سەگی #پشدەر# لەئێران و ئەفغانستانەوە داوا دەکرێت.
سەگی پشدەر بەم ساڵانەی دوایی جارێکی تر ناوی هاتەوە ناو ناوانەوەو خاوەنی سەگە ڕەسەنەکان باس لەوە دەکەن ئێستا ڕەچەڵەکێکی ئەم سەگە کوردییە بۆ وڵاتانی ئەفغانستان و پاکستان براوە، ئەمە جگە لەوەی لەئێران و تورکیا خواستی زۆر لەسەرە.
زۆربەی ئەوانەی لەناسینی ئەم جۆرە سەگەدا شارەزان، ئاماژە بەوە دەکەن کە شوێنی ڕاستەقینەی ئەو سەگە شارۆچکەی #قەڵادزە#و ناوچەکانی دەوروبەرێتی، هەرچەندە هەندێ سەرچاوەی تر ڕەچەڵەکەکەی دەگێڕنەوە بۆ شاری ماردینی کوردستانی باکور.
ئەوانەی ئێستا لەقەڵادزەو دەوروبەری ڕەچەڵەکی ڕاستەقینەی ئەو سەگەیان ماوە، چیرۆکی جۆراو جۆر دەگێڕنەوە لەسەر ئەو کەسانەی بەو سەگانە سەرسام دەبن، باس لەوە دەکەن هەندێ کەس ئامادە بووە خانوویەک بەسەگێک بگۆڕێتەوە، کەسی تریش هەبووە ئامادە بووە ئۆتۆمبێلێک بدات بەسەگێک کە نرخەکەی نزیکەی (60) هەزار دۆلارە.
سەگی پشدەر کە هەندێ کەس بە”#هاوشار#” ناویدەبەن، لەنێو جۆرەکانی سەگدا بەیەکێک لەئازاترین و بەهێزترین سەگەکانی جیهان پۆلێن دەکرێت، بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ پاسەوانی مەڕو ماڵەت سوودی لێدەبینرێت، بەتایبەتی کە توانایەکی بەهێزی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گورگ هەیە.
سەگی هاوشار هەندێ لەلادێ نشینەکان بە”شەش پەنجەی گورگ خنکێن ناوی دەبەن”، باڵایەکی بەرزو مەچەکێکی گەورەو کەلەیەکی زەبەلاحی هەیە و بەئاسانی دەتوانێت گورگ لەناو ببات.
ئەوەی بەم ساڵانەی دوایی زیاتر خواستی لەسەر ئەم جۆرە سەگانە زیاد کردووە، دروستکردنی باخ و شوێنی حەوانەوەیە لەلایەن هەندێ کەسەوە کە دەرامەتیان باشەو دەیانەوێت ئەو سەگانە بۆ پاسەوانی ڕابگرن، ئەمە جگە لەوەی هەندێ کەس وەک “گرەو” لەشەڕە سەگدا مەرجی پێدەگرن.
بەپێی زانیاری ئەو کەسانەی سەگ دەناسن، سەگی هاوشار لەگەڵا سەگەکانی تر لەجۆری دۆبرمان و وۆڵف دۆگ و بۆکسەرو جاوجاو بیت بۆڵا و بۆڵدۆگ لەنێو سەگی پاسەوانیدا پۆلێن دەکرێن، تەنانەت ئەم جۆرانە لەسەر ئاستی جیهان خواستێکی زۆریان لەسەرە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەر دەستدان باڵای سەگی هاوشار لەپێکانیەوە تا سەر شانی هەندێ جار دەگاتە نزیکەی یەک مەترو کێشی لەکامڵبوونی تەواودا دەگاتە زیاتر لە 75 کیلۆگرام و لەتوانایدا هەیە بەخێرایی (50کم) لەکاتژمێرێکدا ڕابکات.
پەیامنێری هاوڵاتی چووە شارۆچکەی قەڵادزە و لەسەر هەندێ لەخاوەنە ڕاستەقینەکانی ئەو سەگانەوە چیرۆکە “سەیرەکان”ی سەگی هاوشاری بەر گوێ کەوت، خاوەنی ئەو سەگانە شانازی بەوەوە دەکەن کە توانیویانە ڕەچەڵەکی ئەو سەگە “کوردییە ڕەسەنە” بهێڵنەوە، بەڵام گلەییان ئەوەیە کە وەک پێویست گرنگی ئەو ئاژەڵە نەدراوە.
