21ی ئابی 2006 بۆ پرسی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی جینۆساید لە کوردستان و بنەماڵەی قوربانیان و خەڵکی کوردستان ڕۆژێکی گرنگ بوو, ڕۆژی دەسپێکی دادگاییکردنی تاوانبارانی جینۆساید بوو لە کوردستان, کە یەکەمجار بوو لە مێژووی ئەم گەلە کەسانێکی تۆمەتبار بە تاوانی گەورە بچنە بەردەم دادگا لەو پایتەختەی کە بڕیاری کۆمەڵکوژییەکەی لێوە دەرچووە, پرۆسەی دادگاکە لە 21-8-2006 بە دادگاییکردنی تۆمەتبارانی کەیسی ئەنفال دەستی پێکرد, دادگاکە هەرچەندە ناوخۆیی بوو و پڕ بوو لە کەماسی و لە ئاستی مەزنی تاوانەکاندا نەبوو و لە ڕوی ناساندنی تاوانەکان لە ئاستی جیهانی بێ بەرهەم بوو وەلێ زۆر بڕیاری گرنگی دا , 4 کەیسی کۆمەڵکوژی خەڵکی کوردستانی بە جینۆساید ناساند, بەڵام مەخابن بڕیارەکانی دادگا لە دادگاییکردنی تاوانباران بە تایبەت تاوانبارانی ئەنفال لە کوردستان نەک جێ بە جێ نەکران , بگرە پارتە سیاسییەکان بە تایبەتیش دەسەڵاتداران بە شێوازی جۆراو جۆر دەیانپارێزن و هەندێک جار دەسەڵاتداران پۆستی گرنگیشیان پێ دەدەن, تەنانەت لە حکومەتی ناوەندی و شاری بەغداش کە بڕیاری دەستگیرکردنەکەیانی لێوە دەرچووە, ئەمەش وایکردووە لە سەنگ و گرنگی بڕیارەکانی دادگا کەمبکاتەوە, کەس و کاری قوربانیانیش نەک نەیانتوانیوە سزای ئەو پارت و لایەنانە بدەن کە تاوانباران دەپارێزن, بگرە زۆر جار لە گەڵیاندا سەردانی ئەو لایەنانە دەکەن , ئێمە لە ڕۆژی دادپەروەری لە کوردستان (21-8) , کە ڕۆژێکی گرنگ و پڕە بەهایە بۆ دادپەروەری لە کوردستان داواکارین :
1- تەواوی ئەوانەی ناویان لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال و کەیسەکانی دیکەدا هاتووە, بە زوترین کات دەستگیر بکرێن و دادگای بکرێن, وە لە کوردستان وەک تۆمەتباری هەڵاتوو لە دادگا مامەڵەیان لە گەڵدا بکرێت.
2- هاوکات لیستەکانیان بدرێتە پۆلیسی ئینتەرپول , بۆ ئەوەی هەڵاتووەکانیان لە وڵاتانی دەرەوە بگرترێن و دادگایی بکرێن.
3- لە وڵاتێکدا ڕۆژی دادپەروەری ناچەسپێت کە یاسا سەروەر نەبێت و دەزگای دادوەری و ڕێکخراوی مافی مرۆڤ بەهێز و دەزگای تایبەتمەندی بەهێزی چاودێریکەر نەبێت, پێویستە هەمووان ملکەچی یاسا بن و تاوانباران لە سزا ڕزگاریان نەبێت بەرامبەر ئەو تاوانە زەقانەی لە ڕابردوودا ئەنجامیان داوە, بە تایبەتیش تاوانبارانی تاوانە نێودەوڵەتییە گەورەکانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.
رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید (Kurdistan without genocide)
تۆڕی ڕێکخراوە کوردستانییەکان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی (374 ڕێکخراو) –Koncicc
تۆڕی ڕێکخراوە کوردستانییەکان لە پێناو قەدەغەکردنی چەکی ناوکی(123 ڕێکخراو) - Ican – Kurdistan
#21-08-2022#
[1]