ئەوەیکە مامۆستایان لە پێوەندییەکی بەردەوام و نزیکدان لەگەڵ قوتابییان، ئەم پێوەندییە ڕۆڵێکی گرینگی هەیە لە پەروەردە و پێگەیاندنی قوتابییان، قوتابییان زیاتر بیسەریان لە مامۆستایان هەیە و مامۆستا لای قوتابییان کەسایەتییەکی کاریزماتیکی هەیە، لەم ڕووەوە توانایی هاندەری و بزوێنەریی قوتابییان لەلایەن مامۆستایانەوە زۆر زیاترە تاکوو بنەماڵە، ئەمەش بۆ تایبەتمەندی، شوناسی تایبەتی مامۆستایان و دەوری مامۆستا لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەگەڕێتەوە، لە ڕاستیدا چاوخشاندنێک بە مێژووی هاوچەرخی کوردی نیشانی داوە کە بەشێکی هەرەزۆری ڕێبەران و پێشەنگانی خەباتی نەتەوەیی و شوناسخوازانەی کورد مامۆستایان بوون و لەم ڕێیەدا مامۆستاگەلێک شەهید، ئەشکەنجە و زیندانی کراون. لە ڕاستیدا بەشێکی هەرەزۆری قورسایی خەباتی نەتەوەیی کورد هەر لە پێشەنگایەتی، ڕێبەرایەتی و پێگەیاندن، لەسەر شانی مامۆستایان بووە.
- مامۆستایانی کورد بۆ گۆڕینی هەستی نەتەوەیی قوتابییان بۆ بیری نەتەوەیی دەبێ چی بکەن؟
بێگومان هەستی نەتەوەیی بنەما و ژێرخانی بیری نەتەوەییە، واتە هەر هزر و ئەندێشەیەک سەرەتا هەستێک و سۆزێک بووە، مامۆستایان هەڵگری هزر و ئایدیای نوێ، ئاکادێمیک و بەڕۆژن، بەردەوام خەریکی بەڕۆژکردنەوەی زانست، زانیاری و فامی خۆیانن بۆ پێگەیاندن و بەسوودبوون، بەو پێیە ئەوان دەتوانن لەڕێی پەرەی زانستی و مەعریفیی نەتەوەخوازی و شوناسخوازی لەنێو قوتابییان، هاندانی قوتابییان بۆ بەدواداچوونی بیرمەندانە بە شوێن پرسە نەتەوەییەکاندا بە مەبەستی دۆزینەوەی وڵامی زانستی و ئاکادێمیک بۆ پرسیارەکان و ڕێگاچارەی زانستی و مەعریفی بۆ کێشە و قەیرانەکان بەرهەمهێنەری ئەو گوزارە ببن.
- مامۆستایانی کورد بۆ ورووژاندنی پرسە نەتەوەییەکانی کورد لەنێو قوتابییانی کوردستان دەبێ چی بکەن؟
بێگومان مامۆستایان لەڕێی پەرەی زمانی نەتەوەیی لەنێو قوتابییان، ناساندنی جیهانی ئەدەبی و مەعریفیی کوردی بە قوتابییان دەتوانن بنەما و ژێرخانێکی قایمی نەتەوەیی لەنێو قوتابییاندا دابمەزرێنن. مێژووی هاوچەرخ و نوێی کورد پڕە لە حەسامەت، خۆڕاگری و تێکۆشان کە دەشێ وەک وانەی نەتەوەخوازی بە قوتابییان بوترێتەوە، ئەدەبی کوردی لێوانلێو لە تایبەتمەندیی حەماسییە، واتە ئەدەبی خۆڕاگری بەربڵاوترین و گرینگترین بەشی ئەدەبی هاوچەرخی کوردییە کە دەشێ قوتابییان ئەم وانانە فێر ببن و بەم شێوەیە بە هەستیارکردنی قوتابییان، پەرەی ڕوانگە و دیاردەی زانستی نوێ، مرۆڤانە و پەرەی شوناسی نەتەوەیی دەتوانێت ببێتە ڕیشەی نەتەوەخوازییەکی خەست لە دواڕۆژدا.