حاجی سالح مام ئەڵڵا یەکێک لەخاوەنی سەگە بەناوبانگەکانی پشدەر ئەوەی بۆ هاوڵاتی ڕونکردەوە کە سەگی پشدەر بەهۆی ئەوەی زۆر گەورە و بەتوانان بەبەراورد لەگەڵ سەگەکانی تری کوردستان، بۆیە ناوبانگی باشیان وەرگرتوە.
حاجی ساڵح باس لەوە دەکات بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی خواستی شەڕە سەگیان هەیە، حەز بەبەخێوکردنی ئەم جۆرە سەگەکە دەکەن، چونکە “زۆر ئازایە و هیچ سەگێکی تر لەحەقی نایەت”.
ئەو پیاوە سەگناسە باس لەوە دەکات کە لەرێی سیدییەوە تەماشای شەڕە سەگی وڵاتانی پاکستان و ئەفغانستانی کردووە و بۆی ڕوونبووەتەوە کە باشترین سەگەکانی ئەو وڵاتانە بەرەچەڵەک دەگەڕێنەوە سەر سەگی پشدەر.
حاجی ساڵح لەگەڵ ئەوەی ژمارەی ڕاستەقینەی ئەو سەگانە ئاشکرا ناکات کە هەیەتی، بەڵام بەشانازییەوە باس لەسەگەکانی خۆی دەکات و دەڵێت “تەمەنم گەیشتۆتە نزیکەی 50 ساڵ بەڵام تاکو ئێستا سەگی وەک خۆمانمان نەبینیوە وە سەگی ئێمەش پشتی بە زەوی ناکەوێت وە تاکو ئێستا سەگی ئاوا شەرکەرو گەورەو ئازام نەبینیوە من خۆم سەگم هەبووە تاکو چەندین ساڵ پشتی بە زەوی نەکەوتوە”.
ئەوەی خاوەنە ڕاستەقینەکانی سەگی پشدەر حەزی لێناکەن مەسەلەی فرۆشتنی ئەو سەگانەیەو پێیان خۆش نییە بۆ ئەو مەبەستە هیچ کەس باسی پارەیان لەگەڵدا بکات.
حاجی ساڵح باس لەوە دەکات کە سەگی پشدەر ئێستا لەهەموو کوردستاندا بڵاوبووتەوەو ئەوەش دەخاتە ڕوو کە ڕۆژانە خەڵکانێکی زۆر ڕوویان تێدەکەن بۆ ئەوەی سەگی پشدەریان دەست بکەوێت، لەم ڕووەوە دەڵێت “لەناوخۆی عێراق و لەئێرانیش زۆر داوا دەکرێت، تەنانەت سەگی ئێرە بۆ وڵاتە عەرەبییەکان و ئەمەریکاش ڕۆیشتووە، ئێمە سەگ بە پارە نافرۆشین و حەزیش ناکەین کەس باسی ئەوەمان لەگەڵدا بکات”.
حاجی ساڵح باسی ئەو نرخانە دەکات کە داویانە بەسەگەکانی و دەڵێت “خۆم سەگم هەبووە هاتون یەک خانویان بەمن داوە من نەمفرۆشتوە، چونکە سەگ نافرۆشرێت، سەگم هەبووە کەسانێک ئامادەبوون چەندین دەفتەر دۆلاریان بەسەگەکەم ئەدا”.
قادر ئەحمەد یەکێکی ترە لەدانیشتوانی قەڵادزە کە سەروکاری لەگەڵا بەخێوکردنی سەگدا هەیە، ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر سەگی پشدەر بەباشی بەخێو بکرێت وەفایەکی لەرادەبەدەری بۆ خاوەنەکەی هەیەو دەڵێت “ئەم سەگە ئەوەندە ئازایە بەرامبەر هیچ سەگێکی ترو هیچ ئاژەڵێکی ڕت پشت لەعەرز نادات”.
قادر سەرەڕای ئەوەی وەک خۆی دەڵێت زۆر دژی بازرگانیکردنە بەسەگەوە، بەڵام ئەوە دەگێڕێتەوە کە سەگی پشدەر هەبووە یەک ئۆتۆمبێلی وەنەوشەیان لەبەرامبەردا داوە بەخاوەنەکەی کە نرخی نزیکەی (6) دەفتەر دۆلارە بەڵام نەیداوە.
