ڕشتەی مرواری
#گوڵزار حەمە فەرەج#
کۆمەڵە ئەدەبێکی هەرە بەنرخە لە فەلسەفە و بیروباوەڕی کوردی، کە دانراوی مامۆستا #عەلائەدین سەجادی#یە.
لەزاری عەلائەدین سەجادیەوە ئەفەرموێ: نەتەوە کاتێک پێ ئەخاتە مەیدانی نەتەوایەتیەوە کە زمان و ئەدەبێکی هەبێت، وە ئەدەبیش هەر ئەوە نیە کە نووسراو و هۆنراوەیەک بێ، کەوتبێتە ژێر پەردەی مەعنایەکی ڕەقەوە، بەڵکو بەشێکی زۆر لە ئەدەب، ئەو ئەدەبە فۆلکلۆریانەن کە بەزمانێکی سادە و ساویلەکە وتراون و ئەوترێن، ئەمانەن کە بەتەواوی زمانەکە دەرئەبڕێن و ئەوترێن، ئەگەر لە لاپەڕەی ڕابردووی مێژوو ئەم شتە سادە و ساکار و ساویلکانەی کە ئێستا ئێمە لەبارەی زمان و ئەدەبەوە، پیشانی ئەدەین بەرە بەرە لەو سەردەمانەدا پیشان بدرانایە، بێگومان ئێستا ئازوقەیەکی تێر و تەسەلمان دەبوو بۆ ئەم زمانەی خۆمان و نە دەکەوتینە بەر پلاری ئەو توانج و ڕەخنانەی کە تێمان و لێمان ئەگیرێ0
دیسان ئەیڵێمەوە کە ئەگەر ئێمەی کورد لەڕۆژەکانی کۆنی خۆمان دەستێکمان بۆ خۆمان ببردایە، ئێستا لەو پلارانە تێپەڕ ببوین و دوور نەبوو دەستێکیشمان بەکەشتیە ئاسمانییەکەوە بگرتایە، کە وابوو وەک من سەرم لە ڕەخنە نەکردۆتەوە تۆش سەری لێ مەکەرەوە، ئەگەر لەکین گشت چون یەکین.
ئەم زمانە زمانی ئێمەیە، ئەم ئەدەبە ئەدەبی ئێمەیە، وا مەزانە ئەم جۆرە ڕەخنانە تازەیە یان لەناو نەتەوەکانی تردا نین، زۆر هەیە بەڵام ئەوان زوتر دەستیان دایە و زوتر پلەی، عەیب و شورەییان بڕی، ئێمەش لەسەر ئەو بیرو ڕایە بین، تا ئەدەبە ئاشکراکانمان زیندوو نەکەینەوە ناتوانین بەتەواوەتی بگەین بە جەوهەری ئەدەبی بناغەیی، با ڕوخسارەکەشی جیا بێت، بەرامبەر بە نەتەوە لەهەموو بناغەیەک پتە و ترەو لە هەموو شۆڕشێک شۆڕشترە.
ئەمە کۆرپەی ئاگردانە، توتن بریاگ و وەکۆی زوخاڵ وێ
با ئەم تۆبدوێنی تۆش ئەو بدوێنە.
ئەم هەشت بەرگە هی نووسەری بەناوبانگ عەلائەدین سەجادییە، کە بازاڕی مرواریەکانی پوخترین ڕشتەیە کە کەوتۆتە بەر دەستی خوێنەران کە بەزمانێکی پاراو و پەند ئامێز خوێنەر سودی لێ وەردەگرێت.[1]