- مامۆستایانی کورد بۆ ورووژاندنی پرسە نەتەوەییەکانی کورد لەنێو کۆمەڵگەی کوردستان چەندە دەتوانن کاریگەر بن؟
بێگومان مامۆستایان شوێندانەرترین چینی کۆمەڵگەن بەهۆی ئەوەیکە لەگەڵ زۆرینەی کۆمەڵگە لە پێوەندیدان، دەشێ بوترێت کە هیچ چین و توێژێکی کۆمەڵگە هێندەی چینی مامۆستایان پێوەندیی بەربڵاو و قوڵیان لەگەڵ کۆمەڵگە نییە. بە لانیکەمەوە مامۆستایان لەگەڵ دوو لەسەر سێی کۆمەڵگە لە پێوەندیی ڕاستەوخۆ دان، لە هەمان کاتدا بەهۆی بەربڵاویی سیستمی فێرکاری و بارهێنان، ڕێژەی مامۆستایان بە بەراورد لەگەڵ چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگە ڕێژەیەکی زۆر و بەربڵاوە، ئەوان هەم دەتوانن لە زەرفییەتەکانی پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەی قوتابییان و قوتابییان وەک لاوان و بەرەی داهاتووی کۆمەڵگە کەڵک وەربگرن، هەمیش دەتوانن لە یەکگرتوویی و بەربڵاویی ڕێژەی زۆری مامۆستایان بۆ کارتێکەری کەڵک وەربگرن.
- مامۆستایانی کورد بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ بەلاڕێدابردنی پرسە نەتەوەییەکانی کورد و پرسی شوناسخوازیی کورد، دەبێ چۆن هەڵوێست بگرن؟
زمان و شوناس دوانەی لێکدانەبڕاون، بە جۆرێک کە ئەم دوانە لێکنەبڕاوە دەورێکی حاشاهەڵنەگری هەیە لە قایمکردنی ژێرخانەکانی کۆمەڵایەتی و تاکێتی مرۆڤ. زمان تەنیا کەرەسەیەک بۆ پێوەندی نییە، بەڵکوو خوڵقێنەری هێماکان، سێمبۆلە کۆمەڵایەتییەکانە و مانا دەبەخشێتە دیاردەکانی جیهانی دەرەوەی مرۆڤەکان، واتە زمان توخمە خاوەکانی ژینگەی مرۆڤ مانادار دەکات و بەم شێوەیە لەڕێی مانادارکردنی ژینگەی سروشتی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤ، زەینێکی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی بەرهەم دەهێنێت و بەم شێوەیە شوناسێک بۆ مرۆڤ بەرهەم دەهێنێت. مرۆڤەکان لەڕێی ئەم شوناسەوە پێوەندیی زەینی، ڕواڵەتی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ یەکتر دەگرن و هێما و سێمبۆلە تاکییەکان دەگوازنەوە بۆ نێو بازنەیەکی گەورەتر بە ناوی کۆمەڵگە و نەتەوە و بەم شێوەیە هەم ڕایەڵێک لەنێوان خۆیاندا ساز دەکەن و هەمیش سنوورێک لەنێوان خۆیان و ئەوی تردا دەکێشن. نەتەوەی باڵادەستی حاکم لە ئێران لەڕێی تێگەیشتن لەم حەقیقەتە هەوڵی ئاسمیلەکردنی تاکی کورد دەدەن لەڕێی زمانی فارسی وەک زمانی فەرمی، قوتابخانە و خوێندنی باڵا، ئەوان هەم پێش دەگرن بە دەرکەوتنی خودێکی کوردانە و هەمیش کورد دەتوێننەوە لەوی تری فارسدا. مامۆستایان گرینگترین کەرەستەی ئەم ڕەوتەن بە دەست ڕێژیمەکانی حاکم بەسەر ئێراندا. مامۆستایان پێویستە کە ئەم هەوڵەی ڕێژیم پووچەڵ بکەنەوە لەڕێی وانەوتنەوە بە زمانی دایکی، کەڵکوەرگرتن لە هێما و سێمبۆلە لۆکاڵییەکان، پەروەردە و پەرەی زەینی لۆکاڵی و نەتەوەیی لەنێو قوتابییاندا. بەم شێوەیە دەتوانن سیاسەتەکانی پاکتاوکردنی ڕێژیم پووچەڵ بکەنەوە.[1]