قادر ئەوەش باس دەکات کە کەسانێک هەبوون بەهۆی بازرگانیکردن بەسەگی پشدەرەوە بوونەتە خاوەنی سامانێکی باش، لەم ڕووەوە ڕووداوێک دەگێڕێتەوەو دەڵێت “کەسێک لەئێرانەوە هاتبوو بۆ دووسەگی پشدەر کە ڕۆیشتبووەو دووسەگەی زاوزێی پێکردبوو، دواتر هەر یەک لەبەچکەی سەگەکانی بە یەک دەفتەر دۆلار فرۆشتبوو واتە بەسەگی پشدەر دەوڵەمەند بوو کاتێک ئێمە زانیمان ئەو کارەی کردوە ئێمە هیچ سەگی ترمان بەو کەسە نەدا”.
قادر باس لەوەش دەکات ئێستا کەسانێک هەن سەرەیان بۆ زاوزێی سێ ساڵی داهاتووی سەگی پشدەر گرتووە بۆ ئەوەی بەتوتکەیەکی باشیان دەست بکەوێت، سەبارەت بەو کەسانەش کە خواستیان لەبەخێوکردنی سەگی پشدەرە قادر دەڵێت “زۆرێک لە بەرپرسە باڵاکان و خەڵکی دەوڵەمەند بەدوای سەگی باشی پشدەر دەگەرێن، ئەمە جگە لەکەسانی دوژمندار یان خاوەن ئاژەڵەکان”.
سەگی هاوشار گوندنشینەکانی دەوروبەری قەڵادزەو ناوچەکانی تر بۆ پاسەوانیکردنی مەڕو ماڵات زۆر سوودی لێدەبینن و بەقسەی خاوەنەکانیان لەهێرشی گورگ دەیانپارێزێت.
محەمەد ڕەسوڵ کە خاوەنی ژمارەیەک مەڕ و ماڵاتە و دوو سەگی پشدەری هەیە، پاسەوانی لە پەزەکەی ئەکەن، بەم جۆرە باسی “کارامەیی” سەگی پشدەری کرد “من ئەو سەگە وەکو مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵ ئەکەم زۆر سەگی بەوەفان و ئازان من تاکو ئێستا کە شوانم و ئەو دوو سەگەشم لەگەڵە ئەوان پاسەوانێکی زۆر وریان ساڵانە خەڵکێکی زۆر بەهۆی هێرشی گورکەکانەوە مەڕیان ئەخورێت، بەڵام من تاکو ئێستا هیچ مەڕێکم نەخوراوە، چونکە هیچ گورکێک ناتوانێت نزیکی مەڕەکەم بکەوێتەوە”.
محەمەد درێژە بەقسەکانی دەدات و دەڵێت “کاتێک ئێمە ئەمساڵ ڕۆیشتین بۆ کوێستان خاوەن مەردارەکان کەم هەبوو مەڕِی لێ نەخورێت، بەڵام مەڕەکانی من بەهۆی ئەو سەگانەوە بەسەلامەتی دەرچوون، مەردارە ئێرانیەکان زۆر داوای سەگی منیان ئەکرد هەبوو کە ئامادەبوو 10 مەڕو بزن بەسەگێک بگۆرمەوە بەڵام من ئامادەنەبووم”.
پسپۆڕانی بواری ڤێتەرنەری ئاماژە بەوە دەکەن کە کاری ڕێکخراوەکانی ژینگە و ئاژەڵاپرێزی کوردستان ئەوەیە پارێزگاری لەو سەگانە بکەن و نەهێڵن ڕەچەڵەکە ڕاستەقینەکەی بفەوتێت، وەک چۆن حکومەت بەبەرپرسیار دەزانن بەرامبەر پاراستنی ئەو جۆرە سەگانە.
د. ئالان خالق پزیشکی ڤێتەرنەری ئاماژە بەوە دەکات سەگی هاوشار هەر وڵاتێکی تری دنیا خاوەنی بوایە ئێستا چەندین توێژینەوەی لەسەر کرابوو، بەداخیشە لەوەی لەهەرێمی کوردستان گوێ بەو سەگانە نادرێت.
ئالان بەشێکی هۆکاری فەرامۆشکردنی ئەو سەگانە دەگێڕێتەوە بۆ کەلتوری باوکی کۆمەڵگا کە پێیان وایە سەگ “گڵاوە” و نابێت دەستی لێوە بدرێت، لەم ڕووەوە دەڵێت “ئێستا ئەو کوتان و چارەسەرەی بۆ سەگ هەیە لەهەموو نەخۆشییەک دەیپارێزێت”.[1]