عیشق
واعیز تۆ مەدە وەعزی کەسێک جەرگی براوە
سەد مەوعززە بێ فائیدەیە بۆ دڵێک کە سووتاوە
بێ چارەیە چی پێ بڵێ: تەبیب سۆزی دەروونم
نازانێ عیلاجم دەڵێ دەرمانی هەر ئاوە
هەق وابوو بڵێ: ئاگری عیشقە نییە چاری
دەرمانی لە لای من نییە، هێندکاری کراوە
ساتێک نییە ئارامی دڵ و جۆشی دەروونم
هێندە ئاگری عیشقت لە دڵمدا گڕی داوە
چیبکەم کە نەکەم ناڵە و گریان لە فیراقت
ئەو قیسمەتە بۆ ئێمە قەدیم ڕەنگی ڕژاوە
سۆفی مەکە لۆمەم مەڵێ سەوداسەر و شێتە
تۆش عیشقی دڵت گەر هەبێ جەزبەی بە پەناوە
عیشقی تۆ لەپێش ژەک بوو داخیل بە دەروونم
بۆیە وەکو خوێن ئەو لە وجوودم تێکەڵاوە
نەک سەرسەری و عاریزییە دەرچێ لە قەلبم
دەرنایێ بەبێ جان لەبەدەن ئەو بە جوداوە
پەروانە ئەگەر چی من و تۆ مردنە وەسڵن
زۆر خۆشترە ئەم هیجرە، لە ژینێک بە جەفاوە
بێ ڕەحمە نەهات جارێ بڵێ چۆنە (فەنایی)
ئازادی بکا بڵێ دەژیی یا عومری تەواوە.[1]